رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی راگەیاندنی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، "سبەی بە ئامادەبوونی 260 ئەندام لەگەڵ یەکێتیی قوتابییانی کوردستان، کۆنگرەی یەکگرتن دەبەستین."
ڕۆژی چوارشەممە، 14ی ئایاری 2025، رێبوار کەلاری، بەرپرسی راگەیاندنی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بڕیاری یەکگرتنەوەی هەردوو رێکخراوی یەکێتیی لاوان و قوتابییان دەرچوو و یەکلایی کراوەتەوە و هیچ کێشەیەکی نییە. بڕیارە سبەی بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و کاک مەسرور بارزانی و کۆنگرەکە بەڕێوەبچێت."
بە گوتەی رێبوار کەلاری، 260 ئەندام بەشداریی کۆنگرەکە دەکەن، کۆنگرەکەش کاژێر 10:00 لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا دەستپێدەکات و یەک رۆژ دەخایێنێت.
یەکێتیی قوتابییانی کوردستان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان دوو رێکخراوی جەماوەری سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانن.
بەرپرسی راگەیاندنی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتیی لاوان دەڵێت، چارەنووسی هەموو ئەندامانی هەردوو رێکخراوەکە روونە و هیچ ئەندامێک بێ کار نابێت، ئەوەی پێویست بکات دەمێنێتەوە و ئەوی دیکە بە گوێرەی پێویستی و تواناکانی، سوودی لێ وەردەگیرێت.
لە کۆنگرەکەدا پەیکەری ھەردوو رێکخراوەکە دەبێتە یەک سکرتاریەت و سکرتێرێکی دەبێت، لەناو کۆنگرە لەلایەن ئەندامانی کۆنگرەوە سکرتێر و ئەندامانی سکرتاریەتی رێکخراوی یەکێتیی قوتابییان و لاوان ھەڵدەبژێردرێن.
لە کۆنگرەى سێیەمى پارتی دیموکراتى کوردستان لە 26ى کانوونى دووەمى 1953، بڕیار لە دامەزراندنى رێکخراوە جەماوەرییەکان درا.
رۆژی 18ى شوباتى 1953، یەکەم کۆنگرەى یەکێتى قوتابییانى کوردستان بەشێوەیەکى نهێنى لە شارى بەغدا بەسترا. ئەحمەد عەبدوڵڵا ئامێدى، وەک یەکەم سەرۆک و جەلال تاڵەبانى، بە سکرتێرى رێکخراوەکە هەڵبژێردران. هەر لە هەمان ساڵدا یەکێتیی لاوانی دیموکراتیی کوردستان دامەزرا.
له رۆژانی 28 تاوەکو 30ی ئابی 1986، له گوندی خنێرهی سهر به پارێزگای ههولێر، بە دروشمی (بهرهو یهكگرتن بۆ رووخاندنی رژێم و كۆتاییهێنان به شهڕ تاوەکو بتوانین به ئاشتی و دیموكراسی بخوێنین)، كۆنفرانسی هاوبهشی یهكێتیی قوتابییان و لاوانی دیموكراتی كوردستان، به ئامادهبوونی 77 نوێنهر دهستی به كارهكانی كرد. مهبهستی ئهم كۆنفرانسهیش یهكخستنی یهكێتیی قوتابییانی كوردستان و یهكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان بوو له یهك رێكخستن دا.
ساڵی 1993 لە کۆنگرەی هەشتەمدا هەردوو رێکخراوەکە جیاکرانەوە، بڕیارە سبەی جارێکی دیکە بە ناوی یەکێتیی قوتابییان و لاوانی دیموکراتی کوردستان یەکبگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ