گوتەبێژی ئەنەکەسە: هیچ وادەیەک بۆ کۆبوونەوەمان لەگەڵ پەیەنەکە دیاری نەکراوە

14-12-2024
پەیمان محەممەد
فەیسەڵ یوسف، گوتەبێژی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 11:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو.
فەیسەڵ یوسف، گوتەبێژی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 11:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی ئەنەکەسە دەڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ وادەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی دیالۆگی کوردی - کوردی دیاری نەکراوە، گوتیشی: ''پێویستە دەستوورێک بۆ سووریا بنووسرێتەوە کە سەرجەم داخوازییەکانی گەلی کورد تێیدا دەستەبەر بکرێن.''
 
ئەمڕۆ شەممە 14-12-2024، فەیسەڵ یوسف، گوتەبێژی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 11:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە دڵدار هەرکی پێشکێشیکرد رایگەیاند: ''تاوەکو ئەوکاتەی داهاتووی سووریا دیاری دەکرێت، ئێمە گرنگییەکی تایبەت بە پرسی یەک هەڵوێستیی کورد دەدەین، بەڵام ئەو یەک هەڵوێستییەش دەبێت رێککەوتنی لەسەر بکرێت.''
 
دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، گرنگیی دیالۆگی کوردی - کوردی بۆ یەکگرتوویی کورد لە داهاتووی سیاسیی سووریا، چەند هێندە زیاتر بووە. پارتەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (پەیەنەکە) ئامادەیی خۆی پیشان داوە بۆ دەستپێکردنەوەی دیالۆگی کوردی کوردی؛ فەیسەڵ یوسف گوتی: ''ئێمەش ئامادەین بۆ دانوستاندن، بەڵام  دەربڕینی ئامادەیی پەیەنەکەمان تەنیا لە راگەیاندنەکان بیستووە و بە شێوەی فەرمی هیچمان نەبیستووە.''
 
دیالۆگی کوردی - کوردی لەنێوان هەردوو لایەنی ئەنەکەسە و پەیەنەکە بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکانی نێوانیانە، کە سەرەڕای لێکتێگەیشتنی پێشوو، لە ساڵی 2021ـوە گفتوگۆکانیان راگیراون. گوتەبێژی ئەنەکەسە گوتی:''تاوەکو ئێستا هیچ وادەیەک بۆ کۆبوونەوەمان لەگەڵ پەیەنەکە دیاری نەکراوە.''
 
فەیسەڵ یوسف بە پێویستی دەزانێت دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد،  پەیامێک بدەنە وڵاتانی دەوروبەر، ئۆپۆزیسیۆن و خەڵکی سووریا کە" ئێمە وەکو گەلی کورد تایبەتمەندیی خۆمان هەیە و گرێدراوی هیچ کەسێک نین. بۆیە دەبێت تەرکیزمان لەسەر ئەم پەیامە بێت، نەوەک ئەوەی کە هەر لایەنێک بە جیا هەڵوێست و داواکاریی خۆی هەبێت.''
 
گوتەبێژی ئەنەکەسە گوتی: "دەبێت یەکهەڵوێستی هاوبەش لە نێوان لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەتی پەیەنەکە و ئەنەکەسە هەبێت، بۆ پاراستنی مافەکانی کورد؛ ئێستا پێویستە دەستوورێک بۆ سووریا بنووسرێتەوە کە سەرجەم داخوازییەکانی گەلی کوردی تێدا دەستەبەر کرابێت، نەوەک تەنیا داخوازییەکانی لایەنێکی دیاریکراو.''
 
چەند رۆژە شاندێکی فەرەنسی - ئەمریکی لە رۆژئاوای کوردستانن و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و کەسایەتییە سەربەخۆکان کۆدەبنەوە، بۆ ئەوەی شاندێکی یەکگرتوو پێکبهێنن و بە مەبەستی دانوستاندن لەسەر حکومەتی داهاتووی سووریا و بەڕێوەبەریی رۆژهەڵاتی رووباری فوورات و بەتایبەتی رۆژئاوای کوردستان، بچنە دیمەشق، بەڵام پێویستە سەرەتا کۆتایی بە ناکۆکییەکانی ئەنەکەسە و پەیەنەکە بهێنرێت.
 
بەگوتەی فەیسەڵ یوسف، لەکاتی چوونی شاندەکە بۆ دیمەشق، ئەنەکەسە باسکردنی سیستمی فیدراڵی بۆ بەڕێوەبەریی داهاتووی سووریا و رۆژئاوای کوردستان بە پڕۆژەیەکی باش دەزانێت ئەوە لەکاتێکدایە پێشتر، هیچ لایەنێکی ئۆپۆزیسیۆن جگە لە کورد، ئەم سیستمەی بە گونجاو نەزانیوە.
 
رووداو زانیوێتی، شاندی فەرەنسی-ئەمریکی داوا دەکەن، ئەو شاندەی بڕیارە پێکبهێنرێت، جیا لە نوێنەری لایەنە کوردییەکان، دەبێت کەسایەتیی سەربەخۆی ناوچەکە و نوێنەری پێکهاتەکانی وەکو سریانی، ئاشۆری و عەرەبیشی تێدا بێت و بەر لە کۆتایی مانگ بچنە دیمەشق.
 
کۆبوونەوەکانی شاندی فەرەنسی - ئەمریکی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی کورد لە رۆژئاوای کوردستان لەکاتێکدان کە رۆژی یەکشەممە 08-12-2024، چەکدارانی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) و هاوپەیمانەکانی، دیمەشقی پایتەختیان کۆنترۆڵ کرد و لە میدیای فەرمیی دەوڵەت رووخاندنی دەسەڵاتی ئەسەدیان راگەیاند. دواتر، رووسیا رایگەیاند بەشار ئەسەد و ماڵباتەکەی لە مۆسکۆن و مافی پەنابەرییان پێدراوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی لە پیرمام. وێنە: بارەگای بارزانی

مەزڵووم عەبدی بە کۆپتەرێکی ئەمریکی پەیامی رۆژئاڤای گەیاندە هەولێر

بارەگای بارزانی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، ئەمڕۆ سەرۆک بارزانی لە پیرمام پێشوازیی لە مەزڵووم عەبدی کردووە و باسیان لە یەکڕیزی و چارەنووسی کورد لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا کردووە.