کوردستان
دیمەنی کاروانی گەڕانەوەی بەشێک لە ئاوارەکانی رۆژانی دووشەممە و سێشەممەی رابردوو. وێنە: رووداو
رووداو دیجیتاڵ
کاروانێکی دیکەی کوردانی ئێزدی لە کامپێکی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆوە بۆ شنگال دەگەڕێنەوە. ئەم کاروانەیان لە 375 کەس پێکدێن.
بە گوتەی بەرپرسان، رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی بڕێک هاوکاری مادیی بە هەر خێزانێکیان داوە.
رەفعەت سمۆ، یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا، رۆژی دووشەممە 13-11-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ 375 کوردی ئێزدی لە کامپی بێرسڤێ یەک لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە هاوکاری رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی و دەزگای خێرخوازی بارزانی گەڕانەوە شنگال.
یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا گوتی، وەک هاندان و هاوکاری، رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی هەزار و 400 دۆلاری داوەتە هەر خێزانێکی گەڕاوە.
هەر لەوبارەوە ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ئەمڕۆ دووشەممە 375 کوردی ئێزدی لە کامپی بێرسڤێ یەک لە قەزای زاخۆوە بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە گەڕانەوە زێدی خۆیان لە شنگال.
رۆژانی دووشەممە و سێشەممەی رابردوو 650 کوردی ئێزدیی ئاوارە لە کامپی شاریا لە پارێزگای دهۆکەوە گەڕانەوەی شنگال.
عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە عێراقدا هیچ کامپێکی ئاوارەکان نەماوە. کەمپی ئاوارەکان تەنیا لە هەرێمی کوردستاندا ماون".
لەبارەی ژمارەی ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان، عەلی عەباس، کە هاوکات بەرپرسی لقەکانە لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق گوتی، 26 کامپی ئاوارە لە هەرێمی کوردستاندا هەن؛ نزیکەی 35 هەزار و 500 خێزانی ئاوارە لە هەرێمی کوردستان ماون.
لە هەرێمی کوردستاندا زیاتر لە 664 هەزار ئاوارە هەن؛ 490 هەزاریان لە دەرەوەی کامپەکانن و زیاتر لە 174 هەزار ئاوارەش لە 26 کەمپدا نیشتەجێن. ئەو ئاوارانە بەهۆی شەڕی داعشەوە زێدی خۆیان جێهێشت و تائێستاش بە هۆکاری ئابووری، کۆمەڵایەتی و ئەمنی نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە.
عەلى عەباس گوتى، "بەگوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق، لە سەرەتاى ئەو رووداوەوە زیاتر 18 هەزار خێزانى کوردى ئێزدى گەڕاونەتەوە قەزاکە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ