رووداو دیجیتاڵ
دەستەی ئۆپەراسیۆنەکان لە سوپای عەرەبیی سووریا رایگەیاند، رێڕەوێکی مرۆیی بۆ دانیشتووانی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی حەلەب بەرەو ناو شاری حەلەب دەکرێتەوە، تاوەکو هاووڵاتییان بتوانن لەو ناوچانە بچنە دەرەوە، کە پێشتر وەک ناوچەی سەربازی ناسێندرابوون.
بەپێی راگەیێندراوی سوپاکە، کە لە میدیا فەرمییەکانی سووریا بڵاوکراوەتەوە، ئەم رێڕۆیە لە رێگەی گوندی (حەمیمە) دەبێت لەسەر شەقامی سەرەکیی M15 کە شارۆچکەی دێرحافر بە شاری حەلەبەوە دەبەستێتەوە. ئاماژە بەوەش کراوە، رێڕۆکە رۆژی پێنجشەممە 15-01-2026 لە کاژێر 09:00ـی بەیانی تاوەکو 17:00ـی ئێوارە بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییان کراوە دەبێت.
سوپای سووریا داوای لە هاووڵاتییانی سڤیل کردووە کە بە زوویی لە هەموو پێگەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و پەکەکە لەو ناوچەیە دووربکەونەوە. سوپا جەختی کردەوە کە رێکاری پێویست دەگرێتەبەر بۆ "لەناوبردنی هەر هەڕەشەیەک" کە زیان بە ئاسایشی ناوچەکە و گیانی هاووڵاتییان بگەیەنێت.
ئەم بڕیارەی سوپای عەرەبیی سووریا دوای ئەوە دێت، رۆژی سێشەممە ناوچەیەکی فراوانی لە رۆژهەڵاتی حەلەب (لە دێرحافرەوە تاوەکو مەسکەنە لە کەناری رۆژئاوای فورات) وەک "ناوچەی سەربازیی داخراو" ناساند و داوای لە هەسەدە کرد بەرەو رۆژهەڵاتی فورات پاشەکشە بکەن.
ئەم هەڵکشانە سەربازییانە دوای ئەوە دێن کە هەفتەی رابردوو سوپای عەرەبیی سووریا کۆنتڕۆڵی تەواوەتیی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی لە ناو شاری حەلەب کرد و ژمارەیەک شەڕڤانی کورد بە ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی بەرەو قامشلۆ کشانەوە.
حکومەتی دیمەشق هەسەدە بە کۆکردنەوەی هێز و بەکارهێنانی درۆن بۆ هێرشکردنە سەر حەلەب تۆمەتبار دەکات، لە بەرامبەریشدا هەسەدە ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت دیمەشق و ئەنقەرە بە هاوئاهەنگی هێرش دەکەنە سەر ناوچەکانیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ