رووداو دیجیتاڵ
ئارام قادر، سەرۆکی پێشووی هاوپەیمانی نیشتمانیی زیاتر لە مانگێکە لە سلێمانی دەستگیرکراوە. کوڕێکی دەڵێت، تاوەکو ئەمڕۆ هۆکاری دەستگیرکردنەکەیان پێ نەگوتوون. تاوەکو ئێستاش تەنیا یەک جار هاوژینەکەی سەردانی کردووە.
ئارام قادر، کەسایەتی سیاسیی هەرێمی کوردستان، پێشتر لە حیزبەکانی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان پۆستی باڵای هەبووە و دواتر بووە سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانی، تاوەکو ئۆکتۆبەری پار دەستی لەکارکێشاوەتەوە.
ئەحمەد، کە کوڕی ئارام قادرە، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە رێگەی پەیوەندی و دۆستایەتییەوە ئەوەمان بۆ دەرکەوتووە کە دەڵێن لە دژە تیرۆری سلێمانی راگیراوە، لەوەش بەتەواوی دڵنیا نەبووینەتەوە".
ئارام قادر لە 12ـی حوزەیرانەوە دەستگیرکراوە. رووداو لەگەڵ بەشێکی هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی قسەیکرد، بەهۆی "هەستیاری" بابەتەکەوە ئامادەنین هیچ زانیارییەک بخەنەڕوو.
ئەحمەد ئارام قادر دەڵێت: "هیچ لایەنێک ناڵێت باوکم لەکوێ دەستگیرکراوە، هۆکارەکەی چییە و بۆ دەستگیرکراوە".
بە گوتەی کوڕەکەی، تاوەکو ئەمڕۆ رێگە نەدراوە پارێزەرەکانیان باوکی ببینن. گوتیشی: "هەفتەی رابردوو پەیوەندییمان پێوە کرا کە پارێزەرەکانی باوکم دەتوانن کار لە دۆسیەکە بکەن، بەڵام دوای ئەوەش تاوەکو ئەمڕۆ نەیانتوانیوە باوکم ببینن".
هەفتەی رابردوو هاوژینەکەی توانیویەتی ئارام قادر لە زیندانێکدا ببینێت. کوڕەکەی دەڵێت: "دایکم بە ئۆتۆمبێلی تایبەت بردراوە بۆ زیندانەکە و هەر نازانێت لەکام زیندان و لای کام هێز دەستگیر کراوە".
ئەحمەد ئارام گوتی: "هێزە ئەمنییەکان رێگەیان نەداوە دایکم و باوکم هیچ پرسیارێک لەیەک بکەن، تەنیا رێگەی هەواڵ پرسین، ئەوەی هەیە زانیومانە تەندروستیی باشە".
لەبارەی هۆکاری دەستگیرکردنەکەوە دەنگۆی جیاواز هەن و دەگوترێت بەهۆی کارکردن و هەبوونی پەیوەندی بە یەکێک لە دەزگا هەواڵگیرییەکانی ناوچەکەوە ئارام قادر دەستگیرکراوە، بەڵام نە کوڕەکەی و نە هێزە ئەمنییەکان ئەمە پشتڕاست ناکەنەوە.
ئەحمەد ئارام قادر دەڵێت: "باوکم پۆستی هەستیاری هەبووە، لە بزووتنەوەی ئیسلامیدا بەرپرسی رێکخستن (تەنزیمات) بووە، لە کۆمەڵی دادگەری بەرپرسی پەیوەندییەکان بووە، خۆی سەرۆکی هاوپەیمانی بووە، بۆیە پەیوەندییەکانی شاراوە نەبوون".
کوڕەکەی ئارام قادر گوتیشی: "بەهۆی پۆست و ئەرکە سیاسییەکانییەوە باوکم پەیوەندی بە هەموو وڵاتانەوە هەبووە، لەنێویاندا تورکیا، ئێران و وڵاتانی کەنداویش، ئەوەش یەکێتی و حکومەتیش زانیویانە، چونکە شاراوە نەبووە و پۆستەکانی ئەوەیان ویستووە".
ئارام قادر دوای ئەوەی ساڵی رابردوو دەستی لە هاوپەیمانی نیشتمانیی کێشاوەتەوە، هیچ بەرپرسیارێتییەکی سیاسیی نەبووە و نەچووەتە نێو هیچ لایەنێکی سیاسییەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ