حکومەتی هەرێمی کوردستان: سبەی دەوام ئاساییە

15-03-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

هەرچەندە حکومەتی عێراق سبەی 16ـی ئادار، ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەی کردوەتە پشوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پشووەکەی عێراق هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا کە ئەمڕۆ شەممە بڵاوکراوەتەوە، هاتووە: "حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆنە، یاد و رۆژانی پشووە فەرمییەكانی لە ساڵنامەی فەرمیی حكومەتدا دیاری كردووە. لە ئێستادا بۆنە و یاد و پشووەكان وەك خۆیان دەمێننەوە، هیچ گۆڕانكارییەكیش لەو ساڵنامەیەدا ناكرێت تاوەکو پەرلەمانی كوردستان بەپێی دەسەڵاتەکانی خۆی پێداچوونەوەی بۆ دەكات و بڕیاری نوێی بۆ دەردەكات".
 
ئەوە لەکاتێکدایە، بەگوێرەی یاسای پشووە فەرمییەکانی عێراق، ئەم ساڵ لە 16ـی ئادار لە ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا پشووی فەرمی دەبێت.
 
بەگوێرەی یاسا پشووە فەرمییەکانی عێراق، کە نێوەڕاستی ساڵی رابردوو لە پەرلەمانی عێراق پەسندکرا، 16ـی ئادار، "یادی تاوانەکانی بەعس دژی خەڵکی عێراق لە هەڵەبجە و ئەنفال، گۆڕە بە کۆمەڵەکان، راپەڕینی شەعبانییە، کوشتنی زانایان و پارتەکان" لە تەواوی عێراق پشووی فەرمی دەبێت.
  
16ـی ئاداری 1988، دەسەڵاتی بەعس هەڵەبجەی کیمیاباران کرد، لە ئەنجامی ئەو تاوانەدا نزیکەی 5 هەزار کەس شەهیدبوون و نزیکەی 10 هەزاریش بریندار بوون. 
 
هەڵەبجە، چوارەم پارێزگای هەرێمی کوردستانە. بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ رێکارە یاسایی و کارگێڕییەکانی بە پارێزگابوونی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە تەواو نەکراون.
 
ژمارەی دانیشتووانی هەڵەبجە نزیکەی 120 هەزار کەسە. پارێزگاکە لە دوو قەزا و سێ ناحیە پێکهاتووە؛ قەزای ناوەندی هەڵەبجە و قەزای خورماڵ، ناحیەکانی بیارە، بەمۆ و سیروان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرپرسان دەڵێن، "بوومەلەرزەکان هیچ زیانێکی گیانی نەبووە".

بوومەلەرزە چەند پارێزگایەکی باکووری کوردستانی هەژاند

سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا (ئافاد) بڵاویکردەوە لە پارێزگای خارپێت بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.9 پلەی رێختەر و پارێزگای دیلۆک بە گوڕی 4.6 پلەی رێختەر روویاندا.