رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی عێراق رایدەگەیێنێت، لە ئەمڕۆ سێشەممەوە کەشوهەوا ناسەقامگیر دەبێت و لە هەرێمی کوردستان و عێراق باران دەبارێت، بارانەکەش تاوەکو ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە بەردەوام دەبێت.
عامر جابری، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، رۆژی سێشەممە، 14-11-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی ئەو نزمەپاڵەپەستۆیەی لە دەریای سوور رووی لە عێراق کردووە لە ئەمڕۆ سێشەممەوە کەشوهەوای عێراق ناسەقگیر دەبێت، دۆخەکە تاوەکو رۆژی پێنجشەممە بەردەوام دەبێت.
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی کەشناسی عێراق گوتی، سەرەتا لە هەندێک شوێن ئاسمان هەور دەبێت لەگەڵ نمەباران، دواتر ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە لە هەندێک ناوچە لێزمە باران دەبێت لەگەڵ هەورە برووسکە بەتایبەتی لە رۆژئاوای عێراق بۆ شەوەکەشی هەموو ناوچەکانی عێراق دەگرێتەوە. پلەی گەرما لەنێوان 24 بۆ 33 پلە دەبێت لەگەڵ هەڵکردنی بای باشوور کە خێراییەکەی مامناوەند دەبێت.
لەبارەی کەشوهەوای هەرێمی کوردستانیشەوە، عامری جابری، رایگەیاند، لە هەرێمی کوردستان لە پارێزگاکانی دهۆک، هەولێر، سلێمانی، کەرکووک و موسڵ، بارانی مام اوەند و لێزمە دەبێت لەگەڵ هەورە بروسکە، پلەی گەرما 17 بۆ 20 پلە دەبێت.
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی کەشناسیی عێراق پێشبینی دەکات ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە شەپۆلی بارانەکە کۆتایی بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ