کەشناسی: ئەمشەو بەفر و باران دەبارێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ژیڤان بەکر
ژیڤان بەکر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، درەنگی ئەمشەو نمەباران دەستپێدەکات و لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکانیش بەفر دەبارێت. شارەزایەکی کەشناسییش دەڵێت، شەوی سەری ساڵ نێو سەنتەری شارەکان باراناوی دەبێت و چیاکانیش سپیپۆش دەبن.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 23-12-2025، بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پلەکانی گەرما 2 بۆ 3 پلەی سیلیزی دادەبەزن؛ درەنگی شەو لە رۆژهەڵات و نێوەڕاستی هەرێمی کوردستان نمەباران و لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکانیش بەفر دەبارێت.
 
بەگوێرەی کەشناسی، سبەی چوارشەممە ئاسمان هەوری تەواو دەبێت و نمەباران بەردەوام دەبێت، بەڵام لە کاتەکانی نیوەڕۆدا لە ناوچەکانی نێوەڕاست و رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان کەش ئاسایی دەبێتەوە.
 
شەوی سەری ساڵ چۆن دەبێت؟
 
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەم شەوەوە، کەشێکی ناسەقامگیر لە بەشێکی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دروست دەبێت و لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، کەرکووک و گەرمیان باران دەبارێت؛ بڕی بارانەکە لاواز و مامناوەند دەبێت و پشکی زۆرترین باران بەر کەرکووک دەکەوێت."
 
ئەو شارەزایە ئاماژەی بەوەش کرد، لە 27ـی مانگەوە شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین دەگاتە هەرێمی کوردستان و تاوەکو 2-1-2026 بەردەوام دەبێت؛ لەو نێوەندەدا ئەگەری بارانبارینی باش هەیە، بەڵام مەترسیی لافاوی لێ ناکرێت.
 
بە گوتەی محەممەد کەمال: "لە 28ی مانگەوە تاوەکو 2ی 1ی 2026 هەموو شاخەکانی هەرێمی کوردستان سپیپۆش دەبن و پێشبینی دەکرێت بەفربارین تاوەکو شەقڵاوە بێت و بەرزاییەکانی سلێمانیش بگرێتەوە."
 
هاوکات د. لوقمان موفتی، شارەزای کەشناسی بە رووداوی راگەیاند، بۆ ئەم دوو سێ رۆژە پێشبینیی بارانێکی لاواز و نمەباران لە هەولێر، کەرکووک و گەرمیان دەکرێت.
 
سەبارەت بە کەشوهەوای کۆتایی ساڵیش، د. لوقمان دەڵێت: "لە کۆتایی مانگدا شەپۆلێکی بارانبارینی 'نزمەپەستانی کلاسیکی' روو لە ناوچەکە دەکات؛ لە ناوچە شاخاوییەکان بڕی باران زیاتر دەبێت و بەگشتی تاوەکو ساڵی نوێ کەشەکە تەڕ دەبێت."
 
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی:
 
هەولێر: 16 پلە
سلێمانی: 13 پلە
دهۆک: 15 پلە
زاخۆ: 16 پلە
کەرکووک: 16 پلە
هەڵەبجە: 11 پلە
گەرمیان: 17 پلە

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژینگەی پارێزگای ورمێ دەڵێت، ئاستی پیسیی هەوای شارەکەی گەیشتووەتە 161 پلە.

هەوای ورمێ "بۆ هەموو کەسێک" مەترسیدارە

جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پاراستنی ژینگەی پارێزگای ورمێ رایدەگەیێنێت، بۆ دووەمین رۆژ لەسەریەک هەوای شاری ورمێ لە دۆخی "ناتەندروست"ـدایە و ئاستی پیسییەکەی گەیشتووەتە 161 پلە. دەشڵێت، دۆخەکە بۆ هەموو توێژەکان مەترسیدارە.