رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا دەڵێت، کۆنسوڵخانەی وڵاتەکەی لە هەولێر و باڵیۆزخانەکەیان لە تاران وەکو رێکارێکی خۆپارێزی، رۆژی یەکشەممە دادەخرێن.
یاکۆ بیریندس، کۆنسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەولێر بە رووداوی گوت، "ئێمە لە رۆژی یەکشەممەی داهاتوودا هەندێک نوێنەرایەتی دیپلۆماسیمان لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ کاروباری گشتی داخستووە، تەنها وەکو رێکارێکی خۆپارێزی. ئەمەش بەهۆی گرژییەکانی ناوچەکەوەیە و تەنها لەبەر هۆکاری خۆپارێزییە و، ئاماژەش بەوە ناکات کە هەولێر سەلامەت نییە."
هەر لەبارەی هۆکاری داخرانیان وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا ئاماژەی بەوە کرد، "وەزارەتی کاروباری دەرەوە ئەم بڕیارەی بەهۆی زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل داوە."
لەبارەی ئەگەری دووبارە کردنەوەی دوو دامەزراوە دیپلۆماسییەکە، لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "وەزارەتی دەرەوە رۆژی یەکشەممە بڕیار لەسەر کردنەوە یان داخستنی کۆنسوڵخانە و باڵیۆزخانەکە بۆ رۆژی دووشەممە دەدات."
رۆژی 01-04-2024 کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق کرایە ئامانج و حەوت کەس کە دووانیان فەرماندە و ئەوانی دیکەش راوێژکاری سەربازیی ئێران بوون، کوژران.
ئێران تۆمەتەکەی خستەپاڵ ئیسرائیل، بەڵام تا ئێستا ئیسرائیل بەرپرسیارێتی هێرشەکەی نەخستووەتە ئەستۆی خۆی و رەتیشی نەکردووەتەوە.
رۆژی 10-04-2024، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وتاری جەژندا لە تاران رایگەیاند، "نەفرەتی خودا لەسەر رژێمی زایۆنی. ئەوان هێرشیان کردە سەر کۆنسوڵخانەی ئێمە وەک ئەوە وایە هێرشیان کردبێتە سەر خاکی ئێمە، لەم بابەتە هەڵەیان کرد. رژێمە پیسەکە دەبێت تەمبێ بکرێت و تەمبێش دەکرێت."
رۆژی هەینی 12-04-2024 جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "پێشبینی دەکەم ئێران زوو هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، نەوەک درەنگ."
ئێران سوورە لەسەر وەڵامدانەوەی ئیسرائیل. سەرچاوەیەک کە ئاگاداری بابەتەکەیە رایگەیاند، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی پێنجشەممە 11-04-2024 بە ئەنالینا بێربۆک، هاوتا ئەڵمانییەکەی گوتووە، "ئێران بڕیاری داوە وەڵامی بۆردوومانی ئیسرائیل بداتەوە کە هەفتەی پێشوو کردیە سەر کۆنسوڵخانەکە لە دیمەشق."
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتوویەتی، "هێرشەکە بە شێوەیەکی گونجاو و سنووردار دەبێت."
بەگوێرەی میدیای ئەمریکی، کە پشتی بە قسەی راوێژکارێکی سوپای پاسداران بەستووە، سوپای پاسداران ژمارەیەک بژارەی بۆ هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل داوەتە عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران. یەکێک لەوانە، هێرشی راستەوخۆیە بۆ سەر ئیسرائیل لە رێگەی مووشەکی پێشکەوتووی مەودا مامناوەندەوە.
ئیسرائیل هۆشداریی داوەتە تاران و رایگەیاندووە، هەر هێرشێک کاردانەوەی تووندی بەدواوە دەبێت.
رۆژی پێنجشەممە 11ی نیسانی 2024 بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی، "هەرکەسێک زیانمان پێ بگەیێنێت، زیانی پێدەگەیێنین."
یوئاڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیلیش رایگەیاند، "هەر هێرشێکی راستەوخۆی ئێران بۆ ناوچەکانی ئیسرائیل، وەڵامی ئیسرائیلی دژ بە ئێران بەدوادا دێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ