رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی دوێنێ (کۆڕبەندی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و ئازادی) بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتییە سیاسییەکان، شاندە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی رێکخراوە مەدەنییەکان دەستی پێکرد.
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی لە گوتاری دەستپێکدا رایگەیاند "دیاربەکر ویژدان و ئاوێنەی تورکیایە"؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە بنەمای "ئاشتی لە نێوخۆ و ئاشتی لە جیهان" تەنیا بۆ دەرەوە نییە، بەڵکو دەبێت لە نێوخۆی وڵاتیشدا لە رێگەی سەروەریی یاسا و نەهێشتنی نادادیپەروەرییەوە جێبەجێ بکرێ. باکرهان گوتیشی: "مەترسیی راستەقینە نکۆڵیکردنە لە مافەکان، نەک داواکردنی مافی گەلان."
سێرا بوجاک، هاوسەرۆکی گەورە شارەوانیی ئامەدیش باسی لەوە کرد کە ئەوان وەک شارەوانی بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان بۆ بونیادنانی ئاشتی؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە بەشێکی گرنگی پرۆسەی چارەسەری بەستراوەتەوە بەو بەرپرسانەی کە لە ئەنجامی دانانی قەییوم دروست کراون.
لە کۆڕبەندەکەدا پەیامی سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە و سەلجووق مزراکڵی، هاوسەرۆکی پێشووی گەورە شارەوانیی ئامەد کە لە زیندانی ئەدیرنەوە ناردبوویان خوێندرایەوە، تێیدا هیوای سەرکەوتنیان بۆ کۆڕبەندەکە خواست بۆ دۆزینەوەی رێگەیەک بەرەو "ئاشتییەکی شکۆمەندانە".
هەروەها عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە گوتەیەکدا لە کۆربەندەکە باسی لەوە کرد کە سەرەڕای قوربانییە زۆرەکان، نابێت ئۆمێد بە ئاشتی لەدەست بدرێ.
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە پەیامێکدا کە بۆ کۆڕبەندەکەی ناردبوو، باسی لەوە کرد کە لە تورکیادا "تورک پێویستی بە کورد و کوردیش پێویستی بە تورکە" و داوای لە دەسەڵاتی سیاسی کرد بەرپرسیاریەتی لەئەستۆ بگرێ بۆ ئەوەی بێدەنگبوونی چەکەکان ببێتە ئاشتییەکی هەمیشەیی.
فەتی یڵدز، جێگری سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) پەیامی پارتەکەی بۆ کۆربەندەکە ناردبوو. لە پەیامەکەدا یڵدز ئاماژەی بەوە کرد کە راپۆرتی "کۆمیسیۆنی ئاشتی" دەبێتە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ هەنگاوەکانی داهاتوو، چونکە ئاشتی تەنیا بە رێکاری ئەمنی بەدی نایەت، بەڵکو پێویستی بە دیموکراسی و یەکسانییە.
کۆڕبەندی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و ئازادی، کە لەلایەن گەورە شارەوانی ئامەد رێکخراوە، لە 12ی ئایاری 2026 دەستی بەکارەکان کرد. ئەم کۆڕبەندە کە 5 رۆژ دەخایەنێت، باس لە پرسەکانی دیموکراسی، ئاشتی، مافەکانی ژنان و منداڵان و رۆڵی شارەوانییەکان لە پرۆسەی چارەسەری دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ