رووداو دیجیتاڵ
پاش دوو رۆژ لە بێسەروشێنبوونی، تەرمی کۆڵبەرێک لە ناوچە شاخاوییەکانی پیرانشاری سەر بە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان دۆزرایەوە، کە ئاسەواری گولـلە بە جەستەیەوە دیارە.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئەمڕۆ چوارشەممە، تەرمی کۆڵبەرێک بە ناوی محەممەد گەنجە لە ناوچە شاخاوییەکانی پیرانشار، لەکاتێکدا لە ژێر بەفر بووە، دۆزراوەتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، گوللە بەر شانی راستی کەوتووە و دەگوترێت دوای ''بریندارکردن و کوژران''، تەرمەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە لە ژێر بەفردا شاردراوەتەوە.
رووداوەکە لە سنووری ''پەتکێ''ـی نێوان پیرانشار و ناحیەی حاجی ئۆمەرانی سەر بە قەزای سۆران روویداوە و تەرمی کۆڵبەرەکە دوای گەڕانێکی زۆر، لەلایەن هاونیشتمانییانەوە دۆزراوەتەوە.
محەممەد گەنجە خێزاندار بووە و باوکی منداڵێک بووە، کە رۆژی دووشەممە 11ـی ئادار دوای رۆیشتنی بۆ سنووری پەتکێ بە مەبەستی کۆڵبەری، بێسەروشوێن بووە و دوای 48 کاژێر، تەرمەکەی دۆزراوەتەوە.
بەپێی ئامارێک ساڵی رابردوو، لانیکەم 37 کۆڵبەری خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان گیانیان لەدەستداوە یان کوژراون و 320 کەسی دیکەش بە هۆکاری جیاواز بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ