وەزیری پەروەردە بۆ رووداو: 50 ملیۆن دینار بۆ چەمچەماڵ تەرخانکرا

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەشار عەزیز
بەشار عەزیز @BasharAzeez2
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیران بڕی 50 ملیۆن دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی قوتابخانە زیانلێکەوتووەکانی چەمچەماڵ تەرخانکراوە و، دەسەڵاتی بڕیاردان لەبارەی دەوامیش دراوەتە دەست بەڕێوەبەری قوتابخانەکانی قەزاکە.
 
د. ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند: "بەپێی ئامارەکان، بەهۆی لافاوەکەی چەمچەماڵەوە 9 قوتابخانە زیانیان بەرکەوتووە، بۆیە لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕیاردراوە هەر لەم هەفتەیەدا پرۆسەی نۆژەنکردنەوەیان دەستپێبکات."
 
سەبارەت بە بودجەی تەرخانکراو، وەزیری پەروەردە گوتی: "بڕی 50 ملیۆن دینار بۆ پاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی ئەو قوتابخانانە تەرخان کراوە و پارەکە دەخەینە بەردەست بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی، بۆ ئەوەی بە زووترین کات و بە گوێرەی دەرخستە تەکنیکییەکان، کاروبارەکان راپەڕێنن."
 
لەلایەکی دیکەوە و سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی دەوام لەو سنوورە، د. ئالان حەمەسەعید ئاماژەی بەوە کرد، نایانەوێت بڕیار لە سەنتەری وەزارەتەوە بدەن، بەڵکو دەسەڵاتیان شۆڕکردووەتەوە بۆ بەڕێوەبەری قوتابخانەکان. 
 
وەزیری پەروەردە گوتی: "ئەمڕۆ بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ لەگەڵ بەڕێوەبەری قوتابخانەکانی سنوورەکە کۆدەبێتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی رەوشی خوێندن، ئێمە ئەوانمان راسپاردووە تاوەکو بگەنە چارەسەرێک و بزانن چۆن پڕۆسەی خوێندن لە چەمچەماڵ بەردەوام بێت."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە