رووداو دیجیتاڵ
ئەو دوو گەنجە کوردەی 8ی ئەم مانگە لە کەرکووک دوای هەڵکردنی ئاڵای ئەمریکا لەسەر ئۆتۆمبێلەکانیان دەستگیرکران، ئەمڕۆ بڕیاری ئازادکردنیان بە کەفالەت درا.
ئاڵا کامەران، یەکێک لە پارێزەرانی دوو گەنجەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگەی کەرکووک بڕیاری ئازادکردنی هەردوو گەنجەکەی دا."
بە گوتەی ئاڵا کامەران، ئازادكردنەكە بە كەفالەتی 5 ملیۆن دینار بووە تاوەكو رۆژی دادگاییكردنیان.
گەنجەکان بە دوو ئۆتۆمبێلی جۆری دۆج چاڵێنجەر کە ئاڵای ئەمریکایان هەڵکردبوو، بە شەقامێکی کەرکووکدا سووڕابوونەوە و بەو هۆکارە دەستگیر کرابوون.
محەممەد غازی، پارێزەرێكی دیكەی كەیسەكەیە و بە رووداوی گوت، "لە رۆژی دەستگیرکردنەكەوە لەسەر هێڵ بووین، بۆ دانیشتنی داهاتووش بۆ بەرگری لە گەنجەكان ئامادە دەبین."
دوای دەستگیرکردنی گەنجەکان، عامر نووری، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، گەنجەکان بەگوێرەی مادەی 240ی تایبەت بە سەرپێچی دەستگیرکراون.
لە مادەی 240ی یاسای سزادانی عێراقیدا هاتووە، هەر کەسێک سەرپێچیی کرد لەو فەرمانە کارگێڕییانەی کە دەردەچن، ئەوا بە زیندانیکردن بۆ ماوەیەک کە نابێت زیاتر بێت لە 6 مانگ یان بە پێبژاردنێک کە لە 100 هەزار دینار زیاتر نەبێت، "سزا دەدرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ