رووداو - بەغدا
رووفاتی 32 کوردی ئێزدی لە بەغداوە بۆ شنگال دەگەڕێندرێنەوە. کوردێکی ئێزدی کە دوو کوڕ و 13 خزم و کەسی بەدەستی داعش لەدەستداوە، دەڵێت، "ژمارەی شەهیدەکانمان زۆرن و سامپڵەکان کەمن."
2 کوڕ و 13 خزم و کەسی نزیکی لە کۆمەڵکوژرانی کوردانی ئێزدی بەدەستی داعش لە دەست داوە... هاتووەتە بەغدا تا سۆراخی پرۆسەی تاقەتپڕوکێنی رادەستکردنەوەی رووفاتەکانی گوندی کۆجۆ بکات.
نایف جاسم، کوردی ئێزدی و باوکی شەید چووە بەغدا تاوەکو سۆراخی پرۆسەی رادەستکردنەوەی رووفاتەکانی گوندی کۆجۆ بکات، دەڵێت، "ژمارەی شەهیدەکانمان زۆرن، بەڵام سامپڵەکان کەمن. بۆ نموونە لە کۆجۆ خانەوادە هەیە 12 کەسیان شەهیدن، دوو لێکچوو هەیە لە سامپڵی پشکنینەکاندا، بەمە لێکچوونەکان بۆ تاقیگەش سەختە. ئەگەر 12 پشکنینی خوێن هەبا بۆ دوو شەهید، دۆزینەوەکان خێراتر دەبوون، ئەم دواکەوتنە لەسەر ژمارەی شەهیدەکان، زیاترە لە ژمارەی پشکنینەکان."
لە ماوەی 6 ساڵی رابردوودا 64 گۆڕی بەکۆمەڵ لە شنگال هەڵدراونەتەوە، بۆ ناسینەوەیان رووفاتەکان گواستراونەتەوە داد پزیشکی بەغدا.
یاسەمین منزر، بەڕێوەبەری بەشی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە داد پزیشکی بەغدا دەڵێت، "ئەمڕۆ بە فەرمی قۆناخی حەوتەمی شەهیدانی شنگال لە پێکهاتەی ئێزدی راگەیێندرا، ژمارەیان 32 شەهیدە، بەمەش رێژەی هاوتاکردنی رووفاتەکان لە رۆژی دەرهێنانیانەوە تاوەکو ئەمڕۆ 275 شەهیدە."
زیا کەریم، بەڕێوەبەری فەرمانگەی پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە دەزگای شەهیدان دەڵێت، "تائێستا پرۆسەی گەڕان بەردەوامە، قەدەری عێراقییەکانە بەم دۆخە تێدەپەڕین، جا بەهۆی دیکتاتۆریەتی رژێمی پێشوو بێت یان دڕندەیی رێکخراوی قاعیدە و داعش."
بڕیارە هەفتەی داهاتوو لە رێوڕەسمێکدا رووفاتی ئەو 32 کوردە ئێزدییەی ناسنامەیان ئاشکرا بووە، بگوازرێنەوە شنگال و لە زێدی خۆیان بە خاک بسپێردرێن.
بە تەنها لە پارێزگای نەینەوا، هێشتا 29 گۆڕی بەکۆمەڵ ماون کە هەڵدانەوە و پشکنینیان بۆ نەکراوە، زۆریان هی کوردانی ئیزدین و بۆ سەردەمی داعش دەگەڕێنەوە. داد پزیشکیی عێراق دەڵێت، نەبوونی بودجەی تایبەت بە کارەکانیان، یەکێکە لە هۆکارەکانی خاو بەڕێوەچوونی پرۆسەکە و هەزاران لە کەسوکاری قوربانیانیش لە چاوەڕوانیی ئەنجامی پشکنینەکانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ