رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر پلانی ئەمنیی تایبەت بە پشووەکانی سەری ساڵی ئامادە کردووە. گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگاکە دەڵێت، "تەقەکردن و بەکارهێنانی یارییە ئاگرینەکان بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە."
رۆژی پێنجشەممە، 25ـی کانوونی یەکەمی 2025، موقەدەم کیفاح حەسەن، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بۆ پاراستنی ئارامی و ئەمنییەتی شارەکە لە شەوانی سەری ساڵدا، لیژنەیەکی هاوبەش لە پۆلیس، ئاسایش و هاتووچۆی هەولێر پێکهێنراوە و دەڵێت: "هەر کەسێک گێرەشێوێنی و ئاژاوە دروست بکات، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر".
سەبارەت بە وردەکاریی پلانەکە، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان پلانێکی تۆکمەیان بۆ رۆژانی پشووی سەری ساڵ داڕشتووە. گوتیشی: "تیمەکانمان لە ناوشاردا لە ئامادەباشیی تەواودا دەبن و رێگری لە هەر دۆخێکی نایاسایی و نائاسایی دەکەن؛ لەو چوارچێوەیەدا بەکارهێنانی یارییە ئاگرینەکان بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە، تەنیا ئەوەنە نەبێت کە لەلایەن لایەنی فەرمی ئامادە کراوە و بەکاردەهێندرێت".
موقەدەم کیفاح حەسەن باسی لەوەش کرد، کە مەفرەزە گەڕۆکەکان لەناو کۆڵان و گەڕەکەکاندا بە بەردەوامی دەگەڕێن، هەروەها هێزە هاوبەشەکان لەو شوێنانەی ئاهەنگیان تێدا ساز دەکرێت، جێگیر دەکرێن بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان.
لە 25ـی کانوونی یەکەمەوە پشووەکانی سەری ساڵ دەستپێکردووە و 10 رۆژ پێش سەری ساڵ ئاهەنگ لە پارێزگای هەولێر دەستی پێکردووە؛ پلانە ئەمنییەکەی پۆلیسی هەولێر چەند رۆژێک پێش ئێستا چۆتە بواری جێبەجێکردنەوە و بڕیارە تاوەکو کۆتایی پشووەکانی سەری ساڵ بەردەوام بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ