رووداو دیجیتاڵ
پرسی کەمیی قسەکردن و بەکارنەهێنانی زمانی کوردی لە شارەکانی باکووری کوردستان لەلایەن خودی خەڵکی کوردی ئەو پارچەیە و ئاستەنگەکانی بەردەم بەکارهێنانی زمانی کوردی لە باکووری کوردستان، تەوەری ئەم جارەی بەرنامەی (لەگەڵ رەنج)ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان تۆمارکرابوو. کاژێر 21:00ی شەوی یەکشەممە 13-11-2022، پەخشکرا.
لە بەشی یەکەمی بەرنامەکە لە نێو بازاڕ و شوێنە گشتییەکانی ئامەدی باکووری کوردستان، بۆچوونی هاونیشتمانییان لەوبارەیەوە وەرگیرا و زۆرینەی ئەوانەی قسە بۆ پێشکێشکاری بەرنامەکە دەکەن، جەخت لەوە دەکەنەوە کە منداڵ بە کوردی قسە نەکات، کەمتەرخەمیی دایک و باوکیانە.
حەمید دڵبەهار، کە نووسەرێکی باکووری کوردستانە لەبارەی پێویستی زمانی دایک دەڵێت: "زانینی زمانی خۆت، وەک شیری دایک پێویستە."
عەبدوڵڵا پۆڵات، کە دانیشتوویەکی باکووری کوردستانە، تکا لە گەنجان دەکات بە زمانی دایکییان قسە بکەن و دەڵێت: "شەرم مەکەن، لە هەر شوێنێک بوون هەمیشە بە زمانی دایکتان قسە بکەن."
زەینەب سوڵتان وەک گەنجێکی باکووری کوردستان دەڵێت: "ئێمە وەک گەنجان عەیبەیەکی گەورەیە زمانی خۆمان نەزانین."
محەممەد ئوچوجو کە لە دووکانێکی بەرگدروو لەناو بازاڕی ئامەد سەرقاڵی کڕینی جلی کوردی بوو، جەختی لەوە کردەوە کە خوێندن بەزمانی تورکی هۆکارە بۆ ئەوەی گەنجانی باکووری کوردستان بەباشی کوردی نەزانن و گوتیشی: "منداڵی ئێمە هەتاوەکو نەچنە قوتابخانە تورکی نازانن."
ئەوانەی لە قسەیان کردووە بۆ رەنج سەنگاوی زانینی زمانی دیکەیان بە پێویست زانیوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا جەختیان لەوە کردەوە کە زانینی زمانی دایک زۆر پێویستە. نیهات عەلی کە لە شاری ئامەد کاری بەرگدووری دەکات، لەبارەی زانینی زمانی دیکە دەڵێت: "ژێر دەستەیی حەرامە، نەک زانینی زمانی دیکە، بەداخەوە بەهۆی نەبوونی دەوڵەت زمانمان دواکەوتووە."
هەر لەم بەرنامەیەدا هونەرمەندی باشووری کودستان ئەیوب عەلی، لەگەڵ چەند دەنگبێژێکی باکووری کوردستان چەند گۆرانییەک و حەیرانێکی هەولێریانە دەچڕێت.
تەوەری بەرنامەکە بە میوانداری هەریەک لە رەها روهاڤیئۆغلۆ، سەرپەرشتیاری ناوەندی کاری کوردی؛ حەسەن سلێڤانەیی، سەرۆکی کۆمەڵەی نووسەرانی کورد لە دهۆک؛ عومەر فیدان، هاوسەرۆکی PENـی کوردی؛ ئامەد تیگرس، مامۆستای خانەنشینی زمانی کوردی لە سوێد؛ زەینەب یاش، رێکخەری فۆلکلۆری کوردی و باهۆز باران، زمانەوان و مامۆستای زمانی کوردی گەنگەشەی لەبارەوە کرا.
رەها روهاڤیئۆغلۆ: لە شارە گەورەکان کەمتر بە کوردی قسە دەکرێت
روهاڤیئۆغلۆ، سەرپەرشتیاری ناوەندی کاری کوردی پێیوابوو چەند هۆکارێک هەن بۆ ئەوەی خەڵکی ئامەد زمانی دایکی خۆیان نەزانن و دەڵێت: "ئەو سیاسەتەی کە دەوڵەتی تورکیا لە سیستمی وڵاتەکەدا پەیڕەوی دەکات ئاستەنگی بۆ زمان دروستکردووە، قەدەخەی زمانەکەی کردووە، تەنانەت ئەوانەی ئەو زمانەش بەکاردەهێنن سزای بۆ دەستنیشان کردوون. لە باکووریش بوارێک نییە کە زمانەکەی کوردی بێت، نە لە بواری ئابووری، نە سیاسی و نە پەروەردە. بۆیە لە شارە کۆنەکانی وەکو ئامەد بەهۆی ئەوەی مێژووێکی درێژیان هەیە و دەوڵەت لە رێگەی سیاسەتەوە کاریگەریی لەسەر داناون، بۆیە بەکارهێنانی زمانی کوردی سنووردار کراوە، بەڵام ئەو شارانەی کە دوورە دەست بوون، وەکو ئێلهـ و باتمان و قۆسەر لەبەرە ئەوەی خەڵکی گوندەکان چوونەتە ئەو شارانە زمانە کوردییەکەیان لەگەڵ خۆیان بردووە، ئێستا قسەکردن بە زمانی کوردی شتێکی ئاساییە و بە زمانی کوردی قسە دەکەن، بەڵام تاوەکو چەند شارەکانمان گەورەتربێت بەکارهێنانی زمانی کوردی کەمتر دەبێتەوە."
رەها روهاڤیئۆغلۆ پێشیوایە: "کاتێک ئاستی زانستی بەرز دەبێتەوە، کەمتر بە کوردی قسە دەکرێت، خەڵکی گوندەکان زیاتر بە کوردی قسە دەکەن بەراورد بە خەڵکی شارەکان. واتە تاوەکو چەند ئەو خەڵکانەی کە دەخوێنن و پلە بە پلە پێش دەکەون کەمتر بە کوردی قسە دەکەن."
سەرپەرشتیاری ناوەندی کاری کوردی ئاماژە بە راپرسییەک لەبارەی بەکارهێنانی زمانی کوردی دەکات و دەڵێت: "راپرسییەکە لەنێو گەوراندا ئەنجامدراوە، لە یەکێک لە پرسیارەکاندا دەڵێین، ئێوە بە چ زمانێک لەگەڵ دایک و باوکتان قسە دەکەن، 30٪یان دەڵێن 100٪ بە کوردی لەگەڵ دایک و باوکمان قسە دەکەین. پرسیاری ئەوەشیان لێکراوە کە خۆیان بە چ زمانێک قسە لەگەڵ منداڵەکانیان دەکەن، تەنیا 9٪یان دەڵێن 100٪ بە کوردی قسە لەگەڵ منداڵەکانمان دەکەین، ئەو 9٪ـەش خەڵکی گوندەکانن نەک شارەکان."
رەها روهاڤیئۆغلۆ ئاماژە بەوەش دەدات، "ئەوانەی کوردی نازانن بە کوردی قسە بکەن بە کەمتەرخەمیی خۆیانی دەزانن، هەندێکیان دەڵێن دایک و باوکمان فێری زمانی کوردییان نەکردووین. کاتێکیش پرسیاری ئەوەیان لێدەکرێت کە ئایا دەتانەوێت زمانی کوردی ببێتە زمانێکی فەرمی، رێژەیەکی زۆر دەڵێن، بەڵێ. ئەوانەی زمانی کوردیش نازانن، دەیانەوێت لە سیستمی پەروەردەدا، لە یاساکانی تورکیادا بەکارهێنانی زمانی کوردی بە فەرمی بکرێت."
ئامەد تیگرس: لە گوندێک مامۆستا بووم پێشتر بە کوردی و ئێستا بە تورکی بەخێرهاتنم دەکەن
ئامەد تیگرس، مامۆستای خانەنشینی زمانی کوردی لە سوێد هۆکاری بەکارنەهێنانی زمانی کوردی بۆ پەروەردە گەڕاندەوە و دەڵێت: "دەوڵەتی تورکیا لە سەرەتاوە زمانی کوردی قەدەخە کردووە و دوو ئەڵتەرناتیڤی خستووەتە بەردەم کوردان، یان کورد منداڵەکانیان بۆ قوتابخانە نەنێرن و فێری خوێندن و نووسین نەبن.. یانیش دەبێت بە تورکی قسە بکەن. واتە رێگەیەکی دیکەی لەبەردەممان نەهێشتووەتەوە. کوردیش دەیانەوێت منداڵەکانیان بخوێنن و بچنە قوتابخانە و بۆ ئەوەی دواڕۆژێک بۆخۆیان مسۆگەر بکەن."
بە بڕوای ئامەد ئامەد تیگرس، هۆکارێک بە تەنیا نییە بۆ ئەوەی قسە بە زمانی کوردی نەکرێت، "یەکەمیان قەدەخەکردنی زمانەکەیە، دووەم؛ دەڵێن، دەبێت منداڵ گەورە ببێت و بچێتە قوتابخانە و بخوێنێت و کار بکات و ببێتە خاوەن پیشە. واتە ئەگەر نەچێتە قوتابخانە و نەخوێنێت ئەوا پاشەڕۆژی رەش دەبێت."
بە گوتەی ئامەد تیگرس، لە گوندەکانیش ئێستا کەمتر قسە بە زمانی کوردی دەکرێت و نموونەیەک دەهێنێتەوە کە چووەتە یەکێک لەو گوندانەی کە پێش 30 ساڵ مامۆستایەتی کردووە و دەڵێت: "چوومەتە ئەو گوندە بە تورکی بەخێرهاتنیان کردم، پێشتر بە کوردی بەخێرهاتنیان دەکردم و دەیانگوت، چۆنی باشی، ئێستا دەڵێن هۆش گەلدن.. مرۆڤ تێناگات بۆچی وایلێهاتووە!"
بە بڕوای ئەو مامۆستایەی زمانی کوردی، "هەموو کەسێک لەبارەی زمانەوە هۆشەمەندیی باڵای نییە، خەڵک ئاساییە و دەبێت بە ئاسایی لێیان بڕوانی. پێشتر کچە کوردەکان نەدەچوونە قوتابخانە و تورکیان نەدەزانی، منداڵەکانیش بە زمانی کوردی قسەیان لەگەڵ دایکیان دەکرد، چونکە زمانی دیکەیان نەدەزانی. بەڵام ئێستا قوتابخانەی تورکیان کردووەتەوە. ژنان 5 بۆ 6 ساڵ چوونە قوتابخانەی سەرەتایی خوێندیان و فێربوون. زمانی ئێستا زمانی باوکە نەک زمانی دایک."
ئامەد تیگرس پێیوایە: "زمانی کوردی هاوشێوەی زمانە گەورەکانی جیهان دەوڵەمەندە، بەڵام بە سیستم نەکراوە. ئێستا لە جیاتی زمانی دایک دەگوترێت زمانی ماڵ."
ئامەد تیگرس رەتی دەکاتەوە زمانی کوردی زمانێکی لاواز بێت و دەڵێت: "زمانی ئێمە لاواز نییە، بەڵکو زمانێکی دەوڵەمەندە و کۆنە، لەم ساڵانەی دواییدا لێکۆڵینەوەیەک کراوە، زۆربەی زمانی هیند و ئەوروپی سەرچاوەکانیان زاگرۆسە، واتە لە زاگرۆس لە کوردستانەوە بڵاوبووەتەوە، بنەچەی زمانی کوردی و تەنانەت هیند و ئەوروپی کوردستانە."
زەینەب یاش: زمانی دایک زمانی ژیانە
زەینەب یاش، رێکخەری فۆلکلۆری کوردی لە ئامەد پێیوابوو، "ئەو دەسەڵاتدارییەی هەیە، دەسەڵاتێکی پیاو سالارییە، لە دەسەڵاتی پیاو سالاریش چەوساندنەوە زیاترە، زمانی دایک تەنیا زمانی ژن نییە، زمانی دایک زمانی ژیانە."
بە بڕوای زەینەب یاش، کاتێک دایکێک بە کوردی قسە لەگەڵ منداڵەکەی ناکات و لایلایەی کوردی بۆ منداڵەکەی ناڵێت: "بابەتێکی کۆمەڵایەتییە، هەر هەمووی سیاسی نییە. ئەگەر بۆ هۆکارەکەی بگەڕێینەوە دەبێت بۆ ئەو راستییە بگەڕێینەوە کە ژنێک شیر بە منداڵەکەی دەدات و بە زمانی خۆی قسەی لەگەڵ دەکات، لەنێو ژیانی سرووشتی خۆی بوو.. چۆن گەیشتە ئەو ئاستەی ئەمڕۆ بە زمانێکی دیکە لایلایە بۆ منداڵەکەی دەڵێت؟ دەبێت ئەو پرسیارە نەک تەنیا لە دایکەکە، بەڵکو تەواوی کۆمەڵگە بکەین."
رێکخەری فۆلکلۆری کوردی لە ئامەد دەڵێت: "راستە منداڵ سەرەتا لەسەر دەستی دایک پەروەردە دەبێت و گەورە دەبێت، بەڵام منداڵ تەنیا لای دایکی گەورە نابێت؛ کاریگەریی کۆمەڵگەیشی لەسەرە."
بە گوتەی زەینەب یاش: "زمان وەک شیری دایک بۆ ئێمە پێویستە، لەبەر ئەوەی مەترسی لەسەر زمانەکەمان هەیە پێویستە بە یەکگرتوویی کاری بۆ بکەین."
حەسەن سلێڤانەیی: هەمیشە دوژمنان لە رێگەی زمانەوە ویستوویانە کورد لەنێو ببەن
حەسەن سلێڤانەیی، سەرۆکی کۆمەڵەی نووسەرانی کورد لە دهۆک میوانێکی دیکەی بەرنامەکە بوو، لەسەر زمانی کوردی گوتی: "زمانی ئێمە، هەبوونی ئێمەیە. هەردەم دوژمنانی ئێمە ویستوویانە ئێمە وەکو میللەت لەنێو ببەن لە رێگەی زمانەوە."
بە بڕوای حەسەن سلێڤانەیی، "دایک رۆڵێکی گرنگی هەیە لەوەی منداڵەکەی پەروەردە بکات بە زمانی کوردی و لەگەڵی قسە بکات و رێگە نەدات زمانێکی دیکە بەسەر زمانەکە زاڵ ببێت. بەداخەوە ئێستا لە ئامەد زۆرینەی خەڵکی ئێمە، تەنانەت گەورەکانیش کاتێک قسە دەکەن زیاتر بە تورکی قسە دەکەن، تێبینی ئەوەشمان کردووە کە نووسەر و هونەرمەندەکانیش لەگەڵ یەک بە تورکی قسە دەکەن. بەڕاستی ئەمە کێشەیەکی گەورەیە، چونکە نووسەر و هونەرمەند میللەت دروست دەکەن، پێویستە زیاتر بە زمانی خۆیان قسە بکەن."
سەرۆکی کۆمەڵەی نووسەرانی کورد لە دهۆک پێیوایە، قەدەخەکردنی زمانی کوردی لە رابردوودا کاریگەریی "نەرێنیی هەبووە، ئەگەر بەم جۆرە بێت، 60 بۆ 70 ساڵی دیکە لە ئامەد کەس کوردی نازانێت. بۆیە رۆڵی نووسەر و هونەرمەند و رۆشنبیران لە دامودەزگە رۆشنبیری و بڵاوکراوەکان و وەقفی کوردی کە لێرە زۆرە گرنگە رێز لە زمانی خۆیان بگرن و خەباتێکی بەرفراوانی بۆ بکەن و پشتیوانی لێ بکەن و خەڵکی خۆشیان هۆشیار بکەنەوە."
بە گوتەی سلێڤانەیی، خۆشیان وەکو کورد دەستیان لەو دۆخەدا هەیە و لە بەکارهێنانی زمانی کوردی دوورکەوتوونەتەوە و وا بیردەکەنەوە " هەندێک پێیانوایە کەموکوڕییە ئەگەر بە کوردی قسە بکەن، دەوڵەت ئەوەی لە بیر و هۆشی ئەواندا چاندووە کە زمانی تورکی زمانێکی گەورەیە، کاتێک تۆ بە تورکی قسە بکەی ئەوا بەنرخ و بە بەهاتری.. ئەوە وەهمێکە بۆیان دروستکردوون و هەندێکیشیان ئەو باوەڕەیان لا دروستبووە. رۆڵی رۆشنبیرانە ئەو وەهمە بسڕنەوە."
حەسەن سلێڤانەیی پێیوایە، "ئەوە خەیاڵە ئەگەر وا هەستبکەیت کە بە تورکی قسەتکرد تۆ گرنگیت، زمانی ئێمە هیچ لە زمانەکانی دیکە کەمتر نییە. پێویستە دایک و باوکان رێز لە زمانی خۆیان بگرن. دایک و باوک لە سیستمی دەوڵەت بەهێزترن، دنیا لە گۆڕاندایە، کورد هەر ژێردەستە نابێت."
حەسەن سلێڤانەیی، سەرۆکی کۆمەڵەی نووسەرانی کورد لە دهۆک پێشیوابوو کە "دەزگە رۆشنبیرییەکانی باکووری کوردستان کاری باش بۆ پێشخستنی زمان دەکەن."
"قسەکردن بە زمانی کوردی بە تاوان سەیر دەکرێت"
عومەر فیدان، هاوسەرۆکی PENـی کوردی رای وابوو، کە ئەوان لە وڵاتێکدا دەژین "گوتنی ناوەکەشی قەدەخەیە، باڵا دەستییەکی گەورە هەیە لەسەر کوردان لەو شوێنە. ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ 30 ساڵ بەر لە ئێستا لە رێگەی سیاسەتێکی زانایانە گوندە کوردییەکان سووتێندران و چۆڵکران، خەڵکی ئەو گوندانە روویان لە شارەکان کرد، کۆچکردن لە گوندەوە بۆ شار ژیانی کوردی 100٪ گۆڕی."
بە گوتەی عومەر فیدان، گۆڕانکاریی لەو ژینگەیەی منداڵی تێدا پەروەردە دەکرێت، کاریگەریی لەسەر گۆڕینی زمانەکەی دەبێت و دەڵێت: "کاتێک کوردەکان لەنێو گوندێک بە یەکەوە دەژیان، هەموویان یەکتریان دەناسی و بە کوردی قسەیان لەگەڵ یەک دەکرد، منداڵ لەنێو ژینگەی ماڵەکەی و دەوروبەرەکەی ژیانی بەسەر دەبرد، بەڵام ئێستا لە شارەکان دایک و باوک ناچارن کار بکەن، کاتێک ئەوان کار دەکەن، ناچارن منداڵەکانیان رەوانەی باخچەی منداڵان بکەن، ئەو منداڵە 8 بۆ 10 کاژێر لە دەرەوە ژیان بەسەر دەبات کە دەوروبەرەکەی هەمووی بە تورکی قسە دەکات، لە ماڵەوە 2 بۆ 3 کاژێر لەگەڵ دایک و باوکی دەبێت."
هەر لەبارەی ئاستەنگییەکانی بەردەم زمانی کوردی، هاوسەرۆکی PENـی کوردی ئاماژە بەوە دەدات، "لە زۆربەی شارەکانی تورکیا ئەوانەی بە کوردی قسە دەکەن هێرشیان دەکرێتە سەر و دەکوژرێن هەندێک شار بە کوردی قسە بکەیت هێرشت دەکرێتە سەر، وای لێهاتووە قسەکردن بە زمانی کوردی بە تاوان سەیر بکرێت."
عومەر فیدان، بە پێویستی دەزانێت "دەبێت قەوارەیەکی زمانی کوردی دروست ببێت" بە پێویستیشی دەزانێت "کارگەکانی ئامەد مەرج بۆ وەرگرتنی کرێکارە کوردەکان دابنێن کە بە کوردی قسە بکەن."
"دەوڵەت لە رێگەی سیاسەتەوە بەهای بۆ زمانی کوردی نەهێشتووە"
بە بۆچوونی باهۆز باران، زمانەوان و مامۆستای زمانی کوردی، "دەوڵەت لە رێگەی سیاسەتەوە، بەهای بۆ زمانی کوردی نەهێشتووە، کوردی بووەتە زمانی نەزانی و بێ دەرفەتی. شار و شاربوون و مۆدێرنیزە، بۆ کوردەکانی کە لە باکوورن بووەتە شتێکی مۆدێرن. کاتێک کە دێنە شارەکان دێن و بە تورکی قسە دەکەن. لە شاریش هەموو دەرفەت و کار و دامەزراوەیەکی دەوڵەتیش کار دەکەن دەبێت بە تورکی قسە بکەن."
باهۆز باران پێیوانییە، ئەوان بەدوای بیانوودا دەگەڕێن بۆ ئەوەی زمانی کوردی بەکارنەهێندرێت و قسەی پێنەکرێت و دەڵێت: "دەوڵەتانی سەردەست کاری خۆیان دەکەن، سیاسەتێک و بەرنامەیەکیان هەیە، ماوەی 100 ساڵیشە لەسەر ئەو کارەیان بەردەوامن. کورد لە بەرامبەر ئەو سیاسەتە چی کردووە؟ بە بڕوای من سیاسەت و پلانسازییەکی نییە."
بە بڕوای ئەو مامۆستایەی زمانی کوردی، "کێشەکە لەوەدایە کە تێنەگەیشتن هەیە لە بەرامبەر ئەوەی چیمان لە بەرامبەردا کراوە."
باهۆز باران پێیوایە، قسەکردن بە کوردی لەنێو ماڵدا کارێکی گران نییە، بەڵام ئێستا دۆخ و کاتەکە گۆڕاوە، دەشڵێت: "ئێمە باسی ساڵی 2022 دەکەین، کات و شوێنەکە وەکو پێشوو نییە، 100 ساڵ پێش ئێستا بتگوتبا ماڵ قوتابخانەیە، بەڵێ راستە. بەڵام ئێستا ئەو دەرفەتانەی هاتوونەتە پێشەوە لە شارەکانی تورکیا 1٪ی ئەو دەرفەتە بۆ کوردی نییە. ئەگەر 30 ملیۆن کورد هەبن، 0.1٪ـی ناتوانن بە زمانی خۆیان بخوێنن."
بە بڕوای باهۆز باران، مرۆڤ ناتوانێت بە دەستێک شەڕ بکات و دەڵێت: "ئەگەر خەبات بۆ زمانەکەت نەکەیت و بەنامە و ماتریالی خۆت ئامادە نەکەی و زمانەکەی خۆت بەرز نەکەیەوە، زمان تەنیا بە قسەکردن پێشناکەوێت، لەم سەردەمەدا رێگە بۆ پێشکەوتنی زمانەکەمان زۆرە."
باهۆز باران پێیوایە: "بەکەمزانینی زمانەکەمان کاریگەریی لەسەر زۆر بوارمان داناوە، فەرهەنگی "کوردی بۆ کوردی"مان نییە کە زۆر پێویستە. ئێستا دەست بە پێشخستنی زمانی کوردی بکەین لە ساڵێکی دیکە باشترە."
کورد نزیکەی یەک لەسەر پێنجی دانیشتووانی تورکیا پێکدەهێنێت، بەڵام ژمارەیەکی کەمیان دەتوانن بە زمانی کوردی قسەبکەن. بەگوێرەی دەستوور، تورکی تەنیا زمانی دانپێدانراوە و لە پرۆسەی خوێندن و دامەزراوەکاندا بەکاردەهێندرێت. لە بەرامبەردا بەکارهێنانی زمانی کوردی چەندینجار بەگوێرەی یاسا وەک تاوان ناسێندراوە.
بەپێی راپرسییەک کە لە ئەیلوولی 2019دا لە هەندێک ناوچەی باکووری کوردستان ئەنجامدراوە، لەلایەن سەنتەری (راوەست) کە سەنتەرێکی توێژینەوەی کوردییە لە ئامەد، بە مەبەستی دەرخستنی ئەو راستییەی کە چەند کەس لە کوردانی تەمەن 18 تاوەکو 30 ساڵ دەتوانن بەشێوەیەکی پاراو کوردی بەکاربهێنن.
لە راپرسییەکەدا بۆچوونی 600 کورد وەگیراوە، تەنیا 18%یان دەڵێن، دەتوانن بە کوردی قسە بکەن، بخوێننەوە و بنووسن. هەر بە گوێرەی راپرسییەکە، تەنیا 44%یان دەتوانن بە زمانی دایکی خۆیان قسەبکەن. کاتێک ئەو پرسیارەیان لێکرابوو کە دەبێت چ زمانێک لە تورکیادا زمانی فەرمی بێت؟ 71.5% بە پێویستیان زانیوە تورکی و کوردی زمانی فەرمی بن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ