رووداو دیجیتاڵ
ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان هەنگاوی کردەیی ناوە بۆ گۆڕینی وێنەی نەریتیی ناوچەکە وەک ناوچەیەکی گەشتیاریی وەرزی، ئەوەش لە رێگەی پڕۆژەی نوێ و سوودوەرگرتن لە سرووشتی ناوچەکە. بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری گەرمیان دەڵێ، لە چەند ساڵی رابردوودا ژمارەی گەشتیاران رووی لە زیادبوون کردووە، بەڵام کۆمەڵێک کێشەی یاسایی و کارگێڕی، بەتایبەتی لەبارەی پۆلێنی زەوی و مۆڵەتپێدان، بوونەتە بەربەست لەبەردەم گەشەسەندنی زیاتری کەرتی گەشتوگوزار لە سنوورەکەدا.
هێرش فەیزوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری گەرمیان لە بڕگەیەکی بەرنامەی رۆژی (هیوا جەمال)ی تۆڕی میدیایی رووداو لە سەیرانگەی ژاڵەناوەوە تیشکی خستە سەر ئەو گۆڕانکارییانەی لە سێ ساڵی رابردوودا لە کەرتی گەشتوگوزاری سنوورەکەدا روویانداوە و گوتی: "ئەو قسەیەی کە دەکرا گەرمیان تەنیا بۆ زستان گونجاوە، بۆ چەند ساڵێک پێش ئێستا راست بوو. ئێستا گەرمیان کۆمەڵێک پڕۆژەی باشی تێدا ئەنجامدراوە؛ سوود لە ئاوی سیروان وەرگیراوە بۆ ئەوەی لە وەرزی هاوینیشدا بتوانین سەرنجی خەڵک رابکێشین."
ناوچەی ژاڵەناوە دەکەوێتە نزیک دەربەندیخان و یەکێکە لە نموونەکانی ئەو هەوڵانە. هێرش فەیزوڵڵا ئاماژەی بەوەدا کە پڕۆژەکە "بە دیزاینێکی ئەندازیاریی جوان و رێکوپێک لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکەمانەوە سەرپەرشتی دەکرێت."
پڕۆژەی "گەشتوکاڵ" و فراوانکردنی نەخشەی گەشتیاری
هەوڵەکانی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان تەنیا لە یەک ناوچەدا قەتیس نەماون. بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری ئیدارەکە، لە ناوچەکانی قەرەچەم و باوەنووریش پڕۆژەی هاوشێوە هەن و لەنێو شاری کەلاریش چەندین پڕۆژەی گەشتیاریی گرنگ، لەوانەش هۆتێل، مۆتێل و رێستۆرانتی مۆدێرن، کراونەتەوە.
یەکێک لە پڕۆژە نوێیەکانیش پڕۆژەی "گەشتوکاڵ"ە (تێکەڵکردنی گەشتوگوزار و کشتوکاڵ). هێرش فەیزوڵڵا لەمبارەیەوە گوتی: "ئەمە بیرۆکەیەکی جەنابی کاک قوباد تاڵەبانی بوو کە لە هەڵەبجە دەستی پێکرد. ئێمەش هاوتەریب لەگەڵیان پڕۆژەیەکی لەو شێوەیەمان هەیە و لە تەواوبووندایە. پێشبینی دەکەین لە دوو بۆ سێ ساڵی داهاتوودا، رەنگە بە تەواوەتی سیمای گەشتیاریی گەرمیان بگۆڕدرێ و بتوانین بڵێین هەنگاوێکی زۆر باش و تەندروستمان ناوە."
پار 19 هەزار گەشتیار روویان لە گەرمیان کردووە
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ژمارەی گەشتیاران لە گەرمیان ساڵ بە ساڵ لە زیادبووندایە. پێرار 18 هەزار گەشتیار و پاریش 19 هەزار گەشتیار روویان لە سنوورەکە کردووە.
هێرش فەیزوڵڵا جیاوازی دەکات لەنێوان "گەشتیار" و "سەردانیکار" و دەڵێت: "ئێمە ئەوانە بە گەشتیار هەژمار دەکەین کە لە رێگەی بازگەکانەوە دێنە ناوچەکە و کۆدیان لە ئاسایش هەیە کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە ئێران و ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە دێن. ئەو کەسانەی لە شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانەوە دێن، وەک سەردانیکار ناویان دەبەین و ئاماری وردمان لەبارەیان نییە."
کێشەی زەوی و یاسا؛ بەربەستی سەرەکی بەردەم وەبەرهێنانی گەشتیاری
ئاستەنگێکی بەردەم گەشەی کەرتی گەشتیاریی گەرمیان، کێشەی یاسایی و کارگێڕییە. هێرش فەیزوڵڵا رایگەیاند: "کێشەکە لای ئێمەش هەیە، هەندێکی چارەسەر کراوە، بەڵام هێشتا پڕۆژەمان هەیە دوو ساڵە بەهۆی رێنماییەکی وەزارەتی کشتوکاڵەوە راگیراوە."
یەکێک لە رێنماییەکان ئەوەیە کە دەبێ پڕۆژەی گەشتیاری "سوودی 100٪ لە ئاوی رووبارەکە وەربگرێت"، ئەمەش جێبەجێکردنی لە هەندێک ناوچەدا ئەستەمە. کێشەیەکی دیکەش پۆلێنی زەوییەکانە کە وەک "کشتوکاڵی" تۆمارکراون و گۆڕینیان بۆ "گەشتیاری" پرۆسەیەکی ئاڵۆزە.
دۆخی سەرتەک
ناوچەی سەرتەک یەکێکە لە ناوچە گەشتیارییە دیارەکان. بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری گەرمیان دەڵێت: "هیچ کام لە پڕۆژەکانی سەرتەک مۆڵەتیان نییە، چونکە لەگەڵ رێنماییەکانی کارەبا و رێگەوبان ناگونجێن."
لەلایەکی دیکەشەوە کێشەی موڵکداریەتیی زەوییەکان هەیە و بەشێکی خاوەن پڕۆژەکان ئامادە نین گرێبەستی فەرمی لەگەڵ حکومەت بکەن، چونکە پێیان وایە ئەو زەوییانە موڵکی باوباپیرانیانە. هێرش فەیزوڵڵا دەڵێ: "خاوەن پڕۆژەکان دەڵێن زەوییەکە 100 ساڵە هی خۆمانە، چۆن گرێبەست لەگەڵ حکومەت بکەین؟ بەبێ گرێبەستی فەرمیش، ئێمە ناتوانین مۆڵەتیان پێبدەین."
هێرش فەیزوڵڵا رایگەیاند، هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانیان لە وەزارەتەکانەوە تاوەکو ئیدارەی گەرمیان لەو کێشانە ئاگادار کردووەتەوە و هیواخوازە لە ئاستی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بڕیارێک دەربچێت بۆ رێکخستنەوەی باشتری ئەو کەرتە، تاوەکو ببێتە سەرچاوەی داهات بۆ حکومەت و خزمەتگوزاریی شایستەش پێشکەش بە گەشتیاران بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ