رووداو دیجیتاڵ
لە شاری هەولێر، دەیان هاووڵاتی کە زۆرینەیان خەڵکی سووریا و رۆژئاوای کوردستانن، سکاڵا لەسەر خاوەنی نووسینگەیەکی گەشتیاری تۆمار دەکەن، دوای ئەوەی بڕە پارەیەکی زۆر و بەڵگەنامە فەرمییەکانیانی بۆ مەبەستی نوێکردنەوەی کارتی نشینگە لێ وەرگرتوون و دیار نەماوە.
عەلی مەروان، یەکێک لە زیانلێکەوتووان و کارمەندی پێشووی نووسینگەکەیە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە نازانین، لە پڕ زانیمان خاوەنی نووسینگەکە هەڵاتووە. پارێزەرەکان گوتیان پەیوەندی بە ئێمەوە نییە. ئێمە ئەم کۆمەڵە گەنجە کۆبووینەتەوە و گرووپێکمان دروست کرد. بەپێویستمان زانی بەشێوەیەکی یاسایی کار بکەین وەک رێزگرتنێک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان. لە دادگە سکاڵایەکمان تۆمار کرد و دواتر چووینە بنکەی پۆلیس و جارێکی دیکە گەڕاینەوە بۆ دادگە. ئەمە رێوشوێنێکی یاساییە و رێز لە یاسا دەگرین و بڕوامان بەوەیە کە یاسا مافمان وەردەگرێتەوە."
محەممەد ئیبراهیم، کاسبکارێکی دیکەی زیانلێکەوتووە و دەڵێت، زیاتر لە 200 کەس زەرەریان کردووە و هەموویان سکاڵایان تۆمار کردووە چونکە "خەڵک راستییان دەوێت." ئاماژەی بەوەش کرد: "هەر کەسێک 500 دۆلار، هەزار و 500 دۆلار، یان دوو هەزار دۆلاری داوە. کەسیش هەیە 7 هەزار دۆلاری داوە."
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، تۆمەتبارەکە ناوی (م.ع)ـە و خەڵکی هەڵەبجەیە و خاوەنی نووسینگە گەشتیارییەکە بووە. دوای بردنی پارە و بەڵگەنامەی ئەو خەڵکە، دیار نەماوە.
خێزانی (م.ع) لەبارەی دیارنەمانی ناوبراوەوە بە رووداوی گوت: "من نازانم لەکوێیە. هەر کە گەڕایەوە قسەی لەگەڵ دەکەم. ئێستا ناتوانم یەک وشەش بڵێم. بە ویستی خوا دەگەڕێتەوە، بۆ کوێ دەچێت؟ بە دڵنیاییەوە لێرە بە تەنیا بەجێم ناهێڵێت. بە خودا نازانم بۆ کوێ چووە."
بەدیع سەلیم، دووکاندارە و یەکێکی دیکەیە لە قوربانییەکان. ئەو 700 دۆلاری بۆ نوێکردنەوەی کارتی نشینگە بە خاوەنی نووسینگەکە داوە، بەڵام ئێستا بۆ وەرگرتنەوەی بەڵگەنامەکانی، لەلایەن کۆمپانیایەکی دیکەوە داوای پارەی زیاتری لێکراوە.
بەدیع سەلیم بە رووداوی گوت: "ئەمە پرسێکی گەورەیە. ئاستی ناوەندی مووچە لای ئێمە 450 دۆلارە. ئەگەر 800 دۆلاری دیکە بدەین، ئەمە کەمەرشکێنە بۆ ئێمە. بۆمان دەرکەوت کە زۆر کەسی هەڵخەڵەتاندووە و پارەی لێ بردوون. بۆ هەندێک لەو کەسانەی گرێبەستەکەیان لەلای نوێ کردووەتەوە، پسووڵەی پێداون، بەڵام پارەی لە هەندێک کەسی دیکە بردووە بەبێ هیچ پسووڵەیەک. زۆر کەس زەرەرمەند بوون."
رووداو پەیوەندی بە یەکێک لەو کۆمپانیایانەوە کرد کە (م.ع) کاری لەگەڵ کردووە. ئەوان دەڵێن، خاوەن نووسینگەکە بڕی 42 هەزار دۆلاریان قەرزارە.
لەلایەکی دیکەوە، پێدار بامەڕنی، پارێزەر و خاوەنی یەکێک لە کۆمپانیا رێگەپێدراوەکانی حکومەت بۆ کاروباری نیشتەجێبوون، نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی کە خەڵک لەبەرامبەر بڕە پارەیەکی کەمتر، متمانە بە کەسانی بێ مۆڵەت دەکەن.
پێدار بامەڕنی بە رووداوی راگەیاند: "دەتوانن بیانییەکان هەڵبخەڵەتێنن لە رووی مادییەوە. بۆ نموونە، بڕە پارەیەکی دیاریکراو هەیە. وەک ئێمەی کۆمپانیا، چەند رێکارێک هەن، کارمەندمان هەن و چەندین خەرجی کۆمپانیامان هەیە. لەم حاڵەتەدا ئێمە بە نرخێکی زیاتر کارەکە دەکەین. چەندین جار خەڵک هاتوون باسی بڕە پارەیەک دەکەن کە ساختەکارەکان باسیان کردووە و کەمترە لە تێچووی رێکارەکان.
هەر لەمەوە بزانە کە ساختەکارەکان ناتوانن پارەی رێکارەکان بدەن، جا چۆن تەواوی کارەکە بکەن؟ کەواتە ئەوە ساختەیە."
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، نزیکەی 260 هەزار پەنابەری سووریا و رۆژئاوای کوردستان لە هەرێمی کوردستان دەژین، کە زیاتر لە 200 هەزاریان لە پارێزگای هەولێرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ