بەرپرسیاری رەمەزان؛ لە سۆران دایکێک بە نانکردن بژێوی چوار منداڵی دابین دەکات

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
عەدنان رەشید
دیمەنی بەرنامەکە
دیمەنی بەرنامەکە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نەعیمە ئیسماعیل، ژنێکی تەمەن 37 ساڵانە و دایکی چوار منداڵە، لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دوای جیابوونەوەی لە هاوژینەکەی، بە نانکردن و کاری رۆژانە بژێوی خۆی و منداڵەکانی دابین دەکات. ئەو ئێستا لە خانوویەکی کرێدا دەژی و رووبەڕووی بارودۆخێکی سەختی ژیان بووەتەوە، بەڵام هیواکانی بە هاوکاریی خەڵکی خێرخواز گەشاوەتەوە.
 
نەعیمە، دوای 16 ساڵ لە ژیانی هاوژینی "پڕ لە کێشە و تووندوتیژی"، دوو ساڵە لە هاوژینەکەی جیابووەتەوە. ئەو لە بەرنامەی (بەرپرسیاری رەمەزان)ـی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی: "هاوژینەکەم خەرجیی نەدەکردم و ئازاری دەدام. 16 ساڵ بەرگەم گرت بەڵام چاک نەبوو، بۆیە داوای جیابوونەوەم کرد و دەستبەرداری هەموو مافێکی خۆم بووم."
 
دادگە بڕیاری داوە کە باوکی منداڵەکان مانگانە 100 هەزار دینار بۆ هەر منداڵێک بدات، بەڵام وەک نەعیمە باسی دەکات، "تاوەکو ئێستا ئەو بڕیارە جێبەجێ نەکراوە."
 
ئەو دایکە بۆ دابینکردنی بژێوی خێزانەکەی، رۆژانە لە کارگەیەک نزیکەی 100 نان دروست دەکات و لە بەرامبەردا تەنیا 5 هەزار دینار وەردەگرێت. داهاتی مانگانەی نزیکەی 250 هەزار دینارە، لە کاتێکدا تەنیا کرێی خانووەکەی 180 هەزار دینارە.
 
ژیانی نەعیمە و منداڵەکانی سەختتر بوو کاتێک لە 16یەمین رۆژی ئەم مانگەی رەمەزان، درۆنێک لە ماڵەکەیانی دا کە بە هاوکاریی خێرخوازێک تێیدا دەژیان و کرێیان نەدەدا. کەلسووم، کچە گەورەی نەعیمە دەڵێت: "لە کاتی نوێژی تەراویح بوو، دەنگێکی گەورە هات و لە ترسان لەهۆش خۆم چووم." رووداوەکە زیانێکی زۆری پێگەیاندوون و ناچاری کردوون بە پەله پروزکێ ماڵێکی دیکە بە کرێ بگرن.
 
نەعیمە، باس لە نەبوونی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان دەکات و دەڵێت: "جلشۆر، بەفرگر، تەباخ و مافوورم نییە. ئەوەی هەمە تەنیا چەند قاپێک و جلوبەرگە."
 
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی چیرۆکەکەی، چەندین خێرخواز بەدەم خێزانەکەوە چوون. خێرخوازێک ئامادەیی دەربڕیوە کرێی یەک ساڵیان بۆ بدات و سەرجەم پێداویستییەکانی ناوماڵیان بۆ دابین بکات. هاوکات دوو خێرخوازی دیکەش بەڵێنی پێدانی کرێی 6 مانگ و بڕی 700 هەزار دیناریان بە خێزانەکە داوە.
 
نەعیمە و چوار منداڵەکەی، کەلسووم، کەیوان، کەوسەر و رەیان، سەرەڕای سەختییەکان، هیواخوازن بە هاوکاریی خێرخوازان بتوانن ژیانێکی ئارامتر و باشتر بۆ خۆیان دابین بکەن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. رێبوار کەریم، سەرۆکی فراکسیۆنی رەوتی هەڵوێست و سەنگەر عەبدولڕەحمان

سەرۆکی فراکسیۆنی هەڵوێست: بەغدا مەرجەکانی هەرێمی کوردستانی بۆ 'ئەسیکۆدا' قبووڵە

سەرۆکی فراکسیۆنی رەوتی هەڵوێست لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات، بەغدا مەرجەکانی هەرێمی کوردستانی بۆ جێبەجێکردنی سیستەمی ئەلیکترۆنیی (ئەسیکۆدا) لە دەروازە سنوورییەکان قبووڵە. هاوکات رایدەگەیێنێت، محەممەد شیاع سوودانی داوای دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کردووە لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامی هەرێمی کوردستان ئەرێنی نەبووە.