رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "داوا لە حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم پێکەوە کۆببنەوە بۆ ئەوەی چارەسەری کێشە و گرفتەکان بکەن و بگەنە رێکەوتن و رێگەش لەو خەڵکە هەلپەرستە بگیرێت کە بەنیازن قەیران و کێشەکان قووڵتر بکەنەوە".
سەرۆک مەسعود بارزانی ئەمڕۆ دووشەممە، 16-3-2026 پەیامەکەی بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەیدا هەروەها هاتووە، "لەم کاتەدا کە شەڕ و ئاڵۆزییەکی زۆر لە ناوچەکەماندا هەیە، عێراق لەژێر هەڕەشەی قەیرانی جۆراوجۆر دایە و جیاوازی لە بۆچوونی سیاسیی لایەنەکانیش پەرەی سەندووە".
هۆکاری پەیامەکەی سەرۆک بارزانی
بەهۆى جەنگى ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، لە 28ى شوباتەوە هەناردەى نەوتى عێراق لەرێگەى کەنداو راگیراوە.
رۆژی یەکشەممە، 15ی ئاداری 2026، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "داوامان لە برایانمان لە هەرێمی کوردستان کردووە رەزامەندی بدەن لەسەر هەناردەکردنی نەوتی خاو لە رێگەی ئەو بۆرییەی کە بە بۆریی نەوتی عێراق - تورکیا دەبەسترێتەوە. بڕی پێشنیازکراویش بۆ هەناردەکردن لە نێوان 250 بۆ 300 هەزار بەرمیل نەوتە لە رۆژێکدا".
حکومەتی هەرێمی کوردستان چی دەڵیت؟
عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە بەرامبەر ئەو داوایەی بەغدا، تەنیا یەک داواکارییان هەیە ئەویش لادانی ئەو "گەمارۆ بازرگانییەیە" کە خراوەتە سەر هەرێمی کوردستان، دەشڵێت: "مەسرور بارزانی نەخشەڕێگەیەکی بۆ چارەسەری کێشەی گومرگ بۆ سوودانی ناردووە".
بەگوێرەی جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە نەخشەڕێگەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، "جێبەجێکردنی سیستمی 'ئەسیکۆدا'ی تایبەت بە هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ هاوبەشکردنی زانیارییەکان بە شێوەی 'راستەوخۆ' لەگەڵ بەغدا".
عەزیز ئەحمەد دەڵێت، بەهۆی سەپاندنی سیستمی ئەسیکۆداوە، "بازرگانیی فەرمی بۆ نێو هەرێمی کوردستان لەناوچووە و گواستنەوەی بانکی بۆ هاوردەکردن گەیشتووەتە سفر، ئەمەش وایکردووە بازرگانیی نایاسایی زیاد بکات و هاوردەکاران ناچار بن دۆلار بە رێژەی 15% گرانتر لە بازاڕە نێوخۆییەکان بکڕن، کە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک بۆ هەموو عێراقییەکان".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ