رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە رایگەیاند: بە "رەهایی" بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر هەر وڵاتێک، بەتایبەت کۆماری ئیسلامیی ئێران رەتدەکاتەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 15ی کانوونی دووەمی 2026، ئەو هاوپەیمانێتییەی کە لە 13 لایەنی شیعەی عێراق پێکهاتووە، لە راگەیێنراوێکدا ئەو هەڵوێستەی دەربڕی.
هاوپەیمانێتییەکە دەڵێت: "ناوچەکە بەرگەی ململانێی سەربازیی نوێ ناگرێت، بەتایبەت لە سایەی ئاڵنگارییە ئابوورییەکانی ئێستا و دابەزینی نرخی نەوت".
ئەو هاوپەیمانێتییە شیعەیە زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی عێراقی بەدەستەوەیە، هۆشدارییەکەیان دوای بڵاوبوونەوەى دەنگۆی ئەگەری هێرشکردنە سەر ئێران بوو لەلایەن ئەمریکاوە بەهۆی پرسی خۆپێشاندانەکان لەو وڵاتەدا.
هەر ئەمڕۆ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ بەدر بوسەعیدی، هاوتا عومانییەکەی ئەنجامدا و باسیان لە بارودۆخی ناوچەکە کرد.
لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، فوئاد حوسێن نووسیویەتی: "جەختمان لە گرنگیی پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە کردەوە، هەروەها باسمان لە سەردانەکانی ئەمدواییەى بۆ ئێران و پێشهاتەکانی بارودۆخی ناوخۆیی ئەو وڵاتە و هەڕەشەکانی سەر ئەو وڵاتە کردووە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ