رووداو دیجیتاڵ
پارێزەرێک لە کۆبانی دەڵێت، هێشتا سوپای عەرەبیی سووریا لە شارەکە نەکشاوەتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، زیاتر لە 48 گوندی کوردنشین تاڵانکراون و ژمارەیەک خانوو دوای تاڵانکردنیان، سووتێنراون.
ئەمڕۆ هەینی 13-02-2026، مستەفا شێخ موسلیم، پارێزەر لە کۆبانی لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 13:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سیما ئابخزر پێشکێشیکرد، لەبارەی دۆخی شارەکە رایگەیاند، بەهۆی گەمارۆکانەوە تاوەکو ئێستا ئاستەنگییەکان بەردەوامن.
زیاتر لە سێ هەفتەیە سوپای عەرەبیی سووریا گەماڕۆی کۆبانێی داوە. بەگوتەی مستەفا شێخ موسلیم، دوو رۆژە لە سەرجەم خزمەتگوزارییەکان تەنیا کارەبا بۆ شارەکە گەڕاوەتەوە، بەڵام لە ئاستی پێویستدا نییە و هێشتا ژمارەیەک لە گەڕەکەکان کارەبایان پێنەگەیشتووە.
وەک ئەو پارێزەرە گوتی، بەگشتی ئێستا لە کۆبانی نزیکەی شەش بۆ حەوت کاژێر کارەبا هەیە، ''لەکاتێکدا رۆژانە پێویستیمان بە 60 بۆ 70 مێگاواتە، بەڵام ئەو کارەبایەی رۆژانە دەگات، نزیکەی 20 مێگاواتە.''
سەرەڕای کارەبا، 25 رۆژە ئاو، ئینتەرنێت و سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی دیکەش لەسەر کۆبانی بڕاون. مستەفا شێخ موسلیم ئاماژەی بەوە کرد، خەڵک ناچارە ئاوی بیر بەکاربهێنێت کە ناتەندروستە و ''بەوهۆیەوە نەخۆشی لەنێو ئاوارەکاندا بڵاوبووەتەوە کە لە 70 شوێنی وەک مزگەوت و قوتابخانە جێگیر کراون. تەنانەت دوو رۆژ لەمەوپێش منداڵێکیش گیانی لەدەستدا.''
بەهۆی هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا، دانیشتووانی گوندەواری دەوروبەری کۆبانی بەرەو شارەکە ئاوارە بوون. ئەو پارێزەرە گوتی، نزیکەی 48 گوندی کوردنشین دوای چۆڵکردنیان تاڵان کراون.
مەستەفا شێخ موسلیم دەڵێت، سەرەڕای رێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات هەسەدە و دیمەشق، تاوەکو ئێستا سوپای عەرەبیی سووریا لە کۆبانی نەکشاونەتەوە و ''زۆربەی گوندەکان بە تەواوی تاڵان کراون، هەروەها ئەوانەی کاروباری سیاسییان کردووە یان سەر بە هەسەدە بوون، ماڵەکانیان سووتێنراون.''
سەبارەت بە ئەگەری گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر ماڵی خۆیان، ئەو پارێزەرە گوتی: ''خەڵک دەتوانن بگەڕێنەوە، بەڵام کەس نەگەڕاوەتەوە، چونکە تەنیا یەک رێگەیان دیاریکراوە و خەڵکیش ترسی رفاندن و کوشتنیان لە سوپا هەیە، لەبەر ئەوەی شەرڤانان لەو رێڕۆیە دوورن.''
سەرەڕای ئەوەی رێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق 29ـی کانوونی دووەمی 2026 واژۆ کرا و شەڕ راگیرا، بەڵام هێشتا گەمارۆی سوپای عەرەبیی سووریا لەسەر کۆبانی هەڵنەگیراوە و سەرجەم خزمەتگوزارییەکانیش لەسەر شارەکە بڕاون.
هاونیشتمانییان لە کۆبانی داوای کردنەوەی رێڕۆی مرۆیی و گەیاندنی هاوکاریی خێرا بە شارەکە دەکەن.
دیمەشق رایگەیاندووە گەمارۆ لەسەر کۆبانێ نەماوە، بەڵام ئەم پارێزەرە دەڵێت: ئەگەر گەمارۆ نییە بۆ ناتوانین هاتووچۆی ئاسایی بکەین؟ pic.twitter.com/XRqHEYLLiJ
— Rudaw (@Rudawkurdish) February 13, 2026
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ