رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەینی لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و شەممەش لە هەولێر و دهۆکەوە گەشتی هاونیشتمانییان بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج بۆ سعودیە دەستپێدەکات. دەشڵێت، شوێنی حەوانە و خواردن بۆ زیارەتکارانی حەج لە رێگە دابینکراوە.
کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەموو ئامادەکارییەکان تەواوکراون و هەینی لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕینەوە کاروانی حاجییان بە رێگەی وشکانی بەڕێدەکەون".
ستوونی گوتیشی، شەممەی داهاتوو لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک، هەروەها ئیدارەکانی سۆران و زاخۆوە گەشتی وشکانی بەرەو سعودیە دەستپێدەکات.
ئەوانەی بە رێگەی وشکانی بۆ رێوڕەسمەکانی حەج دەچنە سعودیە، ئەمساڵ ژمارەیان هەزار و 646 هاونیشتمانییە.
لەبارەی گەشتی ئاسمانیشەوە کاروان ستوونی گوتی: "دووشەممە 16ـی ئەم مانگە لە هەردوو فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانییەوە گەشتی چوون بۆ حەج دەستپێدەکات".
ئەوانەشی ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستانەوە لە رێگەی ئاسمانییەوە بۆ رێوڕەسمەکانی حەج دەچنە سعودیە، ژمارەیان سێ هەزار و 490 کەسە.
بڕیاربوو بانکی ناوەندیی عێراق بۆ هەر کەسێک کە دەچێت بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج دوو هەزار دۆلار بەنرخی فەرمی و بۆ هەر 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار دابینبکات، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ نەدراوە.
کاروان ستوونی گوتی: "بانکی جیهان نووسراویان بۆ بانکی ناوەندی کردووە و ئەوانیش وەڵامیان داونەتەوە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ پارەکە دابیننەکراوە ئێمە هۆکارەکەی نازانین. بۆ ئەوانەی بە رێگەی وشکانیی دەچنە سعودیە کات ماوە، بەڵام کاتەکە کەمە، لەگەڵ ئەوەشدا لە ئەمڕۆوە تاوەکو پێنجشەممەش ئاگادار بکرێینەوە زیارەتکاران دەتوانن بچن وەریبگرن".
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە ئاماژەی بەوەشکرد، دوو لیژنەی بەڕێوەبەرایەتییەکان لە شاری مەککەن بۆ پێشوازی لە زیارەتکاران و لیژنەیەکیشیان بۆ هەمان مەبەست لە شاری مەدینەوە پێشوازی لە هاونیشتمانییانی زیارەتکار دەکەن.
کاروان ستوونی گوتی، هەموو ئامادەکارییەکان تەواو کراون، بۆ ئەوانەی لە رێگەی وشکانی دەچنە سعودیە خواردن و شوێنی حەوانەیان لە رێگە بۆ دابینکراوە. بۆ تەواوی زیارەتکارانیش لە سعودیە هۆتێل ئامادەکراوە و رێوشوێنەکان تەواو کراون.
پشکی هەرێمی کوردستان بۆ حەجی ئەم ساڵ بەراورد بە پار زیاد کراوە. ساڵی رابردوو چوار هەزار و 174 کەس ناویان دەرچووبوو، بەڵام بۆ حەجی ئەم ساڵ کە لە 25-09-2024 تیروپشکی بۆ کرا، پێنج هەزار و 120 کەس ناویان دەرچوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ