رووداو دیجیتاڵ
کادرێکی پێشکەوتووی پارتی دەڵێت، ژمارەی کورد لە خورماتوو لەئاست بەدەستهێنانی کورسیی پەرلەمانی عێراقدا نییە. بەرپرسێکی یەکێتیش دەڵێت، لەوانە بوو یەک لیستیی لایەنە کوردستانییەکان لە کەرکووک، کاریگەریی لەسەر بەرزبوونەوەی ژمارەی دەنگدەران هەبووایە.
ئەمڕۆ هەینی 14-11-2025 هەر یەکە لە ئەرسەلان عەلی، کادری پێشکەوتووی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خورماتوو و شێرزاد سەمەد، لێپرسراوی بەشی هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کەرکووک، لەسەر مژاری دابەزینی کورسیی کورد لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و لێکەوتەکانی، میوانی بووڵتەنی کاژێر 11:00ی تۆڕی میدیایی رووداو بوون کە هیڤیدار زانا پێشکێشی کرد.
ئەرسەلان عەلی ئاماژەی بە هۆکاری سەرنەکەوتنی بەربژێری پارتەکەی لە خورماتووی پارێزگای سەلاحەدین کرد کە لە چوارچێوەی لیستی عەزمدا بەربژێر بوو و رایگەیاند، دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، زیاتر لە هەزار ماڵی کورد لە خورماتوو ئاوارە بوون و تەنیا ژمارەیەکی کەمیان گەڕاونەتەوە قەزاکە.
بەگوتەی ئەو کادرەی پارتی لە خورماتوو، بەراورد بە هەڵبژاردنی ساڵی 2021ـی پەرلەمانی عێراق، بەربژێرەکەیان دەنگێکی باشی بەدەستهێناوە، ''بەڵام بەداخەوە سەرنەکەوت، چونکە تەنیا یەک لەسەر سێی دانیشتووانی قەزاکە کوردن، ئەو رێژەیەش کاریگەری هەبووە لەسەر دەنگی ئێمە.''
ئەرسەلان عەلی دەڵێت، بەگشتی رێژەی بەشداریی کورد لە قەزاکە لە ئاستی چاوەڕانیدا نەبووە و ''نزیکەی 40٪ بۆ 45٪ بوو. هەندێک لە ئاوارەکان گەڕابوونەوە، بەڵام بەهۆی ئەو رێگرییانەی کە هەبوون، کورد نەیتوانی بەگوێرەی پێویست بچێتە سەر سندووقەکانی دەنگدان.''
هاوشێوەی پارتی، بەربژێری یەکێتی لە قەزاکە، لەسەر لیستێکی عەرەبی (جەماهیری نیشتمانی) بەشداری رکابەرییەکە بوو، بەڵام دەرنەچوو. ئەو کادرەی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، یەک لیستی یان فرەلیستی کاریگەریی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکە نەدەبوو، ''ساڵی 2010 لە خورماتوو لەوپەڕی هێزدا بووین، بە یەک لیست دابەزین، بەڵام دیسان نەمانتوانی بگەینە ئاستی بەدەستهێنانی کورسی.''
ئەرسەلان عەلی زیاتر روونی دەکاتەوە، ''دوایین لیست لە سەلاحەدین 40 هەزار دەنگی هەیە و بەربژێرێکی دەرچووە، ئێمە هەر هەموومان بچینە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ بدەین، دەنگی کورد ناگاتە 35 هەزار.''
وەک ئەو کادرەی پارتی دەڵێت، ئەو بەربژێرە ئافرەتەی لە لیستی عەزم سەرکەوتووە، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدینە، ''ئێستا دەنگی دووەمی لیستەکە هی بەربژێرەکەی ئێمەیە و پشتیوان بە خودا شوێنەکە پڕ دەکاتەوە و دەبێتە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا.''
هاوکات لە بووڵتەنەکەدا شێرزاد سەمەد، لێپرسراوی بەشی هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کەرکووک لەبارەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن رایگەیاند، ''لە ئەنجامەکە رازین. کەرکووکییەکان درێخییان نەکردووە لە بەشداریکردندا''.
شێرزاد سەمەد ئاماژەی دا، یەکێتی بەراورد بە هەڵبژاردنی ساڵی 2021ـی پەرلەمانی عێراق، 89 هەزار دەنگی لە کەرکووک زیاد کردووە؛ ''بەگشتی زیاتر لە 253 هەزار دەنگدەری کورد لەسەر ئاستی لیستە کوردستانییەکان بەشدارییان کرد؛ هەروەها 235 هەزار دەنگدەری عەرەب و 97 هەزار دەنگدەری تورکمانی بەشداری هەڵبژاردنەکە بوون.''
سەرەڕای ئەوەی بەراورد بە هەڵبژاردنی ساڵی 2021ـی پەرلەمانی عێراق، دەنگی کورد لە کەرکووک زیاتر لە 117 هەزار زیادی کردووە، بەڵام پێنج کورسی بەدەستهێناوە و کورسییەکی لەدەستداوە. لێپرسراوی بەشی هەڵبژاردنی یەکێتی لە کەرکووک دەڵێت، ''پارتی هۆکاری لەدەستدانی کورسییەکە بووە. پێویست بوو دەنگەکانی لە بازنەکە لە 64 هەزار و 500 تێبپەڕێت، بۆ ئەوەی بەپێی سیستمی سانتلیگۆ، کورسییەکە دەستبخات.''
لە کەرکووک کورد بە پێنج لیست بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی کرد کە تەنیا پارتی و یەکێتی کورسییان بەدەستهێنا. وەک شێرزاد سەمەد گوتی، ''راستە هەموو خەڵک پێی خۆشە کورد یەکدەنگ بێت، بەڵام لە ئەگەری یەک لیستیشدا بەو یاسایەی هەڵبژاردن، ئەنجامەکان هەر بەو شێوەیە دەردەچوون، بەڵام لەوانە بوو یەک لیستیی کورد، کاریگەریی لەسەر رێژەی بەشداریی دەنگدەرانی کورد هەبووایە.''
لەو هەڵبژاردنەدا، نزیکەی 120 هەزار دەنگدەری عەرەبیش زیادی کردبوو. لێپرسراوی بەشی هەڵبژاردنی یەکێتی لە کەرکووک رەتی دەکاتەوە عەرەبی هاوردە لە شوێنەکانی دیکەوە خرابنە سەر کەرکووک و دەڵێت، ''فرەژنی و وەچەخستنەوە لە سرووشتی پێکهاتەی عەرەبدایە. ئەمە لە کورددا جیاوازە. بۆیە ژمارەی عەرەبەکان روو لە زیادبوونە. ئەگەرنا هیچ عەرەبێک نەگوێزراوەتەوە سەر کەرکووک.''
شێرزاد سەمەد جەختی لەوەش کردەوە، ''پێویستە ئەو لایەنانەی نوێنەرایەتیی کورد دەکەین لە شارەکە، بە بەردەوامی ئامادەکاری بکەین و دوور لە دەمارگرژیی حیزبی بین و کێشەکانی هەرێمی کوردستان تێکەڵ بە کەرکووک نەکەین.''
بەگوێرەی ئەنجامە بەراییە فەرمییەکانی کۆمیسیۆن، ژمارەی کورسیی لایەن و هاوپەیمانییە براوەکان لە کەرکووک بەو شێوەیەیە:
یەکێتی: چوار کورسی
پارتی: یەک کورسی
تەقەدووم: سێ کورسی
بەرەی تورکمانی: دوو کورسی
عەزم: یەک کورسی
هاوپەیمانیی عەرەبی: یەک کورسی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ