کوردستان
کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ باڵیۆزی نوێی پاپای ڤاتیکان لە عێراق
رووداو دیجیتاڵ
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی پاپای ڤاتیکان لە عێراق کرد؛ باڵیۆزەکەش پەیامی قەداسەتی پاپای گەیاند و گوتی، "کوردستان لە دڵی پاپادایە و نزای خێر و ئاشتی بۆ دەکات."
رۆژی چوارشەممە، 13-05-2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە میرۆسلاڤ ڤاچۆڤسکی، باڵیۆزی نوێی پاپای ڤاتیکان لە عێراق کرد. لە دیدارەکەدا سەرۆکی حکومەت پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لێکرد و هەموو پشتیوانییەکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ سەرخستنی ئەرکەکانی دووپاتکردەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی حکومەت، میرۆسلاڤ ڤاچۆڤسکی بەناوی قەداسەتی پاپاوە، سوپاس و پێزانینی ئاراستەی مەسرور بارزانی کردووە "بۆ پشتیوانیکردن و پاراستنی مافەکانی کریستییان و گشت پێکهاتەکان و پەرەپێدانی کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە لە هەرێمی کوردستان."
باڵیۆزی نوێی ڤاتیکان ئاماژەی بە پێگەی هەرێمی کوردستان لای ڤاتیکان دا و رایگەیاند، کوردستان لە دڵی قەداسەتی پاپادایە و هەمیشە نزای پێشکەوتن و ئاشتی بۆ خەڵکی کوردستان دەکات.

دەقی راگەیێندراوی حکومەت:
ئەمرۆ چوارشەممە 5/13، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە میرۆسلاڤ ڤاچۆڤسکی، باڵیۆزی نوێی پاپای ڤاتیکان لە عێراق کرد.
سەرۆکی حکومەت، وێڕای پیرۆزبایی بە بۆنەی دەستبەکاربوونی، هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و هەموو پشتیوانییەکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ سەرخستنی ئەرکەکەی دووپات کردەوە.
باڵیۆزی پاپای ڤاتیکان، بە ناوی قەداسەتی پاپاوە، سوپاس و پێزانینی بۆ سەرۆکی حکومەت دەربڕی بۆ پشتیوانیکردن و پاراستنی مافەکانی کریستییان و گشت پێکهاتەکان و پەرەپێدانی کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە لە هەرێمی کوردستان.
باڵیۆزی ڤاتیکان ئاماژەشی بەوە دا کە کوردستان لە دڵی قەداسەتی پاپادایە و نزای پێشکەوتن و خێر و ئاشتی بۆ دەکات.
چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حكومەتی فیدراڵ، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ