رووداو دیجیتاڵ
لە پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە سلێمانی، کرێکارێک لە نهۆمی 40ـی باڵەخانەیەک کەوتە خوارەوە و گیانی لەدەستدا؛ سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی بیناسازیی پارێزگاکە دەڵێت، خاوەن پڕۆژەکە رێرگری لێ کردوون سەردانی شوێنی رووداوەکە بکەن.
دوانیوەڕۆی رۆژی شەممە، 13-07-2024، کرێکارێک بە ناوی گۆران ئەکرەم، خەڵکی قەزای شارباژێڕ، لە کاتی کارکردندا لە پڕۆژەی نیشتەجێبوونی پارک 77ـی سلێمانی کە دەکەوێتە پشت بینای پارێزگا، کەوتە خوارەوە و دەستبەجێ گیانی لەدەستدا.
عوسمان زێدانی، سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی بیناسازیی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا وردەکاریی رووداوەکەی خستەڕوو و رایگەیاند، کرێکارەکە تەمەنی 37 ساڵە و لە نهۆمی 40ـی پڕۆژەکەوە کەوتووەتەوە خوارەوە.
تاوەکو ئێستا هۆکاری کەوتنەخوارەوەی ئەو کرێکارە نازانرێت؛ عوسمان زێدانی گوتی، بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە سەردانی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی پارک 77ـیان کردووە، بەڵام سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە رێگەی نەداون بچنە ژوورەوە.
سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی بیناسازیی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد: ''ئەگەر سەرپەرشتیارەکە دڵنیا بوایە لەوەی کە رێکارەکانی پاراستنی کرێکار لە پڕۆژەکەدا لەبەرچاوگیراوە، رێگری لە چوونە ژوورەوەی ئێمە نەدەکرد.''
عوسمان زێدان داوا لە داواکاری گشتی و وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەکات، بۆ ئەم بابەتە بێنە سەر هێڵ و ''هەر ئەمڕۆ بۆ سەرپەرشتیکردنی لێکۆڵینەوە لە سەلامەتیی پیشەیی پڕۆژەکە، لیژنەیەک پێکبهێنرێت.''
گۆران ئەکرەم، خێزاندار و باوکی دوو منداڵی تەمەن سێ ساڵ و نۆ ساڵە و تەرمەکەی گەیێندراوەتە دادپزیشکیی شاری سلێمانی.
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی رووداو، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو 30-06-2024، لانیکەم 18 کرێکار لە هەرێمی کوردستان لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ