رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، هاوکاریی لۆجستی و ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری پێشکەشی ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران، راپەڕین و قەزای شەقڵاوە دەکات، ئەوەش بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی کارەساتە سرووشتییەکان و بارودۆخە لەناکاوەکان.
رۆژی چوارشەممە، 14ـی کانوونی دووەمی 2026، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا هاوکاریی لۆجستی گەیاندووەتە ئیدارەکەمان و هۆڵێکی وەک کۆگایەکی 'وەڵامدانەوەی خێرا' کردووەتەوە؛ هۆڵەکە بۆ کاتی رووداوە سرووشتییەکان و رووبەڕووبوونەوەی تەنگژەکان بەکاردێت."
سەبارەت بە جۆری هاوکارییەکان، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران گوتی: "کۆگاکە هەموو پێداویستییە سەرەکییەکانی وەک ئازوقە، کەلوپەلی تەندروستی و پێداویستیی مانەوەی وەک (بەتانی، دۆشەک و مافوور)ی تێدایە؛ ئەم کارەش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانە. بڕیارە وەزارەتی ناوخۆش کەلوپەل بۆ ئەو هۆڵە دابین بکات."
هاوکارییەکان بۆ ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینیشە. هیوا قەرەنی، سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین بە رووداوی راگەیاند: "لە رۆژی دووشەممەوە رێکارەکانی ناردنی سێ ئۆتۆمبێل لە ئەڵمانیاوە دەستیپێکردووە، کە پێکهاتوون لە ئۆتۆمبێلێکی فریاگوزاری، مینی پاسێک و پیکابێک؛ ئەم ئۆتۆمبێلانە بۆ کارئاسانی و رووبەڕووبوونەوەی رووداوەکان بۆ ئیدارەکە نێردراون."
قەزای شەقڵاوە و ناحیەکانی دەوروبەری سوودمەندبوون لە پڕۆژە و هاوکارییەکانی ئەڵمانیا. سوارە ئەکرەم، قایمقامی شەقڵاوە بە رووداوی گوت: "ئەمە بەرنامەیەکی درێژخایەن بوو، ماوەیەکی زۆرە ئەو هاوکارییانە لە رێگەی خول و سیمینارەوە لەلایەن ئەڵمانییەکانەوە بەردەوامن."
قایمقامی شەقڵاوە ئاماژەی بەوەش کرد، ئۆتۆمبێلێکی فریاگوزاری کە سەرجەم پێداویستییەکانی تێدایە، دراوەتە سنووری شەقڵاوە، مەسیف و هەریر، هەروەها تیمێکی تایبەت دروستکراوە کە هاوئاهەنگی تەواویان لەگەڵ تیمەکانی دیکەدا هەیە بۆ کاتی پێویست.
بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2022، حکومەتی ئەڵمانیا 800 ملیۆن یۆرۆی بۆ هاوکاریی مرۆیی و 2.6 ملیار یۆرۆی بۆ سەقامگیری لە عێراقدا خەرج کردووە.
هەر بەپێی وەزارەتەکە، لە دوای بەزاندنی داعش، وڵاتەکەیان بە شێوەیەکی بەرفراوان لە رێگەی "هاوکاریی مرۆیی، گەشەپێدان و رێکارەکانی سەقامگیرکردن"ـەوە هاوکاریی عێراق و هەرێمی کوردستانی کردووە. بە گوتەی وەزارەتەکە، بەرلین پڕۆژەی چارەسەری دەروونی و کۆمەڵایەتیی دابین کردووە و هاوکاریی قوربانییان و رزگاربووانی دەستی داعشی کردووە بۆ شیاندنەوەیان و لەبیرکردنی ئەو ئازارانەی چەشتوویانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ