لە لیبیا 42 کۆچبەری کورد دەستگیر دەکرێن؛ زۆربەیان خەڵکی ئیدارەی راپەڕینن

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئەبوبەکر ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ماوەی شەش رۆژە 42 گەنجی کۆچبەری خەڵکی هەرێمی کوردستان، کە زۆربەیان دانیشتووی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینن، لە کەناراوەکانی لیبیا لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی ئەو وڵاتەوە دەستگیر کراون و تاوەکو ئێستا چارەنووسیان نادیارە.
 
محەممەد ئەحمەد، باوکی یەکێک لە گەنجە دەستگیرکراوەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کوڕەکەی تەمەنی 18 ساڵە و نزیکەی سێ مانگە بە مەبەستی گەیشتن بە ئەورووپا، دەڤەری راپەڕینی جێهێشتووە.
 
بە گوتەی باوکی ئەو گەنجە، کوڕەکەی بەهۆی خراپیی دۆخی کەشوهەواوە ماوەیەکە لە لیبیا ماوەتەوە، بەڵام رۆژی 9ی کانوونی یەکەمی 2025، کاتێک لەگەڵ 41 گەنجی دیکە لە تەرابلوسەوە ویستوویانە بە رێگەی دەریایی بەرەو ئەورووپا کۆچ بکەن، پێش ئەوەی بگەنە نێو بەلەمەکە، لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە دەستگیر کراون.
 
سەبارەت بە دۆخی تەندروستی و شوێنی مانەوەیان، محەممەد ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، لە رۆژی دەستگیرکردنیانەوە تەنیا یەک جار پەیوەندییان بە کوڕەکەیانەوە کردووە، ئەویش بۆ کەمتر لە خولەکێک رێگەی پێدراوە قسە بکات. ئەو دەڵێت، "کوڕەکەم پێی گوتین: بارودۆخیان لە زیندان زۆر خراپە و داوای بەهاناوەچوون دەکەن."
 
ماوەی زیاتر لە ساڵێکە رێگەی کۆچی نایاسایی لە رێگەی وڵاتانی تونس و لیبیاوە بۆ ئەورووپا لەلایەن گەنجانی هەرێمی کوردستانەوە دەگیرێتەبەر، ئەمەش سەرەڕای مەترسییە زۆرەکانی ئەو رێگایە.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەورووپا، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو مانگی کانوونی یەکەمی 2025، زیاتر لە 6500 هاونیشتمانیی هەرێمی کوردستان کۆچیان بۆ دەرەوەی وڵات کردووە، کە نزیکەی 1500 کەسیان خەڵکی ئیدارەی راپەڕین بوون.
 
هەر بەپێی ئامارەکانی ئەو کۆمەڵەیە، ئەم ساڵ زیاتر لە 350 کۆچبەری کورد لە وڵاتانی تونس و لیبیا دەستگیر کراون و بە هەوڵی باڵیۆزخانەی عێراق و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئازاد کراون و گەڕێندراونەتەوە زێدی خۆیان، کە نزیکەی 200 کەسیان خەڵکی ئیدارەی راپەڕین بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دابەشکردنی نەوتی ماڵان لە ساڵانی رابردوودا. وێنە: ئەرشیڤ

نرخی بەرمیلێک نەوتی ماڵان 20 هەزار دینار دابەزی

بەراورد بە سێشەممەی رابردوو، هەر بەرمیلێک نەوتی سپی 20 هەزار دینار دابەزی. گوتەبێژی گۆڕەپانی سووتەمەنی فرۆشان لە هەولێر دەڵێ، دابەشکردنی نەوت و دابەشنەکردنی مووچە هۆکاری سەرەکین