رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە سنووری مهاباد پاسێک وەرگەڕا و 20 کەس برینداربوون.
ئەمڕۆ شەممە، 13ی ئەیلوولی 2025، محەممەد ئیبراهیمی، هاونیشتمانیی خەڵکی مهاباد بە رووداوی راگەیاند:" کاژێر 9ی سەر لەبەیانی ئەمڕۆ پاسێک لە رێگەی میاندواو – مهاباد وەرگەڕا و بەو هۆیەوە 20 کەس برینداربوون."
ئەو هاونیشتمانییە گوتی: "سەرنشینانی پاسەکە ئەندامانی تیمی کاراتی مهاباد بوون کە بە مەبەستی پێشبڕکێ چووبوونە کەرەج و لە کاتی گەڕانەوەدا تووشی رووداوەکە بوون."
حەمید مەحبووبی، بەڕێوەبەری مانگی سووری پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان لەمبارەیەوە رایگەیاند: "لە ئەنجامی وەرگەڕانی پاسێک لە بەردەڕەشان لەنێوان میانداو – مهاباد 20 کەس بریندار بوون؛ 9ـیان لە شوێنی رووداوەکە چارەسەریان وەرگرت و 11ـی دیکە بۆ نەخۆشخانە گوێزرانەوە."
ساڵانە هەزاران کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە رووداوی هاتووچۆ گیانلەدەستدەدەن و بریندار دەبن.
بەگوێرەی دادپزیشکیی ئێران، لە 21-03-2024 تاوەکو 21-03-2025، 20 هەزار و 45 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ