رووداو دیجیتاڵ
دایکی ئارین هەبوون، ئەو گەریلایەی کە بە دیمەنی چەکدانانەکەی لە رێوڕەسمی چەکسووتاندنی ژمارەیەک گەریلای پەکەکەدا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنی، دەڵێت، ئاواتەخوازە پرۆسەی چارەسەری سەربگرێت و کچەکەی بگەڕێتەوە لایان.
رۆژی هەینی گرووپێکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ئەشکەوتی جاسەنەی شارۆچکەی دوکانی سەر بە پارێزگای سلێمانی، 30 ئەندامی پارتەکە لە ژێر ناوی "گرووپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" بە نۆرە چەکانیان رووە و ئاسمان دانا و گڕێ تێبەردەدەن.
ئەوەی سەرنجی میدیاکانی راکێشا، 25ـەم گەریلا بوو، بە ناوی ئاریا، ناسراو بە ئارین هەبوون، کە بە دانانی کڵاشینکۆفەکەی بووە ئایکۆنی ئەو مەڕاسیمە. خەڵک لە چوار پارچەی کوردستان هۆنراوەیان لەبارەی نووسی و گۆرانیان بەسەر هەڵگوتووە.
ئارین خەڵکی نسێبینی مێردینە؛ وەسیلە تۆکای، دایکی ئارین، دوای 10 ساڵ لە شاشەی تەلەفزیۆن کچەکەی بینییەوە، لەو ماوەیەدا بۆ یەکجاریش قسەی لەگەڵ نەکردووە.
دایکی ئارین بە رووداوی گوت: "کە یەکەمجار لە ریزەکەدا دەرکەوت، نەمناسیەوە. دوای دوو سێ خولەک لە دەرەوە تەلەفۆنیان بۆ کردم و گوتیان کچەکەشت لەناویاندا بوو."
وەسیلە سەرەتا باوەڕی نەکردووە ئەمە کچەکەی ئەو بێت و دەڵێت: "سەرەتا باوەڕم نەکرد، گوتم چۆن کچەکەم دوای 10 ساڵ لەناو ئەو هەموو مرۆڤەدایە، هیچ دەنگوباسێکی نەبوو، نەماندەزانی ساخە یان نەساخە. خۆم و باوکی (رێزان) بەدیارییەوە گریاین."
وەسیلە سەرباری بیرکردنەکەی، دڵخۆش بوو بەوەی بینی کچەکەی لە ژیاندا ماوە و لانیکەم دەزانێت لە چیاکانی قەندیل دەمێنێتەوە.
لە کاتی چەکدانانەکەیدا، ئارین بە رووخسارێکی خەمگین دەرکەوت، بەڵام بە گوتەی دایکی ئەمە رووخساری راستەقینەی ئارین نەبووە و دەڵێت: "ئەو مرۆڤێکی ئێجگار رووخۆشە و هەردەم پێدەکەنی."
ئارین هەبوون لەدایکبووی ساڵی 2000ـە و لە گەرمەی شەڕی داعشدا دەچێتە ریزەکانی پەکەکە. دایە وەسیلە دەڵێت، "کەس بە ئێمەی نەگوت وا کچەکەت هاتووەتە لای ئێمە و یان بڵێن وا ئێمە بردوومانە. بەڵام.. دوای چەند ساڵێک خۆمان زانیمان."
وەسیلە خانی دایکی ئارین بەنیازە وێنەی کچەکەی لەم تەمەنەدا بە دیواری ماڵەکەیاندا هەڵبواسێت و دەڵێت، بەردەوام سەیری هەواڵەکان دەکات.
ئەویش وەک هەر دایکێکی دیکەی گەریلاکان، تاسەباری گەڕانەوەی رۆڵەکەیەتی و باسی ئاواتەکەی دەکات و دەڵیت: "بەردەوام بەخۆم دەڵێم، تۆ بڵێی ئەم پڕۆسەیە سەربگرێت و کچەکەم بگەڕێتەوە ناومان و کوڵی دڵمان دابمرکێت؟ باوەڕ ناکەین!"
دایک باس لەو دەکات، جگە لە ئارین، دوو کوڕ و کچێکی دیکەی هەن. ئەو باسی خەمی رۆیشتنی کچەکەی دەکات کە لە تەمەنێکی کەم دا رۆیشتووە و دەڵێت: کچەکەمان نۆبەرەی ماڵ بوو، باوەڕمان نەدەکرد وا زوو جێمان بهێڵێت، خۆشم تەمەنم کەم بوو ئەوکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ