رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، "ئێمە دژی هەر دەستوەردانێکی سەربازیین بۆ سەر ئێران، پێویستە ئێران کێشە بنەڕەتییە ناوخۆییەکانی خۆی چارەسەر بکات."
هاکان فیدان، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ نوێنەرانی میدیا نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان لە ئیستەنبووڵ، باسی لەوە کرد کە ئەم بابەتە رەهەندێکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی هەیە، چونکە بەهۆی هەندێک سیاسەتەوە کە پەیڕەوی دەکات، ئێران "رووبەڕووی سزاکان بووەتەوە."
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، بە هاوتا ئێرانییەکانیان راگەیاندووە کە پێویستە کێشەکانیان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە چارەسەر بکەن و گوتی، "پێویستە لە بابەتی ئەتۆمیشدا لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەڵەتیی کێشەکانیان بەبێ لەدەستدانی هیچ دەرفەتێک لە رێگەی دیپلۆماسییەوە چارەسەر بکەن. ئەگەر ئەمە نەکرێت کێشە بنەڕەتییەکان دەمێنن و دەبنە هۆی سەختیی و دژواریی دۆخی ئابووری."
فیدان جەختی لەوە کردەوە، کاتێک وڵاتێک لەژێر گۆشەگیریی نێودەوڵەتیدا بێت، پێشکێشکردنی هەندێک خزمەتگوزاریی ئابووری سنووردار دەبێت و گوتی: "ئێران دانیشتووانێکی زۆری هەیە، گەلێکی چوست و چالاکیی هەیە. گەلێکە ئارەزووی ژیان و بەشداریکردن لە ژیاندا لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە، گەلێکی پێشکەوتوون. کاتێک ئەم گەلە لە هەندێک بابەت بێبەش دەکەیت، کێشەی لەم جۆرە سەرهەڵدەدات. لێرەدا شتێک تێکەڵ دەکرێت، ئەویش ئەوەیە ئەو کێشە و قەیرانە ئابوورییانە لەگەڵ هەندێک بابەتی دیکە کە خەڵک رووبەڕووی دەبنەوە، وەک سەرپێچییەکی ئایدیۆلۆژی دژی رژێم دەردەکەوێت."
دەشڵێت: "کاتێک لە نزیکەوە سەیری دەکەیت، دۆخێک نییە ئارەزووی هەندێک لە وڵاتانی دەرەوە کە دژی ئێرانن بجووڵێنێت. ئەو قەیرانە ئابوورییانەی کە سیاسەتەکان دروستیان کردووە و چارەسەرنەکردنیان، کێشە دروست دەکات. ئێمە نامانەوێت لێرەدا دەستوەردانێک هەبێت، بەڵام کاتێک سەیری سیاسەتەکانی (دۆناڵد) ترەمپ دەکەین، تاوەکو ئێستا نەمانبینیوە زۆر حەزی لە بەکارهێنانی هێزی زەمینی بێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ