پەرلەمانتارێکی ئێران: ئەگەر وڵاتانی دیکە چالاکیی حیزبەکانی رۆژهەڵات رانەگرن، خۆمان رایدەگرین

13-10-2021
فواد حەقیقی
نیشانەکردن بۆردوومانی ئێران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی لە پەرلەمانی ئێران لەبارەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت: ئەگەر وڵاتانی دیکە رێگری لە چالاکیی ئەو گرووپانە نەکەن، ئێران بەپێی مافی یاسایی خۆی رێگرییان لێدەکات.
 
ئیسماعیل کەوسەری، ئەندامی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دەڵێ، تاوەکو ئێستا چەندینجار لەگەڵ "وڵاتانی پشتیوانی" ئەو گرووپانەدا کۆبووینەوەتەوە و دانوستاندنمان کردووە، هەندێ لەو وڵاتانە هەندێ هەوڵیان داوە، بەڵام هەندێ وڵاتی دیکە نەیانتوانیوە دژیان بوەستنەوە.
 
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی ئێران رەخنەی لە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان گرتووە کە لە ئاست ئەو حیزبانەدا بێدەنگن و هەوڵێکی کاریگەریان نەداوە. هەروەها دەشڵێت، لە کۆتاییدا ئەم بابەتە دەبێت چارەسەر بکرێت و ئەگەر بەرپرسانی هەرێمی کوردستان ناتوانن رێگری لە چالاکییەکانی ئەو حیزبانە بکەن، ئێران هەوڵی پێویست بۆ وەڵامی "شەڕانگێزییەکانی" ئەوان دەدات.
 
ئەو پەرلەمانتار حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان تۆمەتبار دەکات کە هاوکاری لە ئەمریکا، ئیسرائیل و وڵاتانی دیکەی ناوچە وەردەگرن.
 
نیل فرۆشان، جێگری فەرماندەی سوپای پاسداران بۆ کاروباری سیاسی رۆژی 12-10-2021 بە ئاژانسی تەسنیمی گوت: ئەمریکا دەیەوێ ئێران لەگەڵ "گرووپە تیرۆریستییەکان" تووشی شەڕ بکات و جەختی کردەوە کە بوونی ئەو گرووپانە و مەترسی دروستکردن لەسەر کۆماری ئیسلامی، تەحەمول ناکرێت.
 
حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان وەرگرتنی یارمەتی لە وڵاتانی دیکە و هەروەها تێکدانی ئەمن و ئاسایشی ئێران و هێرش بۆسەر هێزە سەربازییەکانی ئێران رەتدەکەنەوە.
 
ئەمساڵ هەڕەشە و گوشاری بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان زۆر بووە و تەنانەت بەشێک لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵات و باشووری کوردستانیش بۆردوومان کران.
 
حەمەنەزیف قادری، جێگری دووەمی لێپرسراوی گشتیی حدکا رۆژی 13-08-2021 بە رووداوی گوت: "ئێمە تەسلیمی داواکاری کۆماری ئیسلامی نابین. ئێران دەستکەوتەکانی کوردی پێ قبووڵ ناکرێت. پرسەکە پەیوەندیی بە بوونی پێشمەرگە لە شاخەوە نییە".
 
حەمەنەزیف قادری جەختی لەوە کردەوە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، "ناچنە ژێر باری هیچ رێککەوتنێک کە لە دەرەوەی بەشداریی ئێمە واژۆ کرابێت".
 
بەرپرسانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێن، کۆماری ئیسلامی لە ئاستی ناوخۆدا تووشی قەیران بووە و بۆ بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتی لە قەیرانەکان، هەڕەشە لەوان دەکات و گوشار بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دێنێت.
 
ناڕەزایەتیی ئێران بە بوونی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان بە بەرزترین بەرپرسانی عێراقیش راگەیێندراوە. عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رۆژی 12-09-2021 لە کۆبوونەوە لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای "چەککردن و دەرکردنی بەپەلەی" ئەو حیزبانەی لە هەرێمی کوردستان کردبوو.
 
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ئەم هەڕەشە و داواکارییان بە "زیادەڕۆیی" لە قەڵەم داوە و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق کردووە سنوورێکی بۆ دابنرێت.
 
ناوەندی هاوکاری پێشتر گوتبووی: کۆماری ئیسلامی بەم بیانووەوە دەیەوێت بە کەڵکوەرگرتن لە دۆخی ناوچەکە و دانبەخۆداگرتنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر تاران، قەیرانێکی دیکە بخولقێنێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق

سەرۆکوەزیرانی عێراق پیرۆزبایی لە هاندەرانی زاخۆ دەکات

سەرۆکوەزیرانی عێراق پیرۆزبایی لە هاندەرانی یانەی زاخۆ دەکات بەبۆنەی بردنەوەی خەڵاتی فیفا. هەر لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا بڕیاردرا بە نۆژەنکردنەوەی پەرستگای لالش و سزادانی چەند بەرپرسێک بەهۆی هەڵەیەک لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی.