رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەولێر بە سەردانێکی فەرمی لە ئیستەنبووڵە و دەڵێت، لە داهاتوویەکی نزیکدا سەرۆک شارەوانیی شارەکەش سەردانی هەولێر دەکات.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بۆ بەشداریکردن لە یەکەمین کۆبوونەوەی نێوان پارێزگار و سەرۆکی شارەوانییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقیا سەردانی ئیستەنبووڵی تورکیای کردووە.
ئەمڕۆ هەینی، (13-12-2024)، ئومێد خۆشناو لە پەراوێزی کۆبوونەوەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''ئێمە لە هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی مێژوویی و هەمەلایەنەمان لە سەر هەموو ئاستەکان لەگەڵ تورکیا هەیە".
کۆبوونەوەکە بە دەستپێشخەریی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو، سەرۆکی گەورە شارەوانیی ئیستەنبووڵە. ئومێد خۆشناو گوتی: ''دەستمان بە دروستکردنی پەیوەندیی نێوان شارەکان کردووە".
جیا لە هەولێر وەکو پایتەختی هەرێمی کوردستان، بەغداش لە کۆبوونەوەکەدا بەشدارە. بەگوتەی پارێزگاری هەولێر، ''گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بە ئاراستەی هەنگاونانی ئاشتی و دروستبوونی پەیوەندیی دیپلۆماسیی نێوان شارەکانە کە کاریگەریی زۆریان لەسەر پەیوەندیی نێوان گەلانی ناوچەکە و حکومەتەکان هەیە".
ئومێد خۆشناو گوتی: ''ئەمڕۆ باس لە گەشەسەندنەکانی هەولێر لە نێو هەرێمی کوردستان، پێکەوەژیان و هەنگاوی ئاشتییانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، ئێمەش لەسەر شاری هەولێر، مێژووی هەولێر و ستراتیژیی هەولێر قسە دەکەین".
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، ''قسە لەوە کراوە لە داهاتوویەکی نزیکدا بەڕێز ئەکرەم ئیمام ئۆغڵووش سەردانی شاری هەولێر بکات. پەیوەندییەکانمان [لەگەڵ ئیستەنبووڵ] لە هەموو بوارەکان بەرەو پێشەوە دەچن".
بڕیارە کۆبوونەوەکە دوو رۆژ بخایێنێت، بڕیارە دۆخی ناوچەکە بەگشتی و گۆڕانکارییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و پەرەپێدانی شارنشینی لەلایەن حکومەتە خۆجێییەکان و رۆڵی شارەکان لە بنیاتنانی ئاشتیدا بخرێنە بەرباس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ