بەڕێوەبەری ناحیەی شۆڕش: فراوانبوونی شار رێڕەوەکانی ئاوی گۆڕیوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرپەرشتیاری کۆکردنەوەی زانیاریی زاینلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ دەڵێت، لە رێگەی ئەلیکترۆنییەوە زیانەکانی لافاوەکە تۆمار دەکرێن. بەڕێوەبەری ناحیەی شۆڕشیش ئاماژە بەوە دەکات، ''لەگەڵ فراوانبوونی شار و دابەشکردنی زەویدا، رێڕەوەکانی ئاو گۆڕاون.''
 
ئەمڕۆ شەممە 13-12-2025 شوان جەبار، سەرپەرشتیاری کۆکردنەوەی زانیاریی زاینلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ و هاوتا عەزیز، بەڕێوەبەری ناحیەی شۆڕشی سەر بە قەزاکە لەکاتی بەشداریکردنیان لە بووڵتەنی کاژێر 14:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە ئارێز خالید بە شێوەی مەیدانی لە چەمچەماڵ پیشکێشی کرد، تاوتوێی هۆکاری لافاوەکە و قەبارەی زیانەکانیان کرد.
 
شوان جەبار رایگەیاند، چەند تیمێکیان پێکهێناوە کە بە شێوەی ئەلیکترۆنی داتا و زانیارییەکانی تایبەت بە زیانی لاوەفاکە تۆمار دەکەن، ''تیمەکان لە رۆژی هەینییەوە بە شێوەی مەیدانی بۆ تۆمارکردنی زیانەکان سەردانی ماڵەکان دەکەن.''
 
بە گوتەی سەرپەرشتیاری کۆکردنەوەی زانیاریی زیانلێکەوتووان، لافاوەکە لە چوار ناحیەی شۆڕش، تەکیە، سەنتەری چەمچەماڵ و ئاغجەلەر زیانی زۆی لێکەوتووەتەوە و ''سیستمە ئەلیکترۆنییەکە کارئاسانییەکی زۆر بۆ لیژنەکانی خەمڵاندن و قەرەبووکردنەوەی زیانەکان دەکات.''
 
شوان جەبار ئاماژەی بەوە کرد، تۆمارکردنی زیانەکان کراوەتە چوار بەش کە بریتین لە شوێنەکانی نیشتەجێبوون، شوێنە بازرگانییەکان، شوێنەکانی تایبەت بە ئاژەڵ و کشتوکاڵ، هەروەها ئۆتۆمبێلەکان.
 
وەک سەرپەرشتیاری کۆکردنەوەی زانیاریی زیانلێکەوتووان دەڵێت، دوێنێ زیانەکانی 250 ماڵ تۆمارکراون و ئەمڕۆش لە کاژێر 09:00ـوە تیمەکانیان دەستبەکار بوونەتەوە، ''لەوانەیە ئەمڕۆ یان بەیانی تیمەکان کۆتایی بە کارەکانیان بهێنن.''
 
شوان جەبار باسی لەوە کرد، دوای تۆمارکردنی زیانەکان، لیستەکە پێداچوونەوەی پێویستە، ''چونکە ژمارەیەک لە هاونیشتمانییان کە زیانمەندیش نەبوون، ناوی خۆیان تۆمار کردووە، پێویستە ئەو ناوانە پاکبکرێنەوە.''
 
سەرپەرشتیاری کۆکردنەوەی زانیاریی زیانلێکەوتووان ئەوەشی خستەڕوو، تاوەکو ئەوکاتەی سەرجەم داتاکانی تایبەت بە زیانی لافاوەکە کۆنەکرێنەوە، بڕیار لە قەرەبووی زیانلێکەوتووان نادرێ، ''دوای تەوابوونی زانیارییەکان، کۆمیسیۆنی فریاگوزاری و بووژاندنەوەی چەمچەماڵ بڕیار لەسەر شێوە و بڕی قەرەبووەکان دەدات.''
 
''رێڕەوەکانی ئاو گۆڕاون و دەستکاری کراون''
 
هەر لە رووماڵەکەدا هاوتا عەزیز، بەڕێوەبەری ناحیەی شۆڕش رایگەیاند، یەکێک لە هۆکارەکانی دروستبوونی لافاو لە ناحیەکە، زۆریی رێژەی بارانبارین بوو، ''لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا، بارانێکی لەو شێوەیە لە ناوچەکە نەباریوە.''
 
هاوتا عەزیز وەک هۆکارێکی دیکەی دروستبوونی لافاو ئاماژەی بە زێدەڕۆیی سەر رێڕەوی ئاو کرد و گوتی، ''لەگەڵ فراوانبوونی شار و دابەشکردنی زەوییەکاندا، رێڕەوەکانی ئاو گۆڕاون و دەستکاری کراون.''
 
بەڕێوەبەری ناحیەی شۆڕش ئەوەشی خستەڕوو، ئەو رێڕەوانەی ئاوی کە ئێستا هەن، دەیان ساڵە بەو شێوەیە ماونەتەوە، ''لە دروستکردنی ناحیەی شۆڕشیشەوە لەدوای ئەنفال، رێڕەوەکانی ئاو لەبەرچاوگیراون و ئەو زەوییانەی دەکەونە سەریان، دابەش نەکراون؛ بەڵام بەداخەوە دواتر زەوییەکان تاپۆ کراون و لەلایەن هاووڵاتییانیشەوە کراونەتە خانوو.''
 
دانیشتووانی ناحیەی شۆڕش بەهۆی سەرماوە، داوای گەیاندنی فریاگوزاریی خێرای وەک سۆپا، بەتانی و راخەر دەکەن و دەڵێن، لە ترسی بەردەوامبوونی بارانبارین و ئەگەری دروستبوونی لافاو، ماڵەکانیان چۆڵ کردووەتەوە.
 
هاوتا عەزیز وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەگەری بارانبارینێکی دیکەی بەخوڕ دەڵێت، ''سەرجەم مەنهۆڵ و رێڕەوەکانی ئاومان پاککردووەتەوە، مەگەر لە چەند گەڕەکێکدا کە فریا نەکەوتبین. بۆ ئەو سەرچاوە ئاوەش کە [لەکاتی بارانباریندا] لە بانی مەقانەوە دێ، بەربەستمان (ساتر) دروستکردووە، بۆ ئەوەی نەیەتەوە نێو سەنتەری ناحیە.''
 
بەڕێوەبەری ناحیەی شۆڕش ئەوەشی خستەڕوو، داوایان لە کۆمیسیۆنی فریاگوزاری و بووژاندنەوەی چەمچەماڵ کردووە کە ''بە زووترین کات بودجەمان بۆ خەرج بکەن و ئامێرمان بۆ بنێرن، بۆ ئەوەی رێڕەوە ئاوییەکان فراوان بکرێن، بەربەستێکی باش دروست بکرێت و رێڕەوی ئاویش بگۆڕین.''
 
بەهۆی بارانبارینەوە لە 9ـی کانوونی یەکەم لە بەشێکی باشووری کوردستان لافاو دروستبوو.
 
لافاوەکە تەنیا زیانی مادی نەبوو، بەڵکو بووە هۆی گیانلەدەستدانی پێنج هاونیشتمانی و بێسەروشوێنبوونی ئەندازیارێکی عەرەب.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سەرۆک مەسعود بارزانی و بەرهەم ساڵح

سەرۆک بارزانی بۆ بەرهەم ساڵح: خۆشحاڵم کوردێک پۆستێکی گرنگی لە UN وەرگرتووە

سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی لە بەرهەم ساڵح دەكات بەبۆنەی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی کۆمسیارانی باڵای کاروباری پەنابەران لە UN و ئاماژە بەوە دەکات، خۆشحاڵە کوردێک ئەو پۆستەی وەرگرتووە