رووداو دیجیتاڵ
سەرپەرشتیاری دەروازەی زێت رایگەیاند، لە دیوی تورکیا کار لە رێگەی دەروازەکەدا دەکات، بۆیە ئەمڕۆ هاتووچۆی گەشتیاری و بازرگانیی تێدا دەوەستێت.
رۆژی پێنجشەممە، 25ـی کانوونی یەکەمی 2025، جەواد سوار حەمەد، سەرپەرشتیاری دەروازەی زێت لە سنووری قەزای مێرگەسۆر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ''ئەمڕۆ بە تەواوی هاتووچۆ لە دەروازەی زێت دەوەستێت، چونکە ماوەیەکە لە دیوی تورکیاوە خەریکی دروستکردنی رێگەن؛ بەهۆی خراپیی رێگەکەوە هەندێک رۆژ پێویست دەکات ئەو شاخانەی دەکەونە سەر رێگەکە بیانتەقێننەوە؛ بۆیە ئەو رۆژانە بۆ سەلامەتیی هاووڵاتییان و گەشتیاران هاتووچۆ دەوەستێت.''
بە گوتەی جەواد سوار حەمەد، نەک تەنیا هاتووچۆی گەشتیاری، بەڵکو هاتووچۆی بازرگانیش دەوەستێت.
وەک سەرپەرشتیاری دەروازەکە باسی کرد: ''ئەو رێگەیەی ئێستا کاری تێدا دەکرێت، بۆ هاتووچۆ زۆر خراپ بوو؛ تەنانەت گەشتیاران بە ئۆتۆمبێلەکانی خۆیان بە ئەستەم دەیانتوانی هاتووچۆی پێدا بکەن؛ بە تەواوبوونی رێگەکە، هاتووچۆی گەشتیاری و بازرگانی زۆر باش دەبێت و دەچێتە قۆناخێکی دیکەوە.''
سەبارەت بە ئاساییبوونەوەی هاتووچۆ لە دەروازەکە، سەرپەرشتیاری دەروازەی زێت گوتی: ''سبەی هەینی هاتووچۆ ئاسایی دەبێتەوە.''
10-05-2023، دەروازەی سنووریی زێت کە دەکەوێتە سنووری قەزای مێرگەسۆر لە پارێزگای هەولێر لەگەڵ پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستان، لەنێوان هەرێمی کوردستان و تورکیادا کرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ