رووداو دیجیتاڵ
دوای پارێزگای هەڵەبجە، وەزارەتی بازرگانیی عێراق خزمەتگوزاریی زیادکردنی ناوی منداڵانی خوار تەمەن 12 ساڵی بۆ سەر فۆرمی ئەلیکترۆنیی خۆراک لە دهۆک کارا کرد.
محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 15-01-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ خزمەتگوزاریی زیادکردنی منداڵانی خوار تەمەن 12 ساڵ بۆ سەر فۆرمی ئەلیکترۆنیی خۆراک لە پارێزگای دهۆک کارا کراوە.
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی ئاماژەی بەوەش کرد، کاراکردنی ئەو خزمەتگوزارییە لە چوارچێوەی هەوڵەکانیانە بۆ نوێکردنەوەی میکانیزمەکانی کارکردن و بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان، ئەوەش بە مەبەستی ئاسانکاری لە رێکارەکان، کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر شانی هاووڵاتییان و گەیشتنی بەشەخۆراک بەشێوەیەکی رێکوپێک.
دوێنێ چوارشەممە 14-01-2026، هەمان خزمەتگوزاری لە پارێزگای هەڵەبجە کارا کرا. وەزارەتی بازرگانی جەخت لەوە دەکاتەوە، بەردەوام دەبن لە گشتگیرکردنی سیستەمەکە بۆ تەواوی لقەکانی دیکەی فۆرمی خۆراک لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق.
فۆرمی پێشووی خۆراک مێژووەکەی بۆ ساڵی 1996 دەگەڕایەوە. حکومەتی عێراق یەکەمجار لە 2ـی حوزەیرانی 2025 پڕکردنەوەی فۆرمی ئەلیکترۆنیی خۆراکی دەستپێکرد.
پێش گۆڕینی سیستەمەکە بۆ ئەلیکترۆنی، پێنج ملیۆن و 386 هەزار و 51 هاونیشتمانی لە هەرێمی کوردستان بەشەخۆراکی مانگانەیان وەردەگرت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ