هەڵمەتی زاگرۆسانە لە مەریوان بۆ رواندنی دار و چاندنی دەنکە بەڕوو بەڕێوەچوو

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
ژیلا ئەسعەد
ژیلا ئەسعەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ژینگەدۆست، وەرزشڤان، هونەرمەندان و چین و توێژەکانی دیکەی سنووری مەریوان لە (هەڵمەتی زاگرۆسانە)ی ئەم ساڵدا بۆ رواندنی دار و چاندنی دەنکە بەڕوو، چوونە چیاکانی کاڵ و سنووری دەگا شێخان بۆ جوانترکردن و سەوزترکردنی سرووشت.
 
هێمن نیک رەوێش، هاونیشتمانی مەریوان دەڵێت، "هاتووم بە دەنگ ئەم بانگەوازەوە، لەبەر ئەوەی کاولکاری لە وڵاتەکەمان زۆر بووە و زۆر پێم ناخۆشە، چونکە ئەم ژینگەیە بۆ ئێمە نییە، بەڵکو بۆ داهاتووە و دەبێت ئێمە بەکاریبهێنین و بیپارێزین بۆ نەوەکانمان."
 
لە هەڵمەتی ئەم ساڵی زاگرۆسانەدا، ژن و منداڵ، گەنج و بەتەمەن لەسەر بانگهێشتی (رێکخراوی چیای سەوزی مەریوان) خۆبەخشانە بەشدارن.
 
شنۆ بەکریان، هاونیشتمانی گوتی، "ئامێنمی پەی زاگرۆسانەی. تەمام جەنگەڵ جە بەینەنە لوان. بە هەمکاری خەڵکی، بەلوویی منیەیمی. بەشكم ئیشەڵڵا جوبرانش کەرمیوە."
 
فەرهاد محەممەدی باسی لەوە کرد، "ئێمە بە خێزانی هاتووین و بە ئەرکی دەزانم، چونکە ئەگەر رێگری نەکەین لەم کاولکارییە، دوای چەند ساڵی دیکە دەبینین دار و دەوەن نامێنێت."
 
ساڵانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان سەتان هێکتار دارستان و لەوەڕگە بە هۆکاری جیاواز لەنێودەچن، هەر ئەوەش بووەتە هۆی زۆربوونی چالاکیی خۆبەخشانەی ژینگەدۆستان و پارێزەرانی سرووشت.
 
ئەندامێکی ئەنجوومەنی سەوزی چیا ئاماژەی بەوە کرد، "هەڵساوین بەپێی نەریتی ئەنجوومەنی سەوزی چیا و ئەو رێگە و رێبازە ژینگەپارێزییە کە گرتوومانەتەبەر، هاتووینەتە ئەم شوێنە کە بە راستی مرۆڤ گریانی دێت کە دەبینێت ئەم هەموو سرووشتە لەنێوبراوە، دەستخۆشی لە خەڵک دەکەم کە بەشداربوون و کارێکی جوانیان بەڕێوەبرد."
 
چالاکیی زاگرۆسانە لە ساڵی 2018وە لە هەموو ناوچەکانی زاگرۆس دەستیپێکردووە، ساڵانە لەم کاتانەدا لە هەموو پارێزگاکانی نزیک چیای زاگرۆس دەست بە چاندنی ژمارەیەک داری جیاواز دەکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە