ئیمارات هێرشکردنە سەر کۆنسووڵخانەکەی لە هەرێمی کوردستان سەرکۆنە دەکات

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی ئیمارات سەرکۆنەی هێرشێکی "تیرۆریستیی" درۆنی بۆسەر کۆنسووڵخانەی گشتیی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان دەکات کە ئەمڕۆ کرا و دەڵێ، لە هەفتەیەکدا ئەمە دووەمجارە هێرش دەکرێتە سەر کۆنسووڵخانەکەی.
 
رۆژی شەممە، 14ـی ئاداری 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "سەرکۆنەی ئەو هێرشە تیرۆریستییە دەکەین کە لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کۆنسووڵخانەی گشتیی دەوڵەتی ئیماراتی لە هەرێمی کوردستانی عێراق کردە ئامانج."
 
بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات، هێرشەکە بووەتە هۆی برینداربوونی ''دوو کارمەندی ئەمنی'' و زیانگەیاندن بە باڵەخانەی کۆنسووڵخانەکە.
 
ئیمارات ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەمە دووەم هێرشی لەو شێوەیەیە لە یەک هەفتەدا دەکرێتە سەر هەمان شوێن.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات جەختی لەوە کردووەتەوە کە بە ئامانجگرتنی نێردە و بارەگا دیپلۆماسییەکان "پێشێلکارییەکی زەقی هەموو نەریت و یاسا نێودەوڵەتییەکانە، بەتایبەتی رێککەوتننامەی ڤییەننا بۆ پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان کە پارێزبەندیی تەواو بۆ باڵەخانە دیپلۆماسییەکان و کارمەندەکانیان دابین دەکات."
 
ئیمارات هێرشەکە بە "پێشهاتێکی مەترسیدار و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە" ناودەبات و داوا لە حکومەتی فیدراڵیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات "لێکۆڵینەوە لە وردەکارییەکانی ئەم هێرشە بکەن بۆ دەستنیشانکردنی لایەنە بەرپرسەکان و گرتنەبەری هەموو رێکارە پێویستەکان بۆ سزادانی ئەنجامدەرانی."
 
وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی ''بە تووندی'' هەر هێرشێک رەت دەکاتەوە کە ئامانجی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری بێت و داوای پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان دەکات بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان.
 
10ـی ئەم مانگەش درۆنێک نزیک لە کۆنسووڵخانەی ئیمارات لە شاری هەولێر کەوتە خوارەوە و وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، کۆنسووڵخانەی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان بە درۆن لێیدراوە و زیانی مادی لێکەوتووەتەوە.
 
وەزارەتەکەی ئیمارات ئەو کات رایگەیاند، هێرشەکە هەڕەشەیە بۆسەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و داوای لە دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد "راستەوخۆ دەست بە لێکۆڵینەوە بکەن لە وردەکارییەکانی ئەم هێرشە بۆ دەستنیشانکردنی ئەو لایەنانەی بەرپرسیارن و هەموو رێکارێکی پێویست بگرنە بەر بۆ مسۆگەرکردنی سزادانی ئەو کەسانەی لە پشت ئەم کارەوە بوون".
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، تاوەکو ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان بە زیاتر لە 315 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەری.
 
بەهۆی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان، شەش سەربازی فەرەنسی برینداربوون و ئەفسەرێکی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان گیانی لەدەستداوە.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

موەلیدەیەکی ئەهلی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

پارێزگاری هەولێر: کارکردنی موەلیدەکان تاوەکو 1ـی نیسان درێژکرایەوە

پارێزگاری هەولێر دەڵێ، پلانی کارکردنی موەلیدە ئەهلییەکان بۆ پڕکردنەوەی کورتھێنانی کارەبای نیشتمانی تاوەکو سەرەتای مانگی نیسانی داهاتوو بەردەوام دەبێت. ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانیش وردەکاریی وەرگرتنی پارەی ئەمپێر و چۆنیەتیی قەرەبووکردنەوەی هاونیشتمانییان روون دەکاتەوە.