فێرارییەکەی عودەیی کوڕی سەدام حوسێن لە هەولێرە

13-05-2020
هادی سەلیمی
هادی سەلیمی @hadiselimi
فێرارییەکەی عودەیی کوڕی سەدام حوسێن
فێرارییەکەی عودەیی کوڕی سەدام حوسێن
نیشانەکردن فێراری عودەی سەدام حوسێن
A+ A-
 
رووداو - هەولێر

فێرارییەکەی عودەی کوڕی سەدام حوسێن، دوای 17 ساڵ لە کوژرانی، لە کوردستان دەردەکەوێتەوە. لە بەدواداچوونێکی رووداودا دەرکەوت لەنێوان ساڵانی 2004 بۆ 2005 هێنراوەتە هەولێر، سەرەداوی ئەو وێنە دەگمەنانەی کە لێی گیراوە، بەنزینخانەیەکی هەولێرە.
 
بە گوتەی خاوەن بەنزینخانەکە، ئەو ئۆتۆمبێلە کە خاوەنی نەناسراو بووە، کاتی و بە ئامانجی شوشتن براوەتە ئەوێ و ساڵانی 2015 و 2016 لەو بەنزینخانەیە تۆزی لێ نیشتووە، زیاتر لە چوار ساڵە لەوێ لابراوە.
 
کاروان جەعفەر، خاوەن بەنزینخانە دەڵێ "ئەو ئۆتۆمبێلە هی برادەرێکی وایەرمەن بوو لە ناوچەی پیشەسازی، هێنای بۆ ئێرە گوایە دواتر بۆ خاوەنەکەی چاکبکاتەوە و ئێمەش بۆی غەسل بکەین و بیباتەوە. ئەوەبوو نزیکەی ساڵێک بوو، کەمتر یان زیاتر، نازانم، لێرەی راگرت. دواجار بردیەوە، هەر ئەوەندەمان زانیاری هەیە".
 
فێرارییەکی ئێف 40، مۆدێل 1989. ئەم مۆدێلە لە فێراری لەنێوان ساڵەکان 1987 بۆ 1992 تەنیا هەزار و 130 دانەی لێ دروستکراوە. نرخی ئەوکاتی 400 هەزار دۆلار بووە، نرخی ئێستایشی نزیکەی 800 هەزار دۆلارە، عودەی نزیکەی 1000 ئۆتۆمبێلی هەبووە کە تاوەکو ئێستاش زۆربەیان نادیارن. رەغدی کچی سەدام لە توویتێکدا کە وێنەی فێرارییەکەی داناوە، داوای گەڕاندنەوەی سامانیان دەکات.
 
ئەو وەستایەی فێرارییەکەیان بۆ چاککردنەوە بردووەتە لای، دوایین سەرەداو بوو، بەڵام خۆی لە ئێستا و رابردووی ئۆتۆمبێلەکە بێبەری کرد؛ بۆ سەرەداوی زیاتر رووداو چووە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر.
 
فازڵ حاجی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر دەڵێ "ئەو ئۆتۆمبێلە فێرارییەی کە باس دەکرێت، هی کوڕی دیکتاتۆری پێشووی عێراق بووە، لە هەولێر دڵنیام کە تۆمارنەکراوە، بڕواناکەم لە هەرێمیش تۆمارکرابێت، چونکە ئەوانەی کە لە عێراق تۆماردەکرێن لە هەرێم تۆمارناکرێنەوە. سەبارەت بە بوونیشی لە کوردستان شتێکی ئاساییە وەکو ئەوەی کە پێی دەگوترێت علوج رەنگبێ بێ تابلۆ بشسووڕێتەوە، یان لە شوێنێک دانرابێت، بەڵام وەکو تۆمارکردن تۆمارنەکراوە".
 
لە دوایین وێنە و ڤیدیۆکاندا فێرارییەکە لە کۆنی و پیسی دەرهاتووە و چاککراوەتەوە، لە نوێترین ڤیدیۆشی کە بڵاوبووەتەوە، بەبێ ژمارە لە شەقامی بازنەیی 120 مەتریی هەولێر دەردەکەوێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاڵای بزووتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتە لە سلێمانی.

ئەمڕۆ دوایین رۆژ بوو بۆ کۆنفرانسی گۆڕان؛ کەی دەیکەن؟

هەرچەندە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەمڕۆی وەکو دواکات بۆ بزووتنەوەی گۆڕان دیاریکردبوو کۆنفرانسی گشتیی بکات، بەڵام بزووتنەوەکە کۆنفرانس ناکات. بەرپرسێکیان دەڵێت: "سەرەتای ساڵی نوێ کۆنفرانسی یەکلاکەرەوە دەکرێ".