رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ شەممە لە کۆبوونەوەی میر و جڤاتی رووحانیی کوردانی ئێزدی بڕیاردرا شێخ عەلی ئیلیاس وەکو بابە شێخی ئێزدییان دیاری بکرێت.
کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی نزیکەی 250 سەرۆکهۆزی ئێزدییان بەڕێوەچووە، میری کوردانی ئێزدی دوای گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکانی بەشداربوو لە کۆبوونەوەکە، بڕیاریداوە شێخ عەلی ئیلیاس وەکو بابە شێخی ئێزدیان دیاری بکرێت.
شێخ عەلی شێخ ئیلیاس لە ساڵی 1979 لە شێخان لەدایکبووە و باوکیشی بۆ ماوەی 18 ساڵ لە 1978 تاوەکو 1995 بابە شێخی ئێزدییان بووە.
بڕیارە رۆژی چوارشەممەی داهاتوو لە رێوڕەسمێکدا لە پەرستگەی لالش، شێخ عەلی ئیلیاس دەستبەکار دەبێت.
ژمارەی کوردانی ئێزدی نزیکەی یەک ملیۆن کەسن، 550 هەزاریان لە باشووری کوردستان دەژین، بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری ئێزدییەکان، بابە شێخ رێبەری یەکەمە و دەبێتە ئەندامی ئەنجوومەنی رووحانی.
شێخ خرتۆ حاجی ئیسماعیل، بابە شێخی پێشووی ئێزدییان و رابەری رووحیی ئێزدییەکان، لە 1-10-2020 و لە تەمەنی 87 ساڵیدا بە نەخۆشی کۆچی دواییکرد.
بەشێک لە کوردانی ئێزدی ناڕازین لە دەستنیشانکردنی شێخ عەلی ئیلیاس وەک بابە شێخی نوێی ئێزدییان، شێخ شامۆ، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ئێزدییان دەڵێت، شێخ عەلی بە ئامادەبوونی زیاتر لە 200 کەس لەلایەن میری کوردانی ئێزدییەوە دیاریکراوە.
شێخ عەلی بابە شێخ
- عەلی ئەلیاس حەجی ناسر ناسراو بە عەلی بابە شێخ
- ساڵی 1979 لە شێخان لە دایکبووە
- خوێندنی سەرەتایی لە شێخان تەواوکردووە
- کوردی و عەرەبی بە باشی دەزانێت (خوێندن و نووسین)
- لە تەمەنی 10 ساڵی لەسەر دەستی باوکی فێری زانستی ئێزدیاتی بووە بۆ ماوەیەکی درێژ چەندین قەول و قەسیدە و بەیت و نزا فێربووە.
- لە تەمەنی 12 ساڵییەوە خزمەتی پەرستگەی لالش دەکات و ئێستاش بەردەوامە
- شێخ ئەلیاسی باوکی 18 ساڵ وەک بابە شێخی ئێزدییەکان بووە 1978 تاوەکو 1995
- باپیری شێخ حەجی ناسر 36 ساڵ بابە شێخ بووە و لە ساڵی 1921 تاوەکو 1957
- ساڵی 2001 هاوسەرگیریی کردووە و دوو کوڕ و دوو کچی هەن
- ساڵی 2003 گەڕاوەتەوە شنگال و لە کۆمەڵگەی شێخکای سەر بە ناحیەی ئەلقوش نیشتەجێبووە.
- بەردەوامە لە رۆژووگرتنی هاوینان و زستانان
- 25 ساڵە لە هەموو جەژنی ئێزدییەکان لە پەرستگەی لالش بەشداری دەکات
- شارەزایەکی باشی لە قەول و بەیت و قەسیدەی ئێزدییەکاندا هەیە
- لە 14-11-2020 لەلایەن ئیزدییەکان بنەماڵەی میر و میر حازم و کۆمەڵەی رۆحانی ئێزدییەکان دەستنیشنکراوە و وەک بابە شێخی نوێی ئێزدییەکان.
- رۆژی چوارشەممە بە فەرمی دەستبەکار دەبێت.
.
سەردانیکردنی ماڵی بابەشێخی نوێی ئێزدیان بۆ پیرۆزبایی
وێنە: هەژار خورشید - رووداو pic.twitter.com/7NYPoveoS8— Rudaw (@Rudawkurdish) November 14, 2020
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ