رووداو دیجیتاڵ
تۆڕی میدیایی رووداو، لە رێی بەرنامەی لەگەڵ رەنجەوە، کە پێشکێشکاری نێوداری کورد رەنج سەنگاوی پێشکێشی دەکات، هەڵمەتێکی گەورەی بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانبەرکەوتووانی لافاوەکەی سنووری گەرمیان، سلێمانی و کەرکووک راگەیاند.
رەنج سەنگاوی، بە قاتێکی رەشەوە، وەکو دەربڕینی هاوخەمی بۆ قوربانییانی لافاوەکە بەرنامەکەی پێشکێش کرد، لە سەرەتای بەرنامەکە، میوانداری سەرمایەداری نێودار فارووقی مەلا مستەفای کرد.
فارووقی مەلا مستەفا 1.2 ملیار دیناری بەخشی
رەنج سەنگاوی بەم جۆرە باسی گفتوگۆ خۆی و فارووقی مەلا مستەفای کرد و گوتی: "کاک فارووق لیستێکی ناوی سەرمایەدارانی ئامادە کردبوو، گوتی یەک یەک بۆم بخوێنەوە و ئەوەی خۆی ویستی گوتی سەحێکی لێبدە. گوتم بۆچییە؟ گوتی ئەوانەی سەحیان لێدەدەی دڵنیام بەشداری دەکەن." رەنج سەنگاوی گوتی: "تاقیم کردەوە 90٪ی وابوو، ئەوانەی سەحیان لێدرابوو بەشداربوون."
فارووقی مەلا مستەفا، لەبارەی هەستی خۆیەوە بە رەنج سەنگاوی گوت: "هەستی من، هەستی هەموو هاووڵاتی و نیشتمان پەروەرێک بوو، ئەو کەسەی کە وڵاتی خۆی خۆشبوێت و لە بەرەوپێش چووندا هاوکار بووبێت.'
لەبارەی زیانبەرکەوتووانیشەوە گوتی: "ئەم خەڵکە، جووتیار و کرێکارن، لافاو هەموو شتێکی لەنێوبردوون، کارەساتەکە سرووشتییە، بەڵام هیوادارم ئیدی بەربەست دروست بکرێت بە بەنداو و ئاوەڕۆ و تێکەڵکردنەوەیان بە رووبارەکان."
"لافاوەکەی ساڵی 1957ی سلێمانی هێندەی ئەم لافاوە جەرگبڕ نەبوو"
موژدەیەکی گەورەی فارووقی مەلا مستەفا بۆ خەڵکی چەمچەماڵ؛ لەنێو بەرنامەی رەنج یەک ملیار و 200 ملیۆنی بەخشی pic.twitter.com/6kN6CP9GL4
— Rudaw (@Rudawkurdish) December 14, 2025
فارووقی مەلا مستەفا، بانگهێشتی سەرجەم سەرمایەداران دەکات "بە ئازایەتی خۆیان دەستیان واڵا بێت بۆ خۆیان و هاندانی خەڵکی دیکە بۆ ئەوەی بەشداری بکەن لەم ناخۆشییەدا. من لافاوی ساڵی 1957ی سلێمانیم بیرە کە ئەوەندەش گەورە نەبوو، هەرچەندە ئۆتۆمبێلی لەگەڵ خۆیدا برد، بەڵام ئەوەندەی ئەمەی چەمچەماڵ جەرگبڕ نەبوو."
کفن گیرفانی نییە "کاک فارووق باسی مردنت لێ نایەت"
فارووقی مەلا مستەفا لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: "من هەموو کات هەوڵدەدەم بەشداری ئەم جۆرە کارانە بکەم، جێی دڵخۆشییە کە بەشدارییەکی باش هەیە. بە سەرمایەدارانم گوت، لەپێناو میللەتەکەتان بەشداری بکەن، چونکە کفن گیرفانی نییە."
بەڵام رەنج سەنگاوی، قسەکانی بە فارووقی مەلا مستەفا بڕی و بە زەردەخەنەیەکەوە گوتی: "کاک فارووق! باسی مردنت لێ نایە، بمێنە بۆ جوانی و باسی ئاوەدانی بکە."
فارووقی مەلا مستەفا، دوای ئەوەی رایگەیاند کە بڕی یەک ملیار و 200 ملیۆن دیناری بە زیانبەرکەوتووان بەخشیوە، باسی ناخۆشترین ئەو دیمەنانەشی کرد کە لەکاتی کارەساتەکە بینیویەتی و گوتی: "هەموو دیمەنەکان ناخۆشبوون، ناخۆشترین ئەوەبوو کە ماڵێک بە گڵ دروستکراوە و خۆیان ژیانیان باش نییە. یان ئەوانەی مانگایەک یان دووانیان هەیە و لافاو بردوونی."
"پڕ بە دڵ زۆر دڵخۆشم بەوەی توانیومە شتێکی کەم بکەم بۆ بەشێکی بچووکی ناوچەکەم، هیوادارم کارەساتی دیکە نەبینین، بەڵام کارەسات هەر دەبێت، ئەو کەسانەی بەشداری نەکەن پێموایە هەڵەی گەورە دەکەن لە ژیان."
شێخ فاخیر یەک ملیار دیناری بەخشی
یەکێکی دیکە لە میوانەکانی رەنج سەنگاوی، شێخ فاخیر شێخ تەیب، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گرووپی کۆمپانیاکانی قەیوان بوو، ئەویش لەنێو بەرنامەکەدا رایگەیاند کە بڕی یەک ملیار دیناری بەخشیوە.
@rudaw.official رەنج سەنگاوی چیرۆکی بەرنامەکەی باس دەکات: نەخۆش بووم و لەژێر جێگە بووم، بەڵام گوتم: خودایە یارمەتیم بدە #rudawdigital #rudawmedia #رووداو ♬ original sound - Rudaw
شێخ فاخیر گوتی: "داوا لە خوای گەورە دەکەین ئەوانەی زیانیان پێگەیشتووە قەرەبوویان بکاتەوە و جارێکی دیکە ئەم رووداوانە روونەدەنەوە، ئەرکی هەموو لایەکە لەم رۆژەدا بەپێی توانا ئامادە بێت بۆ هاوکاری."
لەبارەی بەخشینەکانییەوە، شێخ فاخیر شێخ تەیب ئاماژەی بەوەکرد، "ئێمە رەنگە بە بەردەوامی لەنێو ئەم پرۆسەیەدا حزرووی زۆرمان هەبێت، خوای گەورە دەفەرمووێت بە نهێنی و ئاشکرا ببخەشن، ئاشکرا بۆ ئەوەی چاوت لێبکەن و نهێنیش بۆ ئەوەی لەنێوان خۆت و خوادا بێت."
"ئێمە بە بەردەوامی کاردەکەین بۆ بەخشین و هاوکاریکردن. بەڵام خوای گەورە دەفەرمووێت: " لا تُبْطِلُوا صَدَقَاتِكُمْ بِالْمَنِّ وَالأَذَى..." نامانەوێت بەخشین بچێتە خانەی منەتکردن بەسەر خەڵکدا، بەڵام هەندێ جاریش دەمانەوێ رایبگەیێنین بۆ ئەوەی ببێتە نەریت بۆ هەموو سەرمایەداران."
"لەزەت لە بەخشین دەکەین نەک هەڵگرتنی پارە"
بە گوتەی ئەو سەرمایەدارە، "هەمیشە بازرگانان و پیاوانی کار بەشدارییەکی گەورەیان هەبووە لە کەمکردنەوەی ناڕەحەتییەکانی خەڵک، ئەمانە رۆڵی گەورەیان هەیە لە پێشخستنی ئابووریی وڵات و خۆشگوزەرانی."
شێخ فاخیر باسی هەستی خۆی لەدوای بەخشینەکە کرد و گوتی: "هیچ لەو هەستە خۆشتر نییە کە بەشێک بیت لە کەمکردنەوەی کێشەی کەسێکی دیکە، بەپێی شەرعیش رەنگە بە دووعایەکی خێر دەرگایەکی بەهەشتت بۆ کرابێتەوە. بە دڵی فراوانەوە دەبەخشین، لەزەت لە بەخشینەکە زیاتر دەکەین نەک هەڵگرتنی پارەکە لەنێو قاسەدا."
"دڵنیام ئەو پارەیەی لەڕێی رەنجەوە دەیبەخشم لە دەستێکی ئەمیندایە"
نەجمەدینی حاجی محێدین، یەکێکی دیکە بوو لەو سەرمایەدارانەی کە بەدەم بانگەوازەکەی رەنج سەنگاوییەوە هاتوو و لە بەرنامەکەشدا میوان بوو.
ئەو گوتی: "هەستێکی زۆر خۆشم هەیە، خۆشبەختانە شانسی ئەوەم هەبووە لە هەموو کەمپەینێکی جەنابتان بەشداربووم. ئێمە خۆمان هی ئەوانین [خەڵک]، هەرچییەک بۆ خەڵک بکەین چاکەمان نەکردووە و واجبی سەرشانمانە، ئێمە لەم شارە پارە پەیدا دەکەین و ئەم شار و کەسانە نەبن، ئێمە هیچ نین."
نەجمەدینی حاجی محێدین بە رەنج سەنگاوی گوت: "ئەو کارەساتانەی نیشانتان دان، بیرمان ناچنەوە، کارەساتی دڵتەزێنە و هاوبەشی خەمیانین، ئەوە جێی دڵخۆشییە کە زیانی گیانی زۆر نەبووە، ئینشائەڵڵا خوای گەورە زیانە مادییەکە قەرەبوو دەکاتەوە."
ئەو سەرمایەدارە بڕی 200 ملیۆن دیناری بەخشی و دواتر گوتی: "هیچ نازێک ناکەم بەسەر خەڵکدا، من هیچم نییە بەرامبەر میللەتەکەم، خۆم هی ئەوانم، دڵنیاشم پارەکە لە دەستێکی ئەمیندایە و دەگاتە دەستی زیانبەرکەوتووان."
بۆتان بامۆکی، نوێنەری کۆمپانیاکانی هەڵەبجە گرووپ، یەکێکی دیکە بوو لە سەرمایەدارەکان و میوانانی رەنج سەنگاوی. لەبارەی رووداوەکەوە گوتی: "دیمەنی یارەمەتیدانی قوتابیان کە نەیاندەتوانی بپەڕنەوە زۆر کاریگەربوو، یان هاونیشتمانییەک کە بە پیکەبێک رزگاری دەکەن. ئێستاش هەستێکی زۆر خۆشە بە بتوانین هاوکاریان بین لەم دۆخەی کە تێیکەوتوون، حەزمان دەکرد بۆ خۆشی لەگەڵیان بین، ئینشائەڵلا لەمەودوا بۆ خۆشی لەگەڵیان دەبین."
بۆتان بامۆکی، بڕی 300 ملیۆن دیناری بە زیانبەرکەوتووان بەخشی.
حاجی فەرمان، راوێژکاری یاسایی گرووپی کۆمپانیاکانی کۆڵەکیش، لە هەڵمەتە خێرخوازییەکەدا بەشداربوو، لە بەرنامەی لەگەڵ رەنج دا گوتی: "لە ناخی دڵەوە دڵتەنگین، بەڵام لەگەڵ کاری خودا هیچ ناکرێت، ئەوەی بە ئێمە بکرێت هاوکار دەبین بۆ ئەو خێزانانەی کە زیانیان بەرکەوتووە."
حاجی فەرمان، بڕی 100 ملیۆن دیناری بە زیانبەرکەوتووان بەخشی و گوتی: "ئێمە زۆر دوورین لە چاوی کامێرا و میدیا، بەڵام ئەم هەڵمەتەی ئێوە بە ئەرکی ئاینی و ئەخلاقی خۆمان دەزانین."
250 ملیۆن دیناری بەخشی و نەیهێشت ناوی ئاشکرا بکرێت
چەندین بازرگان، هونەرمەند و کەسایەتی، ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ ئەوەی لە رێگەی رەنجەوە هاوکاری خەڵکی زیانبەرکەوتوو بکەن.
خێرخوازێک بڕی 250 ملیۆن دیناری بەخشی و نەیهێشت ناوی بهێنرێت، هاونیشتمانییەکی دیکە بڕی 10 ملیۆن دیناری بەخشی لەپێناو ئەوەی خەڵک نزای خێر بۆ باوکە نەخۆشەکەی بکەن.
هونەرمەند زەکەریا عەبدوڵڵاش بە دەم بانگەوازەکەی رەنجەوە هات
هونەرمەندی نێودار، زەکەریا عەبدوڵڵا، بە دەم بانگەوازەکەی رەنج سەنگاوییەوە هات و بڕی 100 ملیۆن دیناری بەخشی. لە بەرنامەکەدا رەنج سەنگاوی پەیامێکی بۆ نارد و گوتی: "خەڵک بیرت دەکات خارە، هیوادارم بە زووترین کات یەک ببینین و بەرنامەیەکی جوان بکەین."
هونەرمەندی گەنج، ئاگرین دڵشادیش، بڕی 250 ملیۆن دیناری بە زیانبەرکەتووان بەخشی و رەنج سەنگاوی لە وەسفی ئاگریندا گوتی: "ئاگرین خۆی 'ئای ئای'ـەکەی چێژێکی سەیری هەیە، ئەمڕۆش هەمووان هاوسۆزی چەمچەماڵ و تەکیە و گەرمیان و پیرەمەگروونن."
بەشێک لە بەخشەرە دیارەکان:
کۆمپانیای ئای کیو، بڕی 100 ملیۆن دینار
مستەفا خالید خۆشناو، بڕی 100 ملیۆن دینار
خێرخوازێک 100 سۆپا دەبەخشێتە زیانلێکەوتووانی لافاو
حاجی خەیروڵڵا، 10 ملیۆن دینار
کۆمپانیای چۆمان لە سلێمانی بە 300 تۆن چیمەنتۆ هاوکاری زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی کرد
6 هەزار ماڵبات کە منداڵیان لە قوتابخانەی شوەیفاتە، بەهۆی بەرنامەی لەگەڵ رەنجەوە هاوکاری زیانلێکەوتووان دەکەن
گرووپی کۆمپانیاکانی یەعقوب 100 ملیۆن دینار
کۆمیسیۆنێک بۆ کۆکردنەوە و دابەشکردنی هاوکارییەکان
رووداو هەژمارێکی لە بانکی چەرموو کردووەتەوە، کە بۆ ناردنی دینار بە کۆدی 3018 و بۆ ناردنی دۆلار بە کۆدی 1ـە.
تۆڕی میدیایی رووداو، عەلی سەرباز جافی وەکو نوێنەری خۆی دەستنیشانکردووە و هەروەها داوای کە هەریەکە لە مونا یاقو، سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ و حاکم ئەحمەد، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی کردووە کە سەرپەرشتی و چاودێریی هەڵمەتەکە بکەن و ئەوانیش ئامادەییان نیشانداوە.
رەنج سەنگاوی: حەزم دەکرد ماسیحە بەدەستێکی ئارامە ریشە بم
پێشکێشکاری نێودار، رەنج سەنگاوی، ئارامە ریشە و ستافەکەی بە پاڵەوانی هەڵمەتەکە نەزانی و گوتی: "پاڵەوانانی بەهاناوەچوون، ئێمە نین، خەڵک و سەرمایەدارانن. خۆی ئەمە کاری حکومەتە، بەڵام ئێمەین سەرمایەداران جاڕس دەکەین هەرچەندە ئەوان بە دڵ کردوویانە."
رەنج سەنگاوی نەیشاردەوە کە لە رووماڵی کارەساتەکەدا ئێرەیی بە پەیامنێران بردووە. گوتی، "دەستی هەمووان خۆش، بەتایبەت میدیاکاران و پەیامنێران، پەیامنێران لەبەر سەرما بوون، کاریان زۆر جوان بوو، بەخیڵییان پێدەبەم، من زۆر ناساخ بووم و ئێستاش دیارە کە لێوم قڵیشاوە، بەڵام حەزم دەکرد ماسیحە بەدەستێکی کاک ئارامە ریشە بم."
رەنج سەنگاوی پرسیاری ئەوەی کرد کە "چەند رێکخراوی جیهانی، عەرەبی، تورکی و فارسی بەهانامانەوە هاتن؟" گوتیشی: "خۆ ئەگەر شەڕمان کردبا، بە لۆری چەکیان بۆ ئەمبەر و ئەوبەر دەنارد! ئەوەی خۆمان بۆ خۆمانی دەکەین خەڵک بۆمان ناکات، بۆ با خۆمان بۆ خۆمان بین."
درێژکردنەوەی ماوەی بەرنامەکە بەهۆی زۆریی بەخشینەکانەوە
بەهۆی زۆریی بەخشینەکانەوە، رەنج سەنگاوی، دوای کاژێرێک لە دابڕانی لە بەرنامەکەی، هاتەوە نێو ستۆدیۆ و جارێکی دیکە باسی هاوکارییەکانی کرد. رەنج سەنگاوی گوتی: "بەهۆی بێمووچەیی و باری قورسی سەرشانی هاونیشتمانییان، داوام لە خەڵکی ئاسایی نەکرد بەشداربن."
جەلال جەمال پێنجوێنی، خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی پێنجوێن لە ئیماراتەوە، پەیوەندیی بە رەنج سەنگاوییەوە کرد. رەنج گوتی: "لەبەر خەڵک و تۆ گەڕامەوە ستۆدیۆ، هەمیشە جەنابتان لە کاتی رووداو و کارەساتە ناخۆشەکان دەبینم کە هاوکاری دەکەن بۆ یارمەتیدانی خەڵکی لێقەوماو."
جەلال جەمال پێنجوێنیش گوتی: "بڕی 400 ملیۆن دینار دەبەخشم و 400 ملیۆنی دیکە بە خەڵکی پیرەمەگروون دەبەخشم."
رەنج سەنگاوی: لەرز و تام هەبوو بەڵام دڵم لای زیانبەرکەوتووان بوو
ئەیووب یەعقووب، خاوەنی کۆمپانیای یەعقووب، یەکێکە دیکەبوو لەو سەرمایەدارانەی کە بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ رەنج سەنگاوی کرد، سەرەڕای ئەوەی 100 ملیۆن دیناری بەخشی، گوتی: "ئەمە ئەرکێکی مێژوویی و ئەخلاقی سەرمایەدارانە، داوا لە هەموو سەرمایەدارە نیشتمانییەکان دەکەم هاوبەش بن، ئەگەر ئێستا هاوکار نەبین ئەی کەی دەتوانین هاوبەش بین."
رەنج سەنگاوی گوتی: "لەرزو تام هەبوو، لەماڵەوە کەتبووم، بەڵام دڵم لای خەڵکی چەمچەماڵ، تەکیە، پیرەمەگروون، گەرمیان، تەقتەق و کەرکووک بوو، لەژێر بەتانییەوە بڕیارمدا تەلەفۆن بۆ هەندێ لە دۆستانم بکەم، ئەوانیش گوتیان دەستپێبکە و لەگەڵتین."
رەنج گوتی: "5 پەیوەندیم کرد، هەر پێنجیان بەدەممەوە هاتن و منیش بڕیاری خۆمم دا."
بەشێک لەو کۆمپانیا و هاونیشتمانییانەی کە بەخشییان
محەممەد زەیتۆ، خاوەنی کۆمپانیای زەیتۆ، 5 ملیۆن دینار
سۆران سابیر، یەک ترێلە چیمەنتۆ
رێباز حەسەن، خاوەنی کۆمپانیای فۆڕ سکووڵ 2 ملیۆن دینار و هەزار پارچە جلی منداڵان
شەریفی حاجی رەسوڵی سەفرە 75 ملیۆن دینار
کۆمپانیاکانی چۆمان، 150 تۆن چیمەنتۆ
رەوا حاجی جەباری چوارتا، 1500 دۆلار
هەوراز دوحێلەیی، 1.5 ملیۆن دینار
شیخ سیراجەدین نەقشبەندی، 5 ملیۆن دینار
سیراج فازڵ، 3 ملیۆن دینار
زەنوێر تاڵب-ستافی بڕیاری بەنزین 2 ملیۆن دینار
سیروان ئەحمەد، لە نەرویجەوە 3 ملیۆن دیناری بەخشی
مامۆستا گەرمیان حوسێن، نیوەی مووچەی مانگێکی بەخشی
هۆگر زاهیر، 30 تۆن چیمەنتۆ
دیلمان لە فینلاند 500 یۆرۆی بەخشی
یەک ملیۆن دۆلار بەخشی و ناوی خۆی ئاشکرا نەکرد
لە بەرنامەکەدا، هاونیشتمانییەک پەیوەندیی بە رەنج سەنگاوییە کرد و بڕی یەک ملیۆن دۆلاری بەخشی، بەبێ ئەوەی رێگە بدات رەنج ناوەکەی ئاشکرا بکات.
خێرخوازێکیش بە ناوی حاجی شڤان لە بەرنامەکەدا گوتی: "دەبێ ئێمە وەکو بازرگان ویژدانمان ئاسوودە بکەین، ئێمە بە قوربانیی ئەو شەهید و ئەنفالکراوانە بووینە بازرگان و دەبێ بە هانای ئەو خەڵکەوە بچین."
حاجی شڤان بڕی 3 ملیۆن دیناری بەخشی و داوای لە هەموو بازرگانێک کرد بەشداری بکەن، "چونکە ئەرکێکی نیشتمانییە."
حاجی شڤان خەڵکی زاخۆیە، بە رەنج سەنگاوی گوت: "بەخوا 10 جار گریاوم بۆ ئەم خەڵکە."
رەنج: رەنگە پارتی و یەکێتی ئەم خەڵکە ببینن دەست بە کۆبوونەوە بکەن.
لە بەرنامەکەدا، رەنج سەنگاوی گوتی: "ئەگەر پارتی و یەکێتی لە رێی رووداوەوە ببینن کورد چەند یەکگرتووە، رەنگە ئەوانیش دەست بە کۆبوونەوەکانیان بکەنەوە."
گوتیشی: "رۆژگارێک کورد ئاواتی ئەوەبوو فیلم کارتونێک بە کوردی هەبێ بەڵام ئێستا دەوڵەتێکمان هەیە، کەچی دوای ساڵێک نەیانتوانیوە حکومەت پێکبهێنن، ئەگەر پەرلەمان کارا نەکەنەوە، خەڵک سزایان دەدا."
رەنج سەنگاوی، لە کاتی درێژکراوەی بەرنامەکەیدا گوتی: "من ئەمشەو ئێشکگر دەبم و چاوەڕێی پەیوەندییەکانتان دەکەم، هەر خێرخوازێک بیەوێ پەیوەندی بکات من لەسەر هێڵ دەبم."
خێرخوازێک بۆ رەنج: تۆ سیمبولیت و وەسف ناکرێیت
خێرخوازێک بەناوی جاسم دووزی پەیوەندی کرد و گوتی:" داوا لە هەموو هاوپیشەکانم دەکەم ببەخشن، دڵنیام بەخشین خوای گەورە 10 هێندە پێت دەبەخشێتەوە."
گوتیشی: "بەم سەرمایەی ئێستا نەوت و کارەبات نەبێ، بزانە دەتوانی 5 دەقە راوەستی؟ داوا لە هەمووان دەکەم و دەستیان ماچ دەکەم دەست نەگێڕنەوە."
جاسم دووزی بڕی 10 ملیۆن دیناری بەخشی و بە رەنج سەنگاوی گوت: "تۆ سیمبولیت و وەسف ناکرێیت."
عەبدولکەریم حاجی تۆفیق پێنجوێنی، یەکێکی دیکەبوو لە بەشداربووانی هەڵمەتەکە و گوتی: "ئەوەی پارە و دەسەڵاتی هەبێ قازانج چەند چێژی هەیە، بەخشین سەد هێندە خۆشترە.
عەبدولکەریم حاجی تۆفیق بڕی 3 ملیۆن دیناری بەخشی و گوتی "ئەوەی وابزانێت پارە بە بەخشین کەم دەکات، زۆر هەڵەیە. دڵنیابە خوا لەوە زیاتر دەخاتەوە جێی بەخشینەکەت."
هاونیشتمانییەکی دیکە بە ناوی رەنو ئاری، کە نوێنەرایەتیی خوێندکارانی سلێمانی دەکرد، پەیوەندیی بە رەنج سەنگاوییەوە کرد و گوتی: "حەزمانکرد لە بەرنامەی رەنجەوە وەکو هاوخەمییەک چالاکییەکمان بوەستێنین و پارەکەی کە 2.5 ملیۆن دینارە بیبەخشین بە خەڵکی زیانبەرکەوتوو."
وەزیری خوێندنی باڵا: هەمیشە لە تەنگانەدا رووداو و رەنج لە سەنگەری پێشەوە بوون
دکتۆر ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵا، مووچەی مانگێکی بەخشی و بە تەلەفۆن بە رەنجی گوت: "هەمیشە لە تەنگانەدا رووداو و رەنج لە سەنگەری پێشەوە بوون بۆ کەمکردنەوەی خەم و ئازاری خەڵک، هیوادارم نموونەتان زۆر بێت."
لەبارەی بەخشینەکەیەوە گوتی: "ئەو بەخشینەی من رەمزییە و شایانی باس نییە، جێگەی شانازی و دڵخۆشییە کە وڵاتەکەمان پڕە لە ژن و پیاوی میهرەبان و ئەمە دەیسەلمێنێت کە میللەتێکی زیندووین و بەیەکەوە شان دەدەینە بەر خەم و ئازارەکان."
دکتۆر ئارام گوتیشی: "من وەکو مرۆڤێکی ئەم وڵاتە، سوپاسی یەک بە یەکی ئەم خەڵکە دەکەم، ئەمە بووەتە کەرنەڤاڵێکی نەتەوەیی و خەریکە ئازارەکانمان بیردەچێتەوە."
"دڵنیام خوشک و برایانمان لە پارچەکانی دیکەی کوردستان ئەگەر دەرفەتیان هەبووایە بەشدار دەبوون، رەوەندی کوردی زۆر شەرەفمەندانە هاتوونەتە مەیدان و پەیوەندی دەکەن و دەڵێن چۆن ببەخشین."
وەزیری خوێندنی باڵا بەڵێنیدا سەردانی چەمچەماڵ بکات و گوتی: "بە دەستی بەتاڵ ناچم، بە دڵنیاییەوە 200-300 ملیۆن دیناری دیکە دەبەم و ئینشائەڵڵا چەمچەماڵ جوانتر دروست دەکەینەوە."
محەممەد ئەسعەد، پەیوەندی بە رەنجەوە کرد و گوتی: "ئیشێکی پیرۆز و سەرکەوتووانە، بەڕاستی ئەرکێکی پیرۆزە، ئێمەش وەکو هاونیشتمانییەک هەست بە بەرپرسیارێتی دەکەین و پێمان خۆشە بەشداربین."
هاونیشتمانییەکە کە دانیشتووی کەرکووکە گوتی: "چوار رۆژە ئەوەندەی دڵم لە چەمچەماڵە لە کەرکووک نەبووە، لە هەر شوێنێکی کوردستان ئازارێک هەبێت، هەموومان هەست بە ئازار دەکەین."
محەممەد ئەسعەد، بڕی 1.5 ملیۆن دیناری بەخشی و گوتی: "هەر ئەوەندە توانام هەیە."
رەوەند حەسەن قەڵادزەییش بڕی 5 ملیۆن دیناری بەخشی و گوتی: "ئەرکی سەرشانمانە.. سەیری شوێنەکانم کرد کە بەخشییان، گوتم با قەڵادزێشی تێدابێت، لە رادیۆی رووداوەوە گوێبیست بووم و گوتم با ئێمەش بەشداربین."
سەرۆکی رێکخراوی جەستەبەخشانی کوردستان: ئەو پارەیەی بۆ کارێکم پاشەکەوتکرد دەیبەخشم
فەرهاد قادر، سەرۆکی رێکخراوی جەستەبەخشانی کوردستان، پەیوەندی بە رەنج سەنگاوییەوە کرد و گوتی: "من فەرمانبەرێکی ئاساییم، دەتوانم بڕی 250 هەزار دینار ببەخشم کە پاشەکەوتم کردبوو بۆ کارێک، بەڵام ئەمە پێویستترە، هەروەها کتێبخانەکەم دەبەخشم بە کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ کە کتێبی زۆر ناوازەی تێدایە و ژمارەیان لە 100 زیاترە."
گوتیشی: "خۆزگە خوای گەورە ئەوەندەی بدایە نیوە ببەخشم، ئەوەشی کە بەخشیومە نیوەی بووە."
500 هەزاری بەخشی و بەڵێنی نۆژەنکردنەوەی قوتانخانەیەکی پێدرا
شێخ هاوکار، مامۆستایە لە سنووری سلێمانی، لە قوتابخانەیەک دەوام دەکات کە کابینەیە، داوای کرد بۆیان نۆژەن بکرێتەوە چونکە سەدان منداڵ لەوێ دەخوێنن.
لە بەرنامەکەدا رەنج سەنگاوی داوای لە فارووقی مەلا مستەفا کرد قوتابخانەکەیان بۆ نۆژەن بکاتەوە و گوتی: "دڵنیام و لێی رادەبینم بۆتان دەکات."
ئەو مامۆستایە مووچەی مانگێکی بەخشی کە 500 هەزار دینارە.
هاونیشتمانییەک بۆ رەنج: رەنجی شەهیدانم بیر نەچووە
ئەحمەد جەلال لە پیرەمەگروونەوە پەیوەندی کرد و بە رەنجی گوت: "هەموو کات هەڵوێستی جوانت نواندووە، شانازیت پێوە دەکەین و نموونەت زۆربێ، کوردستان شەش کەسی وەکو تۆی تێدابووایە بەس بوو، رەنجی شەهیدانم بیر ماوە."
ئەو هاونیشتمانییە، بڕی 500 هەزار دیناری بەخشی و گوتیشی: "پێویستە حکومەت کارگەکانی سنووری چەمچەماڵ ناچار بکات بەشداری بکەن، چونکە خەڵکی بیانییان هێناوە و سوودیان لە ناوچەکە کردووە و هیچیان بۆ خەڵکەکە نەکردووە." بەڵام رەنج سەنگاوی گوتی: خێر بە ناچاری ناکرێت.
گەنجێک لە زاخۆوە: مووچەی مانگێکم دەبەخشم و ناوم مەهێنن
گەنجێکی زاخۆیی نەیویست ناوی بهێنرێت، پەیوەندیی بە رەنج سەنگاوییەوە کرد و بەم ئایەتە دەستی بە قسەکانی کرد "مَا أَصَابَ مِن مُّصِيبَةٍ فِي الْأَرْضِ وَلَا فِي أَنفُسِكُمْ إِلَّا فِي كِتَابٍ مِّن قَبْلِ أَن نَّبْرَأَهَا ۚ إِنَّ ذَٰلِكَ عَلَى اللَّهِ يَسِيرٌ."
گەنجەکە گوتی: "من وەکو گەنجێکی زاخۆ، مووچەکەم کە 1 ملیۆن دینارە دەیبەخشم، هەروەها چاڵێنجی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەم بە دڵێکی فراوانتر مووچەی مانگێکی ببەخشێت."
کچێک: 500 دۆلار دەبەخشم با چەمچەماڵییەکان نزا بۆ باوکم بکەن
ماریا مەریوان، پەیوەندی بە رەنج سەنگاوییە کرد و گوتی: من 500 دۆلار دەبەخشم، بە بڕێکی کەم بەشدارم، چونکە باوکم نەخۆشە و هیوادارم خەڵکی چەمچەماڵ نزا بۆ باوکم بکەن.
ماریا گوتی: "شانازییە ئەمشەو خەڵکی کوردستان بتوانن ئاوا پاڵپشتیی یەکدی بکەن."
عالیا تۆفیق، ئەندازیاری خانەنشینە و بڕیاریدا 2 ملیۆن دینار ببەخشێت، ئەو سەرەتا بەم ئایەتە دەستی بە قسەکانی کرد و گوتی: خوای گەورە دەفەرمووێت: " وَعَسَى أَنْ تَكْرَهُوا شَيْئًا وَهُوَ خَيْرٌ لَكُمْ وَعَسَى أَنْ تُحِبُّوا شَيْئًا وَهُوَ شَرٌّ لَكُمْ وَاللَّهُ يَعْلَمُ وَأَنْتُمْ لَا تَعْلَمُونَ."
"من ئەندازیاری خانەنشینم، بە مووچەکەم کە 2 ملیۆن دینارە بەشدار دەبم، وەکو ئەندازیاریش ئەوەی پێم بکرێ لە ئاوەدانکردنەوەی چەمچەماڵ بەشدار دەبم."
"رۆژی هیمەتە"
حاجی ساڵح رواندزی، خاوەنی کۆمپانیای چای هەردی، بڕی 30 ملیۆن دیناری بەخشی و گوتی: "ئەمڕۆ رۆژی هیمەتە، ئێمە هەرچەند جیاوازبین چارەنووسمان هەر یەکە."
گوتیشی: "ئێمە ساڵی 1974 لە زێوە لەژێر خێمەدا بووین، کە خانووی جەمەلۆنیان پێداین وامان دەزانی هەموو دنیا هی ئێمەیە."
عەزیمە نەجمەدین، پەرلەمانتاری پێشووی کوردستان لە چەمچەماڵەوە، قسەی لەگەڵ رەنج سەنگاوی کرد و گوتی: "دەستەکانت خۆشبێ بۆ ئەم بەرنامە گەورەیە و ئەم هاوسۆزییە، هەست دەکەم جارێکی دیکە کورد بە هاوسۆزی کۆبوونەتەوە."
عەزیمە نەجمەدین گوتی: "هەرچەندە خۆم لە چەمچەماڵم و هاوکاری زۆر کەسم کردووە، بەڵام پێمخوشبوو لە بەرنامەکەی ئێوەش بە 2 ملیۆن دینار بەشداربم."
هاونیشتمانییەکی ئێزدی: ئەم کارەساتە بەسەر ئێزدییەکانیشدا هاتووە
هاونیشتمانییەکی کوردی ئێزدی پەیوەندی کرد و گوتی: "ئەو کارەساتە بەسەر هەموو کوردستان و ئێزدییەکاندا هاتووە، وەکو هاونیشتمانییەک دەمەوێ بەشداربم، بەڕاستی جێی خەم و داخە، من 1.5 ملیۆن دەبەخشمە چەمچەماڵ."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ