تایبەت بە رووداو؛ زانیاریی نوێ لەسەر مووچەی مانگەکانی 2025

13-02-2025
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران دەڵێت، لەلایەن بەغداوە دڵنیایی دراوەتە حکومەتی هەرێمی کوردستان کە سەرجەم مووچەکان بۆ ساڵی 2025 لە وادەی خۆیاندا دابەش دەکرێن، گوتیشی، لە بەرامبەردا هەندێک پابەندیش وەکو رادەستکردنی نەوت و داهاتی نانەوتی بۆ هەرێمی کوردستان دیاری کراوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 13-02-2025، د. ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کە وەکو ئەندامی شاندی هەرێمی کوردستان بەشدارە لە لووتکەی جیهانیی حکومەتەکان، قسەی بۆ سەنگەر عەبدولڕەحمان، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداوی بۆ دووبەی کرد و رایگەیاند، ''لووتکەکە سەکۆیەکە بۆ سوودوەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتان و بەتایبەتی وڵاتی ئیمارات.''
 
ئامانج رەحیم گوتی، ''لە هەرێمی کوردستان دەرفەت زۆرە بۆ چاکسازی و باشترکردنی بژێویی ژیانی خەڵک، خزمەتگوزارییەکان و بەرەوپێشبردنی ئەزموونی حکومەت.''
 
ئەمڕۆ کۆتا رۆژی لووتکەی حکومەتەکانی جیهانە لە دووبەی. شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و یاوەریی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای حکومی لە لووتکەکەدا بەشدارن و تاوەکو ئێستا کۆمەڵێک دیدار و کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتان هەبووە.
 
سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی دا، ''لە پانێڵ و کۆبوونەوەکان، لەسەر پرسی ئەمنی، چاکسازیی ئیداری، کەمکردنەوەی رۆتینات قسە کراوە، بۆیە پێموایە بەشداریکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لووتکەکەدا گرنگە.''
 
یەکێک لە کۆبوونەوە گرنگەکانی شاندی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری وزەی ئیمارات بوو؛ ئامانج رەحیم لەوبارەوە دەڵێت، ''لە کۆبوونەوەکەدا لەسەر سێکتەری کارەبای هەرێمی کوردستان قسەی باش کرا. ئەوان ئەزموونێکی سەرکەتوویان هەیە لە پرسی خزمەتگوزاریی گشتیدا و لەوبارەوە پێشکەوتوون.''
 
بە گوتەی سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، ئێستا پڕۆژەیەکی چاکسازی لە کەرتی کارەبا دەستیپێکردووە بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری لە هەرێمی کوردستان، ''لە کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری وزەی ئیمارات قسە کرا لەسەر ئەوەی کە چۆن سەقامگیرییەک دروست بکرێت لە وەبەرهێنان لە بواری کارەبادا.''
 
ئامانج رەحیم ئاماژەی بەوەش کرد، لە عێراق و هەرێمی کوردستان پشت بە داهاتی نەوت دەبەسترێت، ''بەڵام فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات بەتایبەتی لە بواری کارەبا و گرنگیدان بە داهاتی نانەوتی، زیاتر دەبێتە هۆی سەقامگیریی دۆخی دارایی.''
 
''دڵنیایی دراوە بە دابەشکردنی هەموو مووچەکانی ساڵی 2025''
 
رۆژی پێنجشەممە 30ـی کانوونی دووەم، شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی گەیشتە بەغدا و لە سێ رۆژدا لەسەر مووچە کۆبوونەوەی چڕی لەگەڵ لایەنە جیاجیاکانی وەزارەتی دارایی عێراق کرد.
 
دواتر ئاوات شێخ جەناب لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، ''توانیمان رێککەوتن لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بکەین لەسەر کێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. گەیشتینە دەرئەنجامێک کە بۆ ساڵی 2025، مووچەی مووچەخۆران بەبێ گرفت خەرج بکرێت".
 
ئامانج رەحیم لەوبارەوە ئاماژەی دا، ''ئامانجە ستراتیژییەکەی ئەو رێککەوتنە بریتی بوو لەوەی کە چۆن بتوانین بۆ 12 مانگی ساڵی 2025، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان گەرەنتی بکەین.''
 
سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران ئەوەشی خستەڕوو، ''ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە و ئەمە جیا دەکاتەوە لە رێککەوتنەکانی پێشوو، ئێمە توانیومانە تەرخانکراو دابنێین بۆ شایستە و مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تاوەکو 31ـی کانوونی یەکەمی ساڵی 2025.''
 
گوتیشی، ''بڕیار دراوە تاوەکو 31ـی کانوونی یەکەمی ئەم ساڵ، پارە بۆ مووچە تەرخان بکرێت، هەردوولا واژۆمان کردووە کە رێککەوتنەکە تەنیا بۆ مانگی یەک نەبێت، بەڵکو تەرخانکرانی پارە بۆ تەواوی ساڵی 2025 دەبێت.''
 
وەک ئامانج رەحیم دەڵێت، هەر دوای گەڕانەوەی شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، حکومەتی فیدراڵی پابەندیی خۆی جێبەجێ کردووە و بە یەک گوژمە 958 ملیار دیناری بۆ مووچەی مووچەخۆرانی مانگی کانوونی دووەم خستووەتە سەر هەژماری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ''بۆیە پێموایە ئەمە نیازپاکیی حکومەتی فیدراڵییە''.
 
سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران باسی لەوەشکرد، لە بەرامبەر ئەو ''نیازپاکی''ـیەی حکومەتی فیدراڵی، کۆمەڵێک پابەندیش بۆ هەرێمی کوردستان دانراوە، ''یەکێک لە پابەندییەکان پابەندیی تەکنیکییە، مەسەلەی ناردنی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە (میزان مراجعە) و لیستەکانی مووچە، هەروەها نەهێشتنی ناوی دووبارە و چارەسەرکردنی کێشەکانی سێکتەری خانەنشینیی سەربازییە''.
 
''هەرێمی کوردستان 50٪ـی داهاتی نانەوتی رادەست کردووە''
 
دوو پابەندیی دیکە کە بۆ هەرێمی کوردستان دانراون، رادەستکردنی داهاتی نەوتی و نانەوتییە. وەکو ئامانج رەحیم گوتی، ''لەگەڵ دوو یان سێ رۆژ دوای گەڕانەوەی شاندەکە، 50٪ـی داهاتی نێوخۆیی هەرێمی کوردستان بە فەرمی نێردرا بۆ بەغدا و ئەویش وەریگرت، وەرگرتنیش بە واتای ئەوەیە کە بەغدا بۆ ئەم قۆناخە رەزامەندە.''
 
بەگوتەی سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، ''بڕیارە ئەو بەشەی کە لە داهاتی نانەوتی دەمێنێتەوە، بۆ (بودجەی) وەبەرهێنان و بەکارهێنان خەرج بکرێت و لە تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەدا بە شەفافی بە بەغدا بگوترێت کە داهاتی نێوخۆی هەرێمی کوردستان چۆن و لە چی خەرج کراوە''.
 
ئامانج رەحیم جەختی لەوە کردەوە، ''ئەگەر هەرێمی کوردستان دەیەوێت گەرەنتیی مووچەی تەواوی ساڵی 2025 بکات کە لەکاتی خۆیدا بێت، پێویستە پابەندییە تەکنیکییەکان، رادەستکردنی داهاتی نانەوتی و نەوت لەبەرچاو بگرێت''.
 
''بۆ رادەستکردنی نەوت ئامادەکاریی باش کراوە''
 
پەرلەمانی عێراق، رۆژی یەکشەممە 2ـی شوباتی 2025 هەمواری یاسای بودجەی سێ ساڵەی 2023 و 2024 و 2025ی پەسندکرد، کە مادەی 12ی تایبەت بە دۆسیەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بوو.
 
هەموارەکە تایبەت بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانە، کە 16 دۆلاری وەکو تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى بەرمیلێک نەوت دیاریکردووە، تاوەکو ئەو کاتەى لایەنێکى نێودەوڵەتیی راوێژکاری، نرخێکى خەمڵێندراو دیاری دەکات، دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات.
 
ئامانج رەحیم دەڵێت: ''ئامادەکاریی باش کراوە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی کە ئەم نەوتە رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکرێت و سۆمۆش بە نرخێکی باش بیفرۆشێت.''
 
سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی رەزامەندیی کۆمپانیاکان بۆ دیاریکردنی 16 دۆلار وەکو تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێک نەوت گوتی، ''ئەمە قۆناخێکی راگوزەرە و دەکرێت دواتر لایەنێکی نێودەوڵەتی نرخێکی نوێ دیاری بکات.''
 
گوتیشی، ''ئەگەر لایەنە نێودەوڵەتییەکە هاتە سەر ئەو قەناعەتەی کە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێک نەوت زیاترە لە 16 دۆلار، پێویستە حکومەتی فیدراڵی و وەزارتی دارایی پارەی زیاتری بۆ تەرخان بکات، پێچەوانەشەوە ئەگەر دەرکەوت کەمترە، ئەوکات دەبێت لە داهاتوودا لە بەشی هەرێمی کوردستان ببڕدرێت.''
 
''مانگی شوبات مووچەی خانەنشینان بە هاوتاکراوی دابەشدەکرێت''
 
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان 10ـی شوباتی 2025 رایگەیاند، "دوای کۆبوونەوەی لیژنەی سەرەکیی هاوبەشی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بەهاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان لە شاری بەغدا، لیژنەکە لەسەر چۆنیەتی جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 9ـی ساڵی 2014ی خانەنشینی یەکگرتووی عێراق گەیشتنە رێکكەوتن."
 
سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران باسی لەوە کرد، ''ئێستا زۆربەی کێشەکان کە بەداخەوە لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2025 بۆ خانەنشینان دروست ببوو، چارەسەر کراون.''
 
بە گوتەی ئامانج رەحیم، بۆ مانگی شوبات مووچەی خانەنەشینانی هەرێمی کوردستان هاوتای خانەنشینانی عێراقی دەکرێت.
 
''هەفتەی داهاتوو وادەی نوێ بۆ کۆبوونەوەی شاندی باڵای پارتی و یەکێتی دیاری دەکرێت''
 
4ـی شوبات لیژنەی تەکنیکیی پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ دوایین کۆبوونەوەیان کرد و رایانگەیاند، "لێكگه‌يشتنى هاوبه‌ش و رێككه‌وتنى سه‌ره‌تايى له‌سه‌ر زۆربه‌ى ته‌وه‌ره‌كان هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌".
 
ئامانج رەحیم کە هاوکات ئەندامی شاندی باڵای دانوستاندنکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لیژنە تەکنیکییەکەیە گوتی، ''ئەو رەشنووسەی کە ئامادە کراوە، هەندێک شتی تێدایە کە هەردوو لا لەڕووی بنەما و نێوەرۆکەوە لەسەری هاوڕان، لە هەندێک بابەتیشدا هێشتا ناکۆکی هەیە لەنێوان یەکێتی و پارتی.''
 
وەک ئەو ئەندامەی شاندی دانوستاندنکاری یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکومەت دەڵێت، لەگەڵ گەڕانەوەیان لە دووبەی، هەفتەی داهاتوو وادەیەکی نوێ دادەنرێت، بۆ کۆبوونەوەی شاندە باڵاکانی هەردوولا.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لە دوایین کۆبوونەوەی لیژنەی تەکنیکیی پارتی و یەکێتی لە هەولێر، رەشنووس بۆ پێکهێنانی کابینەی 10 نووسرایەوە کە 9 تەوەر و 15 خاڵە؛ تەوەرەکانی رەشنووسەکە بریتین، لە بوارەکانی سیاسی، پەرلەمان، دارایی، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، وزە و پێشمەرگە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە