رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری راگەیاندنی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت لە سبەی ئێوارەوە شەپۆلێکی بارانبارین روو لە هەرێمی کوردستان بکات و لە ناوچە شاخاوییەکان ئەگەری بەفربارینیش هەیە.
رۆژی پێنجشەممە، 13ی تشرینی دووەمی 2025، عامر جابری، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێشبینی دەکرێت لە سبەی ئێوارەوە شەپۆلێکی بارانبارین روو لە رۆژئاوای عێراق و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بکات؛ هاوکات ئەگەری بەفربارین هەیە لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان."
بەڕێوەبەری راگەیاندنی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق گوتی: "پلەی گەرما نزم دەبێتەوە و بارستەهەوایەکی سارد روو لە ناوچەکان دەکات."
هاوکات ئاسۆ کەمال، شارەزای کەشناسی بە رووداوی گوت: "پێشبینی دەکرێت، سەرەتای هەفتەی داهاتوو بە دیاریکراوی رۆژانی 15، 16 و 17ی تشرینی دووەم کەشوهەوا ناسەقامگیر ببێت و شەپۆلێکی بارانبارین روو لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بکات و بە رێژەی جیاواز بەپێی ناوچەکان."
بە گوتەی ئاسۆ کەمال، شەپۆلی بارانبارینەکە سەرەتا پارێزگای دهۆک، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دواتر ناوچەکانی سلێمانی، کەرکووک و ئیدارەی گەرمیان دەگرێتەوە. باسی لەوەشکرد: "پلەی گەرما یەک بۆ دوو پلە لە ناوچە ئاساییەکان نزم دەبێتەوە و لە ناوچە شاخاوییەکانیش زیاتر دادەبەزێت."
د. لوقمان موفتی، شارەزای کەشناسی، بە رووداوی راگەیاند: "ئەگەری بارانبارین لە دهۆک و ناوچە شاخاوییەکانی هەولێر هەیە. ئەم بارانە لە هەندێک شوێن دەبێتە هۆی ئەوەی پەڵە بدات. لە دەشتی هەولێر، کەرکووک، گەرمیان. لە سلێمانی و هەڵەبجە ئەگەرەکە مامناوەندە و پلەکانی گەرماش 5 بۆ 6 پلە دادەبەزن."
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی، ئەمڕۆ ئاسمان نیمچەهەور دەبێت، پاشان دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو و پلەی گەرما بە (1-2) پلە نزم دەبێتەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ.
بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو بۆ ئەمڕۆ بە پلەی سیلیزی:
-هەولێر: 27 پلەی سیلیزی
-سلێمانی: 25 پلەی سیلیزی
-دهۆک: 25 پلەی سیلیزی
-زاخۆ: 26 پلەی سیلیزی
-کەرکووک: 28 پلەی سیلیزی
-هەڵەبجە: 24 پلەی سیلیزی
-سۆران: 25 پلەی سیلیزی
-حاجی ئۆمەران: 18 پلەی سیلیزی
-گەرمیان: 28 پلەی سیلیزی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ