سوپای پاسداران: پەرە بە توانا مووشەکییەکانمان دەدەین

13-07-2025
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
فەرماندەی قەرارگای ئەلیکترۆنی و هەڕەشە نوێیەکانی سەر بە قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیای سوپای پاسداران رایگەیاند، "پەرە بە توانا مووشەکییەکانمان دەدەین و ئەمەش پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە."
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 13ی تەمموزی 2025، مستەفا ئیزەدی، باسی جەنگی 12 رۆژەی لەگەڵ ئیسرائیل کرد، کە لە 13 تاوەکو 25ی حوزەیران بوو، تێیدا هێرش کرایە سەر بنکە ئەتۆمی و پێگە سەربازییەکانی ئێران و، تاران بە مووشەکی بالیستی و درۆنی بۆمبڕێژکراو وەڵامی دایەوە.
 
مستەفا ئیزەدی رایگەیاند، توانای مووشەکی خاڵی بەهێزی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە لە بەرامبەر دوژمنەکانی و پەرە بەو توانا ستراتیژییە دەدەن.
 
ئیزەدی گوتی: "پەرە بە توانا مووشەکییەکانمان دەدەین و ئەمەش بووەتە پێویستییەکی حاشاهەڵنەگر. بێگۆمان بە هێزێکی زیاترەوە ئەو رێگەیە دەگرینەبەر و دەبێتە کارتی بەهێزی کۆماری ئیسلامی و گەلی ئێران لە بەرامبەر نەیارانی."
 
بە گوتەی فەرماندە باڵاکەی سوپای پاسداران، توانا مووشەکییەکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران بۆ بەرگریکردنە لە گەلی ئێران و جەختی لەوە کردەوە، بە کوژرانی فەرماندەکان، ئەو توانایەیان نەک تەنیا لاواز نابێت بەڵکو بە هێزێکی زیاتر و داهێنانی نوێوە بەردەوام دەبن لە پەرەپێدانی.
 
لە جەنگی 12 رۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، ئێران کۆنترۆڵی بەشێکی ئاسمانەکەی لەدەستدا و بە دەیان ئامانج لە چەندین شاری جیاواز بە تاران، تەورێز، ئیسفەهان و کرماشانەوە لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلەوە بۆردوومان کران. 
 
تاکە چەکی بەهێز و کاریگەری ئێران لە بەرامبەر ئیسرائیل، توانا مووشەکییەکانی بوو کە بە مووشەکی بالیستی و هایپەرسونیک چەندین شوێنی لە تەلئەڤیڤ، حەیفا و ناوچەکانی دیکە کردە ئامانج.
 
لێدوانی ئەم بەرپرسە سەربازییەی ئێران لە کاتێکدایە، ئەمریکا و ئیسرائیل چەندین جار هۆشدارییان داوەتە تاران، کە پێویستە جگە لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی، واز لە توانا مووشەکە بالیستییەکانیشی بهێنێت.
 
لە 13ـی حوزەیرانی 2025، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران، دواتریش ئێران بە مووشەکی بالیستی و درۆنی بۆمبڕێژکراو وەڵامی دایەوە.
 
رۆژی 22ـی حوزەیران، ئەمریکا چووە نێو جەنگەکە و هێرشی کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان. 25ـی حوزەیرانیش، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستی راگەیاند.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.