رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رایگەیاند، گرووپێک بە ناوی وەزارەتەکەیان و بە بیانووی پێدانی زەوی و مووچە، داوای کارتی مۆبایل لە خێزانی نیڤشکانان دەکات. بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی کۆمەڵایەتیی هەولێر دەڵێت، ئەو گرووپە هیچ پەیوەندی بە ئەوانەوە نییە.
رۆژی چوارشەممە 13ـی ئابی 2025، یوسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێریی کۆمەڵایەتیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ژمارەیەکی نەناسراو بە ناوی وەزارەتەکەمانەوە پەیوەندیی بە خێزانی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەتەوە کردووە و پێیگوتوون مووچەی کەمئەندامی و چاودێریی کۆمەڵایەتییان بۆ دەبڕنەوە و ناویان بۆ وەرگرتنی زەوی تۆمار دەکەن."
ئەو گرووپە داوای لە نیڤشکان و خێزانەکانیان کردووە، کارتی نیشتمانی، کارتی زانیاری و ژمارەی کەسانی دیکەی نیڤشکان، نەخۆش و بەساڵاچوویان پێبدەن.
بە گوتەی یوسف چاوشین، ئەو گرووپە هاونیشتمانیانیان هەڵخەڵەتاندووە، چونکە هیچ بابەتێکی لەو شێوەیە راست نییە و تەنیا بۆ داواکردنی کارتی مۆبایل بووە.
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "بەداخەوە ژمارەیەک هاووڵاتی بوونەتە قوربانیی ئەو فێڵکردنە، بۆیە بە هەموو لایەکی رادەگەیێنین کە وەزارەتمان ئاگاداری ئەو بابەتە نییە و ئەمە بەشێکە لە فێڵکردن."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "وەزارەتمان لە کاتی پێویستدا لە رێگە فەرمییەکانەوە خزمەتگوزاری و ئاگادارییەکانی بڵاودەکاتەوە و بەرامبەر بەم هەڵخەڵەتاندنەش رێکاری یاسایی دژی ئەو گرووپانە دەگرێتەبەر."
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 100 هەزار نیڤشکان هەن، کە 73 هەزاریان مووچە وەردەگرن و زیاتر لە 27 هەزاری دیکەیان بێ مووچەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ