باوکێکی کورد 3 ساڵە کوڕەکەی لە ئەڵمانیا بێسەروشوێنە: دڵمان خۆش بکەن، خوا دڵتان خۆش بکات

15-03-2025
رووداو @Rudawkurdish
وێنەی باوک و کوڕەکە
وێنەی باوک و کوڕەکە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆژانە یەکێک لەو پەیامانەی بۆ هێڵی گەرمی دیاسپۆرا هاتبوو، لە باوکێکی پەرۆش و نیگەرانی کوردەوە بوو لە شاری تارانی پایتەختی ئێران، کە سێ ساڵە کوڕەکەی لە دیاسپۆرا بێسەروشوێنە.
 
باوکی هادی رەهبەر، کە 3 ساڵە لە دیاسپۆرا دیارنەماوە و کەسوکاری سۆراخی تەواوەتیی نازانن، داوایەک لە کوردی دانیشتووی ئەڵمانیا و بەتایبەتیش ئەوانەی شاری لایپزیگ دەکات، یارمەتیی بدەن بۆ دۆزینەوەی کوڕەکەی.
 
رەهبەر لە تارانەوە بە تەلەفۆن بەشداریی لە بەرنامەی دیاسپۆرا کرد و رایگەیاند، "کوڕەکەم لە ساڵی 2014وە لە ئەڵمانیایە، سێ ساڵە هیچ خەبەرێکم لێی نییە، برادەرەکانی دەڵێن لە ئەڵمانیا تووشی نەخۆشیی بیرچوونەوە بووە و کەس ناناسێت، ئەوە سێ ساڵە هیچ پەیوەندییەکی بە منەوە نەکردووە، منیش لێرە کاروبارم باش نییە تاوەکو بتوانم بچم بەدوایدا، ئیدی لە ئێوە داوای یارمەتیم کردووە، ئەگەر دەبێت سێ ساڵە چاوەڕوانی ئەو کوڕەم، دڵمان خۆش بکەن، خوا دڵتان خۆش بکات."
 
بەشێک لە گفتوگۆی باوکی هادی لە بەرنامەی دیاسپۆرا:
 
رووداو: کاک حەسەن لە کوێ بوو، کوڕەکەت دوایین جار لە کوێ بوو، چی لەسەر دەزانیت؟
 
باوکی هادی: وەڵڵا لە ئەڵمانیا لە شاری لایپزیگ، برادەرێکی سێ مانگ لەمەوبەر لە شاری لایپزیگی ئەڵمانیا گوتی، شوێنێک هەیە وەکو نەخۆشخانە یان وەکو ئەوە، رایانگرتووە لەوێ؛ کەس ناناسێت، بە دەرزی و دەرمان دەبێت رایبگرن، من چەند کەسم تاوەکو ئێستا ناردووە بەدوایدا، هیچیان بۆم نەکردووە، گوتوویانە یان دەبێت باوکی بێت، یان کەسێکی نزیکی بێت یان وەکیل بێت کەفالەتی بێت، منیش لەبەر ئەو خەمە، لەبەر ئەوەی ئیشی تاکسی دەکەم، ناتوانم، هێندەی ئەوەم نییە بچم بەدوای، داوای یارمەتی و کۆمەکم لە رووداوی خۆشەویستەوە دەستپێکرد.
 
رووداو: بەڵێ، ئەوانەی کە لە لایپزیگن، دیاسپۆرانشینانی لایپزیگ، ئەگەر ئەو وێنەیەی کە دەیبینن لەسەر شاشە، ئەم باوکە لە تارانەوە، وەکو گوتم، پەیوەندیی پێوە کردین و سۆراخی کوڕەکەی دەکات و دەیەوێت چارەنووسی بزانێت.
 
باوکی هادی: ئەوەی کە دەیزانێت، زانیاریی 100% نییە، دەگوترێت لەوێ لە نەخۆشخانەیەک بێت، بەڵام هیچی نازانین، وەکو دەڵێن زانیاریی پشتڕاستکراوە نین.
 
رووداو: کاک حەسەن، دوایین جار کە پەیوەندیت پێوە کرد، کەی بوو؟ هەستت پێکرد تەندروستیی باش نەبێت؟
 
باوکی هادی: وەڵڵا دوایین جار کە پەیوەندیم پێوە کرد، سێ ساڵ لەمەوبەر بوو، دواتر گوتیان باش نییە و مێشکی باش کار ناکات، کەس ناناسێتەوە و تووشی لەبیرچوونەوە بووە.
 
رووداو: بەڵێ، بەڵێ، وەکو دیسانیش دەڵێمەوە، کوردی لایپزیگ ئەگەر دەنگی ئەم باوکە دەبیستن، هانای بۆ ئێمە هێناوە بۆ دیاسپۆرا، هێڵی گەرمی دیاسپۆرا. هەر سۆراخێکی لەسەر دەزانن، پەیوەندی بە هێڵی گەرمی دیاسپۆراوە بکەن، ئێمە هەوڵ دەدەین لێرە وابکەین پەیوەندی دروست ببێتەوە لەگەڵ باوکی و لەگەڵ کەسوکاری لە تاران، زۆر سوپاس کاک حەسەن، هیوادارین بتوانین لە بەرنامەکانی داهاتوودا، لە رۆژان و کاژێرەکانی داهاتووشدا، ئەگەر هەرچی زوو هەواڵێکمان بیست پێت رابگەیێنین لە رێگەی هێڵی گەرمی دیاسپۆراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرپرسان دەڵێن، "بوومەلەرزەکان هیچ زیانێکی گیانی نەبووە".

بوومەلەرزە چەند پارێزگایەکی باکووری کوردستانی هەژاند

سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا (ئافاد) بڵاویکردەوە لە پارێزگای خارپێت بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.9 پلەی رێختەر و پارێزگای دیلۆک بە گوڕی 4.6 پلەی رێختەر روویاندا.