دابەشکردنی خۆراک لە سلێمانی: بەمنزیکانە بەشەخۆراکی مانگی 12 دابەشدەکەین

13-12-2022
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
رووداو - رادیۆ

بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراک لە سلێمانی رایدەگەیێنێت، بەردەوامن لە دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگانە بەسەر هاونیشتمانیاندا لە رێگەی بریکارەکانی خۆراکەوە. دەشڵێت: لە هەفتەی داهاتوودا بەشەخۆراکی مانگی 12 دەگات و راستەوخۆ دوای تەواوبوونی بەشەخۆراکی مانگی 11، دوایین بەشەخۆراکی ئەمساڵ دابەشدەکەن. 
 
رۆژی سێشەممە 13-12-2022، شەوکەت محەممەد، بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراک لە سلێمانی بە رادیۆی رووداوی گوت، دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگانە بەسەر هاونیشتمانیاندا بەردەوامە و ئێستا بەشەخۆراکی مانگی 11 لە رێگەی بریکارەکانی خۆراکەوە بەسەر هاونیشتمانیاندا دابەشدەکەن.
 
بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراک لە سلێمانی گوتیشی: "هەموو مانگەکانی ئەمساڵ بەشەخۆراک دابەشکراون، تەنیا بەشەخۆراکی مانگی دوو نەبێت، واتا لەسەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا 10 بەشەخۆراک بەسەر هاووڵاتیاندا دابەشکراوە."
 
لەبارەی بوونی خۆراک لە گەنجینەکانی خۆراک، شەوکەت محەممەد گوتی، بڕی خۆراکی پێویست لە گەنجینە و کۆگەکاندا هەیە، بەشەخۆراکی مانگی 12یش بەڕێوەیە و لە هەفتەی داهاتوودا دەگاتە سلێمانی.
 
لەبارەی کوالێتی خۆراکەکان، شەوکەت محەممەد ئاماژەی بەوەشکرد، جۆری ئەو خۆراکانەی دابەشیدەکەن زۆرباشن، تاوەکو دەگاتە دەست هاونیشتمانیان چەند جارێک پشکنینی بۆ دەکەن لەوانە: "لە کوالێتی کۆنترۆڵی بەغدا، وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان و پاشان ئەوانیش لە بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستیی سلێمانی پشکنینی بۆ دەکەن بۆ دڵنیابوونەوە لە کوالێتی و جۆری خۆراکەکان."
 
رۆژی شەممە 29-10-2022، سه‌رۆكوەزیرانی عێراق له‌گه‌ڵ وه‌زیری بازرگانیی عێراق كۆبووه‌وە. لە کۆبوونەوەکەدا پلانی وه‌زاره‌ت سه‌باره‌ت مادده‌ خۆراكییه‌كانی نێو فۆرمی خۆراک و به‌رنامه‌ی وه‌زاره‌ت له ‌بواری ئاسایشی خۆراك باسكران، لوما موسەوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی خۆراک بە رووداوی گوت: "سەرۆکوەزیرانی عێراق داوایکردووە ماددە خۆراکییەکانی بەشەخۆراکی مانگانە باشتر بکرێن، بەڵام ئەوە پێویستی بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانە تاوەکو پارەی پێویست دابین بکرێت."
 
بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراک لە سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، بابەتی زیادکردن یاخود گۆڕینی ماددە خۆراکییەکان، پەیوەستە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی فیدراڵی عێراق و چاوەڕوانی بڕیاری حکومەت دەکەن لەوبارەیەوە.
 
بەشێک لە بریکارەکانی خۆراک، لە رێگەی رووداوەوە گلەییان لە زیادکردنی ئەو بڕەپارەیە دەکرد کە لە بریکارەکانی خۆراک وەردەگیرێت بەجۆرێک بۆ دابەشکردنی خۆراک بۆ هەر کەسێک بڕی 350 دینار لە کۆی 750 دینار وەردەگیرێت، لەکاتێکدا پێشتر بڕی 310 دیناریان لێوەردەگیرا.
 
شەوکەت محەممەد گوتی: "بڕیاری زیادکردنی پارەکە بۆ 350 بڕیاری وەزارەتی بازرگانیی عێراق و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانە و بۆ کرێی گواستنەوەی ئەو خۆراکە دیاریکراوە و ئەو بڕە پارەیە شتێکی رەمزییە و بەشێکی کرێی گواستنەوەی خۆراکەکە حکومەت خۆی پارەی بۆ تەرخاندەکات."
 
ئەو بەشەخۆراکەی دابەشدەکرێت ئێستا، ئەمانە لەخۆدەگرێت:
 
- برنج 
- دۆشای تەماتە 
- شەکر
- رۆنی شل
- نیسک یان فاسۆلیا 
- لەتکەنۆک
- ئارد
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

میران بەکر، سکرتێریی رۆژنامەڤانی وەزیری پێشمەرگە.

سکرتێرێکی وەزیری پێشمەرگە: هێزێکی یەکێتی لە هەولێر ئەشکەنجەیاندام

میران بەکر، سکرتێری وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هێزێکی ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی یەکێتی" لە شاری هەولێر دەستبەسەریان کردووە و ئەشکەنجەیان داوە و سووکایەتییان پێکردووە و دواتر گوتوویانە هەڵەبوون. پارێزگاری هەولێر دەڵێ، بەدواداچوون بۆ رووداوەکە دەکەن.