رووداو دیجیتاڵ
سەرۆكایەتیی دادگەی تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی روونکردنەوەیەکی لەبارەی رووداوەکەی ئەمڕۆی دادگەی سلێمانی بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە، کەسوکاری تاریقی بەقاڵ "سوكایەتی و جنێو و تەشهیریان بە دادوەران و داواكاری گشتی و پۆلیس و پاسەوانەكان كردووە و پەلاماریان داون"، ئاماژەی بەوەش کردووە کە "بە ڤیدیۆ كۆی رووداوەكان بەردەستە."
لە روونكردنەوەکەی سەرۆکایەتیی دادگەی تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانیدا هاتووە، "جێگەی داخ و نیگەرانییە كە دوای ئەوەی ئەمڕۆ لەناو دادگەی سلێمانی حاڵەتێكی نەخوازراو روویدا و گرتە ڤیدیۆیەكی كورت لە دەزگاكانی راگەیاندن و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراوەتەوە، كە چەندین تۆمەت و چەواشەكاری و ناڕاستیی تێوەئاڵێندراوە."
هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، "بۆ هەموولایەكی رووندەكەینەوە كە دۆسیەی كوشتنی تاریقی بەقاڵ لە دادگە كۆتایی هاتووە و بكوژەكانی حوكمدراون بە لەسێدارەدان و سزاكەشیان لەلایەن دادگەی پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان پەسند كراوە و دۆسیەكەیان رەوانەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان كراوە و، جێبەجێكردنی سزاكە پەیوەندیی بە دادگەوە نییە و لە تایبەتمەندیی دەسەڵاتی جێبەجێكردنە."
دانیشتنەکەی رۆژی دووشەممە 13ی حوزەیرانی 2022 لە دادگەی سلێمانی، بەپێی روونکردنەوەکە، "پەیوەندیی بە بكوژەكانەوە نەبووە، بەڵكو دادگایی كەسێك كراوە كە دوای دزینی، ئۆتۆمبێلەكەی تاوانلێكراوی كڕیوەتەوە و بە تۆمەتی (حیازة اموال مسروقة) دادگایی دەكرێت و دادگاییش لەو دۆسیەیە بەردەوامە."
هەر ئەمڕۆ دادگایی چەندین تاوانكار و تۆمەتبار لە دادگەكانی سلێمانی بەڕێوەچووە، سەرۆكایەتیی دادگەی تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی ئاماژەی بەوە کردووە، "كەسوكاری تاوانلێكراوان بەوپەڕی رێز و شكۆوە لە دادگە و دادوەر و دەسەڵاتی دادوەرییان روانیوە و پرۆسەكە بە شێوەیەكی یاسایی رێكوپێك بەڕێوەچووە."
لە درێژەی روونکردنەوەکەدا هاتووە، "بە پێچەوانەی كەسوكاری تاوانلێكراوی ناوبراو [تاریقی بەقاڵ] كە هەمیشە و لە هەموو دانیشتنێكی دادگەدا پشێوییان ناوەتەوە و سوكایەتی و تەشهیر و بێڕێزیی زۆریان بە دادوەران و داواكاری گشتی و پۆلیس و هەموو لایەك كردووە، بەڵام رەچاوی دڵگەرمییان و حاڵەتەكەیان كراوە و چاوپۆشییان لێكراوە، ئەمڕۆش سەرەڕای ئەوەی وەكو هەموو جارێك سوكایەتی و جنێو و تەشهیریان بە دادوەران و داواكاری گشتی و پۆلیس و پاسەوانەكان كردووە و پەلاماریان داون، بەو کەرەستانەش لەبەردەستیان بووە ئازاری پۆلیس و پاسەوان و تەنانەت پارێزەریشیان داوە، كە بە ڤیدیۆ كۆی رووداوەكان بەردەستە و حەڵەتەكەی ئەمڕۆش كاردانەوەی ئەو رەفتارانەی ئەوان بووە."
سەبارەت بە دەستگیرکردنیشیان، ئەوە خراوەتەڕوو، "لەسەر سكاڵای پۆلیسەكان و بەپێی ماددەی (230)ی یاسای سزادان هەواڵەی دادگەی لێكۆڵینەوە كراون و پاشان بە كەفالەت ئازاد كراون تاوەکو رۆژی دادگایی."
لەبارەی ئەو لێدانەش كە لە تۆمارە ڤیدیۆییەكەدا دەركەوتووە، سەرۆكایەتیی دادگەی تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی ئاماژەی بەوە کردووە، "رەفتارێكی کەسییە و ئەو كەسە خۆی بەرپرسیارێتیی هەڵدەگرێت و سەرۆكایەتیی دادگەی تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی پەسندی ناكات و بە نەخوازراوی دەزانێت؛ ئەو كەسەی ئازار دراوە دەتوانێت سكاڵا تۆمار بكات و دادگە ئیجرائاتی یاسایی پێویست دەگرێتەبەر، بەڵام ناكرێت حاڵەتەكە بگشتێندرێت بەسەر هەموو پۆلیس و پاسەوانەكانی دادگەدا كە ئەركیان پاراستنی هێمنی و ئاسایشی هاووڵاتییان و شكۆی دادگەیە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ