رووداو دیجیتاڵ
بە بڕیارێکی وەزارەتی کشتوکاڵ، چاندنی گەنمەشامی لە هەولێر و دهۆک قەدەخەکرا. لایەنی پەیوەندیدار دەڵێن، بڕیارەکە بەهۆی کەمبارانیی ئەم ساڵەوە دراوە و مەبەست لێی پاراستنی ئاوی سەرزەوییە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ـی ئایار، سەمیر مەحموود، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاریی کشتوکاڵی لە بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی دیاردەی کەمبارانی کە ئەم ساڵ بەهۆی تێکچوونی کەشوهەوا لە ناوچەکەمان روویداوە، ئەمڕۆ بڕیاردرا چاندنی گەنمەشامی لە سنووری پارێزگای هەولێر قەدەخە بکەین."
سەمیر مەحموود دەڵێت: "بڕیارەکە ئەو بەرهەمانەی گەنمەشامی دەگرێتەوە کە بە ئاوی ژێرزەوی ئاو دەدرێن، بەڵام ئەوانەی بە ئاوی سەرزەوی، وەک ئاوی رووبار، کانی و بەنداوەکان ئاو دەدرێن، ئاساییە و رێگەپێدراوە."
سەمیر مەحموود ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەم ساڵ لە سەنتەری شاری هەولێر بەراورد بە پار، 150 میلیمەتر کەمتر باران باریوە، لە دەشتاییەکانیشدا زۆر کەمتر بوو لە پار، بۆیە پێویستە ئاوی ژێرزەوی بپارێزین."
هاوکات موسلیح حەسەن، جێگری بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک بە رووداوی گوت: "لە سنووری دهۆکیش چاندنی گەنمەشامی قەدەخەکراوە. بڕیارەکە لە وەزارەتی کشتوکاڵەوە دەرچووە و مەبەست لێی پاراستنی ئاوی ژێرزەوییە، چونکە گەنمەشامی بڕە ئاوی زۆری پێویستە تاوەکو پێدەگات."
بڕیارەکە سلێمانی و هەڵەبجە ناگرێتەوە. جووتیار خالید، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند: "هیچ بڕیارێکی لەوشێوەیەمان پێنەگەیشتووە بۆ رێگریی لە چاندنی گەنمەشامی لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە بەهۆی کەمبارانییەوە."
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، تاوەکو مانگی رابردوو، تێکڕای رێژەی بارانبارینی ئەم وەزە بەم شێوەیە بووە:
پارێزگای هەولێر؛ 109.5 ملیمەتر
پارێزگای سلێمانی؛ 319 ملیمەتر
پارێزگای دهۆک؛ 124.8 ملیمەتر
پارێزگای کەرکووک؛ 142.3 ملیمەتر
پارێزگای هەڵەبجە؛ 376.4 ملیمەتر
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ