رووداو دیجیتاڵ
چوار شاخەوانی خەڵکی نەغەدە کە بەهۆی با و کڕێوە لە کوێستانەکانی رندۆڵەی شنۆدا مابوونەوە، رزگار کران.
ئەو چوار کەسە ئەندامی گرووپی شاخەوانیی زاگرۆسی نەغەدەن، دوێنێ پێنجشەممە چوونەتە سەر چیای رندۆڵەی شنۆ و شەو لەوێ ماونەتەوە، بەیانیی ئەمڕۆ لە کاتی گەڕانەوە بەهۆی کڕێوە و با رێگەیان لێ تێکدەچێت و دەمێننەوە. یەکێک لە ئەندامانی گرووپەکە پەیوەندی بە مانگی سووری شنۆوە دەکات.
فەخرەدین مام عەلی، بەڕێوەبەری مانگی سووری شنۆ بە میدیاکانی راگەیاند، گرووپەکانی ئۆفرۆد و چەند شاخەوانێکی شارەزا و تیمەکانی مانگی سوور توانیویانە خۆیان بگەیێننە شوێنی مانەوەی ئەو چوار شاخەوانە و رزگاریان بکەن.
بەڕێوەبەری مانگی سووری شنۆ دەشڵێت، ئەو چوار شاخەوانە بە ناوەکانی رەحیم حوسێنی، کامران حوسێنی، مەولوود رەحمەتپوور و سۆران ئەحمەدی سەلامەتن و زیانیان پێنەگەیشتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ